"هاودەنگی ئەو ژنانەی کە بە هەمان بارودۆخدا تێپەڕیون، هێز دروست دەکات"

سەماهر عەنداری، چالاکوانی سیاسی جەختی لە گرنگی هاودەنگی و پێکەوەگرێدانی نێوان هەموو ژنان کردەوە، بەو پێیەی هەموویان بە هەمان هەلومەرجدا دەژین، بەرخۆدان تاکە بژاردەی ئێمەیە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی عەلمانی کە ڕێز لە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بگرێت.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا-لە شنگالەوە تا ڕەققە و کەناراوەکان وە تا دەگاتە سوەیدا، هەمان کارەسات دوبارە دەبێتەوە، ژنان دەکرێنە ئامانجی کوشتن و کۆیلەکردن و دەستدرێژی دڕندانە لەلایەن داعش و گروپە چەکدارەکانی سەر بە جیهادی هەتەشە، بەڵام ئەوەی هێزەکانی شەڕ وەک ئامرازێک بۆ شکاندنی کۆمەڵگەکان مەبەستیان بووە، بووەتە هێزێکی بەرپەرچدانەوەی، بەو پێیەی ئەو ژنانەی کە هەلومەرجێکی هاوشێوەیان بەسەردا هاتوە، دەستیان کردووە بە پێکهێنانی بەرەیەکی هاوپشتی سنووربەزێن.

 

لە سوەیدا کە گەمارۆی خنکێنەر و نەبوونی پێداویستیە سەرەتایەکانی ژیان پەکەوتە بووە، ژنان لە دڵی ڕوبەڕوبوونەوەکەدا سەریان هەڵداوە، ڕۆڵی ئەوان چیتر تەنها لە گریان لەسەر وێرانەکان سنووردار نییە، بوونەتە هاوبەشی سیاسەت و بەرخۆدان و هەڵگرتنی چەک، هەروەها بوونەتە دەنگێک کە ڕاستیەکان بە جیهان دەگەیەنن، سەماهر عەنداری، چالاکوانی سیاسی باسی لە ئازارەکانی هاوڵاتیان و ڕۆڵی ژنان لە خۆڕاگری و ئەزمونی سەرهەڵدانی خۆبەڕێوبەری و ڕەتکردنەوەی هەر لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی جگە لە نێودەوڵەتی کرد.

 

سەماهر عەنداری، چالاکوانی سیاسی، وتی: ئەمڕۆ ئێمە لە دۆخێکی ئاژاوەگێڕیدا دەژین، بەپێچەوانەی ئەوەی ڕاگەیاندنەکانی سووریا وێنایان دەکەن، کە باس لە هاتنە ناوەوەی هاوکاری و سەلامەتی دۆخەکە دەکەن، ئەمە بەتەواوی درۆیە، ئێمە لە گەمارۆیەکی خنکێنەرداین، نە ئاو و نە دەرمان و نە خۆراک و نە کارەبا و نە پێویستیەکانی ژیانمان لەبەردەستدایە، ئێمە لە قۆناغێکی زۆر سەختدا دەژین، تا دەتوانین هەوڵدەدەین بەرەنگاری ئەو ژیانە ببینەوە کە بەهۆی شەڕێکەوە بەسەرماندا سەپێنراوە و نەمانویستوە، ئێمە کۆمەڵگەیەکین کە ژیان و مرۆڤایەتیمان خۆشدەوێت، بەڵام بارودۆخەکان ناسەقامگیرییان بەسەردا سەپاندوین.

