خواستی ژنانی جەزائیر بۆ گۆرانکاری رۆژ بەرۆژ لە فراوانبووندایە
چەندین کاندیدی ژنی جەزائیری ئاوات و پاڵنەرەکانیان بۆ خۆکاندیدکردن و دیدگاکانیان بۆ کاری یاسادانان ئاشکرا کردووە.
ڕابیعە خورەیس
جەزائیر-لە کاتێکدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە بڕیارە لە مانگی تەمووزی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، دەچێتە قۆناغە چارەنووسسازەکانییەوە، کاندیدبوونی سەرنجڕاکێشی ژنان، بەتایبەتی لە شارەکاندا دیارە. ئەوان هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی دیموکراتی نوێنەرایەتی و بەرگریکردن لە پرسە سەرەکییەکانی تایبەت بە ژنان و ژینگە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
ئاژانسەکەمان لە ڕێگەی چاوپێکەوتنی جیا لەگەڵ چەند کاندیدێکی ژن، چاودێری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی کۆکردنەوەی واژۆ لە هەر ناوچەیەکی هەڵبژاردندا کرد. هەروەها باسیان لە پاڵنەرەکانیان بۆ کاندیدکردن و ئاواتەکانیان و دیدگاکانیان بۆ کاری یاسادانان کرد.
لە شاری قوستەنتینە، ویداد لیشانی دەست دەکات بە دووەم هەوڵی خۆی، بۆ ئەوەی خۆی بۆ کورسییەک لە ئەنجومەنی نیشتمانی گەل ”ژووری یەکەمی پەرلەمان” لە شەقامی زیغود یوسف لە دڵی جەزائیر کاندید بکات، ئەو کاندیدە لە لیستی پارتە سیاسییەکاندا، بەهۆی باوەڕێکی پتەو بە پێویستی گۆڕانکاری و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵگە دەجووڵێتەوە.
دووپاتی دەکاتەوە، کە بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆی کاندید نەکردووە و وتی: بڕیارەکەم لە تێگەیشتنێکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت لەو پرسانەی کە بانگەشەیان بۆ دەکەم، پەیوەندییان بە جۆراوجۆری زیندوو، پاراستنی ئاژەڵان، ئیکۆسیستەم و سنووردارکردنی چالاکییە زیانبەخشەکانی مرۆڤەوە هەیە، ئەم جۆرە پرسانەی ژینگەیی ئەمڕۆ پێویستیان بە نوێنەرایەتییەکی بەهێز و کاریگەر هەیە لەناو هۆڵەکانی دەسەڵات لە جەزائیر بۆ دەستەبەرکردنی گۆڕانکاری لە ڕاستیدا بۆ ئاژەڵانی وڵاتەکە، بەتایبەتی ئەوانەی بەدەست ئەشکەنجەدان و کوشتن و پشتگوێخستنەوە دەناڵێنن.
بۆ ئەم مەبەستەش ویداد لیشانی دەستپێشخەرییەکی سیاسی بەرچاوی دەستپێکرد، بۆ ڕاکێشانی ئەو کەسانەی ئارەزووی بەرگریکردن لە ژینگە دەکەن لەناو پەرلەماندا. ئەم دەستپێشخەرییە بە ناوی "دەستپێشخەریی نوێنەرایەتی سیاسی بۆ پاراستنی ژینگە و ئاژەڵ و بێدەنگەکان"، ئامانجی گەورەکردنی دەنگی پرسە ژینگەیی و مرۆییەکانە، بەتایبەتی پاراستنی ئاژەڵ و ژینگە، کە زۆرجار نوێنەرایەتییەکی گونجاویان نییە لەناو دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا.
ئاڵەنگاری و ئاستەنگەکان
سەبارەت بە سروشتی ئەو ئاستەنگانەی کە لە کاتی پڕۆسەی کۆکردنەوەی واژۆدا ڕووبەڕووی بووەوە، ویداد لیشانی وتی: ئەو ژنانەی ئارەزووی چوونە ناو مەیدانی هەڵبژاردن دەکەن، ژینگەی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی بە لەبار نازانن، باسی ئەو ئاستەنگییە بەرچاوانە ناکەین کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لە باوەڕپێکردنی دەنگدەران بە بەهای دەنگدان، کە هەنگاوێکی چارەنووسسازە لە هەر هەڵبژاردنێکدا، پێویستە ستراتیژی تایبەت بگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەستەکان، بێزاری یان ئەو باوەڕە کە دەنگدانێک لە ڕاستیدا هیچ شتێک ناگۆڕێت.
شایەنی باسە ڕێژەی بێبەشبوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، گەیشتە نزیکەی لەسەدا ٦٩.٨١، ڕێژەی بەشداریکردنی کۆتایی تەنها لەسەدا ٣٠.١٩ بووە.
