لە قاهیرە چالاکیی فرەلایەنە بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت

کۆمەڵەی نیشتیمانی لە میسر هەوڵدەدات ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا شوێن و مافی خۆیان هەبێت، هەوڵی بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەدەن.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە - لە قاهیرە، لەبەر هۆکاری جیاواز لەکۆمەڵگەدا، ژنان ناتوانن بەشداری لە کایەی سیاسیدا بکەن، یان زۆر کەم ژن هەوڵی بەشداریکردن لە کایەی سیاسی و گشتی دەدەن، حەبیبە مازن، ئەندامی کۆمەڵەی نیشتیمانی بۆ داکۆکی لە ماف و ئازادیەکان سەبارەت بە پاڵپشتی ژنان لە بەشداریی سیاسی و بوونی لە کایەی گشتیدا قسەی بۆ کردین.

 

حەبیبە مازن باسی لە کارەکانی کرد و وتی: زۆر حاڵەتی پەیوەندیدار بە مافەکانمان هەیە" پێش هەموو شتێک ژن و ئەو سەختییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە هەن، هەروەها پێشێلکاری بەرامبەر ژنان کە پێشێلی مافەکانیان دەکەن و هەندێکجاریش دەیانخەنە مەترسی، ئێمە بەرنامەی زۆرمان هەیە بۆ ژنان، لەوانەش بەشداری سیاسی ژنان، بەشداریکردنیان لە کایەی گشتیدا، پاڵپشتییان لە پلانەکانی هەڵبژاردن، چونکە دەمانەوێت ژنان بەشداری ئەو پرۆسانە بکەن و سەربکەون، هەروەها کارمان لەسەریاساکانی پەیوەست بە ژنان کردووە، بە مەبەستی بەهێزکردنی بەشداریکردنیان و پاراستنیان لەڕێگەی کارەکانی هەموارکردنی یاساییەوە، هەروەها فشار بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ژنان، وەک ڕێککەوتنی مۆبۆتۆ هتد.

 

"ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە"

حەبیبە مازن سەبارەت بە بەشداری ژنان لەخەباتدا وتی: دەبێت بە پێی مەودای دیمۆگرافی جیاوازی بکەین لە نێوان ژنان، هەندێ شار هەیە کە داب و نەریتی ڕێگە نادات ژنان لە کەرتی گشتیدا کار بکەن و جموجۆڵیان بەرتەسک دەکەنەوە و ڕۆڵی خۆیان لەکۆمەڵگەدا سنووردار دەکەن، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ژنان نەتوانن بەشداری سیاسەت بکەن، هەوڵ دەدەین لەڕێگەی پەروەردە و پانێڵەوە ئاستەنگەکانی بەهۆی داب و نەریتەوە لاببەین، هەروەها کار لەسەر هۆشیاری کۆمەڵگە دەکەین بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بەشداری سیاسەت بکەن.

 

حەبیبە مازن وتیشی: هەندێک ژن هەن نازانن کە دەتوانن بەشداری سیاسەت بکەن و زۆرێک لەو ژنانە، ئەویاسایانەی سەبارەت بەم بابەتەهەن نازانن، ئێمە جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکەینەوە چونکە هۆشیاربوون بنەمایەکی گرنگە بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا.

 

''پێشێلکاری بەرامبەر ژنان"

حەبیبە مازن ئاماژەی بەوەدا، پێشێلکاریی زۆر لە دژی ژنان هەیە، بۆیە ژنان هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی دەدەن و وتی: زۆر ژن هەن گرنگی بە چەندین شتی جیاوازی نێودەوڵەتی یان ناوخۆیی دەدەن، هەوڵ دەدەین دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنی ژنان کە زیادی کردووە، لە نێویاندا کوشتنی دوو خوێندکار لە شەقام لە بەر چاوی خەڵکی سەر شەقام کۆنتڕۆڵ بکەین، دەمانەوێت هۆشیاری ژنان بەرز بکەینەوە کە گرنگە ڕێککەوتنەکان و ڕێگاکانی پشتیوانی خۆیان و پاراستنی مافەکانیان بزانن، لێکۆڵینەوەی قووڵ و بەرفراوان لەسەر ڕاستییەکان دەکەین بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و هەنگاونان بەرەو واژۆکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.

 

"دەبێت ژنان یەکبگرن"

حەبیبە مازن سەبارەت بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و دۆسیە بەردەوامەکانی پەیوەست بەڕووداوەکان ڕاگەیاند، بۆچوونێک لە دژی ژنان هەیە کە سەرچاوەی هەموو شەڕەکانن و هەوڵێکی بەردەوام هەیە بۆ تۆمەتبارکردنی ژنان و تۆمەتباران ئازاد دەکرێن، ئەمەش پێویستی بە دەستوەردان هەیە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئاگادار بکرێنەوە، باوەڕیان بە ژنان هەبێت و لەبری ئەوەی بیانترسێنن، پشتگیریان بکەن، زۆرن ئەو ژنانەی ناتوانن و گلەیی لەو پێشێلکاریانە بکەن کە بەرامبەریان دەکرێت و ناڕەزایەتی دەرببڕن، بۆ ئەوەی ئەم کولتوورە کۆمەڵایەتییە بگۆڕین، بە هەموو هێزمانەوە کار لەسەر ئەم کەیسە دەکەین، دەمانەوێت کەشێکی پاریزراو بۆ ژنان و کچان دروست بکەین تا بەبێ ترس بەشداری بکەن و مامەڵە بکەن، دوای ئەو پێشێلکاری و توندوتیژیانەی لەم دواییانەدا بەرامبەر بە ژنان کراوە، بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان، بۆ گۆڕینی ئەم کولتوورە پێویستە هەموو خەڵک یەکگرتوو بن و پشتیوانی ژنان بکرێت.

 

"لە دژی سووکایەتیکردن بوەستنەوە"

حەبیبە مازن ئاماژەی بەوەشکرد، ناساندنی ژنان بە مافەکانیان یەکێکە لەو ئامرازانەی کە دەتوانێت ئاستی هۆشیارییان بەرزبکاتەوە و ڕێگەیان پێبدات بەرامبەر بە پێشێلکارییەکان بوەستنەوە، لە کۆتاییدا وتی: بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانیش یارمەتیدەرە بۆ لێکۆڵینەوە لەڕاستییەکان، ئەمەش بۆ ئەو کەسانە ڕوون دەکاتەوە کە دەیانەوێت کار لەسەر ئەو کەیسانە بکەن و کاریگەری زیاتریان لەسەر ڕاستییەکان هەیە، لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵێکی کارای هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی و ئاستەنگەکانی دیکە، یاساکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی ژنان، هەروەها چالاککردنی شێوازی وەرگرتنی سکاڵا لە ئەنجومەنە تایبەتەکاندا، بەم شێوەیە ژنان دەتوانن پێشێلکارییەکانی بەرامبەریان دەرببڕن.