 

"دیمەنێکی خوێناوی و گەمارۆیەکی خنکێنەر"

ڕونیکردەوە، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە جولانی، کە لەلایەن ئاسایشی گشتی و چەتەکانی بیانیەوە پاڵپشتی دەکرێن، هێرشێکی توندمان کرایە سەر، ئەوان گەندەڵیان لە سەرانسەری خاکدا بڵاوکردۆتەوە و کۆمەڵکوژیان بەرامبەر ژنان و منداڵان ئەنجامداوە، سەرەڕای ئەم کۆمەڵکوژیانە، ژیان بەردەوام دەبێت، ئێستا هەوڵدەدەین خۆبەڕێوەبردنێک بونیاد بنێین بۆ ئەوەی بتوانین چەرخی ژیان بجوڵێنین، تەنانەت گەر کەمێکیش بێت، دەستمان کردوە بە چالاککردنی فەرماندەی پۆلیس، ڕاستە شتەکان لە ئاستێکی گونجاودا نین، بەڵام سەرەڕای سەختیەکان بە شێوەیەکی باشتر ئەم قۆناغە ئەزمون دەکەین.

 

"ژنان هاوبەشن نەک تەنها قوربانی"

سەماهر عەنداری جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان لە سوەیدا قورسترین باجیان داوە، هەروەک چۆن ژنان لە ناوچەکانی دیکە وبەڕوی هێرشی بەرفراوان بوون، کە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتوەتەوە، ژنانی سوەیدا هاوبەشی ژیان و سیاسەت و تەنانەت بەرخۆدانن، دوای کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و بە کۆیلەکردن و پێشێلکاریەکان، پێیان وابوو بە شکاندنی ژنان دەتوانن کۆمەڵگە بشکێنن، بەڵام نەیاندەزانی کە ژنان تەنها وەک پیاوان وان، بەڵێ ئێمە توشی کوشتن و کۆیلەکردن و سوتاندن بووین، هەندێک ژن بە زیندوی سووتێنران و هەندێکی دیکەشیان پارچە پارچە کران، بەڵام ئەمە تەنها وایکرد ئێمە بەهێزتر و خۆڕاگرتر بین.

 

سەبارەت بە هەڵگرتنی چەک لە لایەن ژنان، وتی: لەبەر ڕۆشنایی هێرشەکانی سەر سوەیدا، هەندێک لە ژنان چەکیان هەڵگرت بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆیان لەگەڵی پیاواندا، ژنانی سوەیدا بەس لە ئێستادا بەرەنگاری نەبوون، ئێمە منداڵی سەعدە مەلاعب و بستان شەلغین، ژنانی ئەمڕۆ نەوەی ژنانی شۆڕشی فەڕەنساین، ئەو ئەزمونە لە سەردەمێکی جیاوازدا دوبارە دەکەینەوە، ژنان بڕبڕەیەکی بچوک نین، ئەوان هاوبەشن لە زەویدا، بۆ ئەوان سروشتیە کە بەرگری بکەن لە خاک و شەرەفیان.

 

"بەرەو خۆبەڕێوەبردن"

سەماهر عەنداری جەختی لەوە کردەوە، کە نەبوونی دەسەڵات پاڵی بە کۆمەڵگەوە ناوە بۆ بونیادنانی سیستەمێکی ناوخۆی جێگرەوە، ئەمڕۆ ئێمە پارێزگار و فەرماندەی پۆلیسمان نییە، دامەزراوەکان دیارنین، دەستمان کردوە بە بونیادنانی خۆمان، گەیشتوینەتە قۆناغی خۆبەڕێوەبردن، هێشتا لە سەرەتاوەین، بەڵام بۆ ئەو بۆنەیە هەڵدەستین و گروپێکی بەهێزی ژنان و پیاوانمان هەیە کە توانای وەرگرتنی پۆستی گونجاویان هەیە، هەنگاو بە هەنگاو دەستمان کردوە بە سەرکەوتن، دڵنیاین لەوەی کە لە قۆناغێکی خۆبەڕێوەبردندا دەبین، ئێمە پێش خۆمان ئەزمونی خۆبەڕێوەبردنمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بینی، کە ئەمە ئەزمونێکی نمونەییە لە ڕوی سەربازی و سیاسی و تەنانەت زانستیشەوە.