ویداد لیشانی بیری دێنێتەوە، کە ڕووبەڕووی چەندین گەنج بووەوە کە ناویان تۆمار نەکردبوو بۆ دەنگدان و ناچار بوو دەستپێشخەرییەکی دیکە دەستپێبکات بۆ ئەوەی ڕازییان بکات ناوی خۆیان تۆمار بکەن بە دروشمی ”داهاتوومان لە دەستماندایە” پرۆسەکە زیاتر ئاڵۆزتر بوو بەهۆی کێبڕکێی توندی نێوان لایەنەکان بۆ کۆکردنەوەی واژۆ، بەتایبەتی کە یاسای ئۆرگانیکی بەڕێوەبردنی سیستەمی هەڵبژاردنەکان لە جەزائیر و دڵنیاییەکانی هەڵبژاردنی نیشتمانی سەربەخۆ دەسەڵات ڕێگە بە هیچ دەنگدەرێک نادات زیاتر لە لیستێک دیاری بکات.
گەیشتن بە چەند پێویستیەک
نەبیلا وازحی وەک کاندیدێک بۆ پەرلەمانی جەزائیر لە لیستی پارتی کرێکاران کە لویزە حەنون سەرۆکایەتی دەکات، کاندیدبوونی ئەو لەسەر بنەمای پێشینەی ئەو وەک پارێزەر و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤە.
ڕوونی دەکاتەوە، ئامانجی کاندیدبوونم بەدەستهێنانی چەند پێویستیەکە، لەوانە پەرەپێدانی سیستەمی یاسادانان و باشترکردنی کوالیتی یاساکان لەڕێگەی چارەسەرکردنی کەلێنە یاساییەکان. لە پراکتیکی ڕۆژانەمەوە، بۆم دەرکەوتووە کە هەندێک دەقی یاسایی چیتر هاوسەنگ نین لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، بۆیە هەوڵدەدەم بەشداری بکەم لە داڕشتنی یاسای ورد کە ڕێگری لە لێکدانەوەکانی هەڵە بکات و دڵنیابێت لە کارکردنی هەڵە ڕێکارە کارگێڕی و دادوەرییەکان.
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی نەبیلە وازحی بریتییە لە بەرگریکردن لە مافەکان، ئازادییەکان، سەروەری یاسا و دامەزراندنی بنەمای یەکسانی، وردەکاری لەسەر ئەم ئامانجە دەکات و وتی: چالاکییەکانم وەک پارێزەرێک فێری کردم کە یاسا تاکە قەڵغانێکە بۆ هاوڵاتیان، بۆیە کاردەکەم بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی توندی یاساکە بۆ پاراستنی گروپە پەراوێزخراوەکان لەبەردەم زلهێزەکاندا، هەروەها بۆ پاراستنی کەرامەتی هەموو جەزائیرییەکان.
پێویستیەکانی دیکە بریتین لە بەهێزکردنی سەربەخۆیی دامەزراوەکان، بەهێزکردنی بەهرەمەندە نیشتمانییەکان، بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لەڕێگەی پەرەپێدانی یاسایەک کە پاڵپشتی ژنانی کارکەر و ژنانی داهێنەر و دایکانی مانەوە لە ماڵەوە دەکات، دڵنیابوون لە پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتییان بەپێی بەهاکان.
هەروەها بەدوای یاسایەکدا دەگەڕێت کە پشتگیری لە خێزانی جەزائیر بکات و لە جیابوونەوە بیپارێزێت. جەزائیر شایەتی بەرزبوونەوەی مەترسیدارە لە ڕێژەی جیابوونەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە ٨٧ هەزار جیابوونەوە تۆمارکراوە، کە نزیکەی لەسەدا ٣٣ی هاوسەرگیرییەکان پێکدەهێنن.
جێبەجێکردنی یاساکان ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبێتەوە
سەبارەت بە نەسیمە یەسعد، کاندیدی ئەنجومەنی نیشتمانی گەل لە شارۆچکەی ”خروب” کە دەکەوێتە نزیکەی ١٦.٥ کم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی قوستەنتینە، بۆ یەکەمجار خۆی کاندید دەکات، کەمپینەکەی لەسەر بنەمای دیدگایەکی ڕوون بۆ گۆڕانکاری و داکۆکیکردن لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ مسۆگەرکردنی یەکسانی و گشتگیری تەواو و پاراستنی لە هەڵاواردن.
نەسیمە یەسەعد، چالاکوانی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت کە خۆی تەرخان دەکات بۆ داکۆکیکردن لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کارکردن بۆ گشتگیری کۆمەڵایەتی و ئابوورییان، وتی: بۆ دووەمجار خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید دەکات، پێشتر خۆی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا کاندید کردبوو.
بە ئیرادەیەکی بێوچانەوە هاتە ناو پێشبڕکێی بەرگریکردن لە مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانەوە، وتی: ڕاستە ژمارەیەکی زۆر لە فەرمان و جبەخانەی یاسایی هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبێتەوە، ئەمەش پاراستنی مافەکانیان و تێکەڵکردنیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەکاتە پرۆسەیەکی ئاڵۆز.
نەسیمە یەسەعد ڕوونی دەکاتەوە، کە چوونە ناو مەیدانی هەڵبژاردنەکان ئاسان نەبوو، ڕازیکردنی خێزانەکەم کە ڕێگەم بدەن بۆ خولی دووەمی لەسەریەک خۆم کاندید بکەم، پێویستی بە هەوڵێکی بەرچاو بوو، ئەمە جگە لەوەی سەختی دۆزینەوەی پارتێکی سیاسی بوو بۆ ئەوەی لە ژێر دەستیدا کاندید بم بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێکی سیاسی و دارایی.