 

"هاوپشتی ژنانی نێودەوڵەتی"

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنان لەم قۆناغەدا هاوبەشن و دەبێت دەنگی خۆیان لە سەرانسەری جیهاندا ببیستن، لەوانەش مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، ئەوەی لە سوەیدا ڕویدا- سوتانی کارگەکان، تاڵانکردن، پیسبوونی ئاو و پڕکردنەوەی بیرەکان- ئامانجی فشارخستنە سەرمان بوو بۆ ئەوەی خۆمان ڕادەست بکەین، بەڵام سەرکەوتو نابن، سوەیدا برسی نابێت، سوەیدس بە شکۆ ڕازی دەبێت.

 

ڕونیکردەوە، ژنان لەم قۆناغەدا هەوڵدەدەن دەنگیان لەسەر ماڵپەڕە جیهانیەکان ببیستن، گرنگترین شتیش گەیشتن بە حاڵەتێکی پێکەوەگرێدانی نێوان ژنانی سوەیدا و ژنانی کەناراو و ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، هەموومان بە هەمان هەلومەرج و هەمان ئازاردا تێپەڕیوین، کوشتن و تاڵانکردن و ئاوارەبوون. کاتێک ئەم هێزی ژنانە پێکدەهێنین، لەگەڵ ئەو سووریایە سەرهەڵدەدەین کە دەمانەوێت، سووریایەکی دوور لە تیرۆر و ستەمکاری، دەوڵەتێکی عەلمانی کە ڕێز لە ڕێوڕەسمە ئاینیەکان و پاراستنی تایبەتمەندی هەموو پێکهاتەیەک بگرێت، بەڵام ئەم ئایدۆلۆژیایە لەگەڵ گروپی دەسەڵاتداردا ناگونجێت، کە هێشتا ژنان وەک شەرمەزارکەر سەیر دەکەن، بۆ ئێمە ژنان هاوبەشی سەرکەوتنن.

 

"متمانە بە لیژنە ناوخۆیەکان نییە"

سەبارەت بە لیژنەکانی لێکۆڵینەوەش ڕونیکردەوە، حکومەتی کاتی باس لە ناردنی لیژنەیەکی دۆزینەوەی ڕاستیەکان دەکات دوای ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە ئەنجامدراون، وتی: ئێمە بە توندی ئەمە ڕەتدەکەینەوە، قوربانی و ستەمکار ناتوانن یەکسان بن، ئێمە هیچ متمانەیەکمان بە حکومەت نییە، تەنانەت لە ڕوداوەکانی کەناراویشدا ڕاستیەکانیان شاردەوە و بە هەڕەشە شایەتحاڵی ساختەیان دەکرد، ئێمە دەمانەوێت لیژنەیەکی بێلایەنی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان وەک خۆی بخەنەڕو، خوێنی منداڵەکانمان بەنرخە و هاواری ژنان و منداڵانیش بەهای زۆری هەیە.

 

داوای کرد ئەو دەروازانە بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕۆژنامە نێودەوڵەتیەکان بچنە ژوورەوە و خۆیان ڕاستیەکان ببینن، وتی: ئێمە ٣٤ گوندمان هەیە کە بەتەواوی وێران بوون، هێشتا تەرمی گەنجەکانمان لەوێیە، ئەگەر ئەو تاوانانە بەڵگەیان لەسەر نەبێت، ئەوا دەسڕدرێنەوە، هەروەک چۆن کۆمەڵکوژیەکانی کەناراوەکان سڕدڕانەوە، هەر بۆیە پێداگرین لەسەر کردنەوەی دەروازەکان، نەک تەنها بۆ هاوکاری، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕاستیەکان بگاتە جیهان.

 

سەماهر عەنداری، چالاکوانی سیاسی لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: لەسەر خاکی ئێمە هێرشیان کردە سەرمان، و تاکە بژاردەی ئێمە خۆڕاگرییە، ئێمە ترسنۆک نین کە بە مردن پێشوازیان لێبکەین، ڕەنگە ئاو و دەرمان و خواردنمان کەم بێت، بەڵام شکۆمان کەم نابێت، سوەیدا برسی نییە، بە شکپ تێر بووە، ئێمە بەرگەی بارودۆخی خۆمان دەگرین بۆ ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە زەلیل نەبین، دڵنیاین کە دەگەینە سەلامەتی.