"کپکردنی دەنگی ئازاد بورکانێکی لێ دروستدەبێت"

بادینان، هەرێمی بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکانە، چالاکوانێکیش دەڵێت: تۆ دەتوانی ببیتە چالاکوانی هەموو بوارێک تەنها سیاسی و پەیوەندیدان بە دەسەڵاتەوە نەبێت.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- باشوری کوردستان بەهۆی دەسەڵاتدارەکانییەوە هەرێمێکی پڕاوپڕە لە گەندەڵی، نادادی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و قەیران، تا دەچێت دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بەرەو قەیرانی قوڵتر دەچێت و هەر دەنگێكیش بۆ ئازادی و دژ بە نادادی هەبێت کپ دەکرێت.

 

بە دەیان کەس لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و دەنگ هەڵبڕین لە زیندانەکاندا قەتیسکراون و دوور لە یاسا و بنەماکانی دەسەڵاتی دادوەری سزای چەندین ساڵ زینداییان بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەم دۆخە لە سەرتاسەری باشوری کوردستان هاوتایە و لە هەرێمی بادینان (دهۆک، زاخۆ، شیلادزێ، برادۆست، بارزان و چەند ناوچەی دیکە) زیاتر قوڵبووەتەوە، لەو هەرێمەدا چەندین چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و مامۆستا دەستگیرکراون و سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە، لەنێویاندا بێریڤان ئەیوب، کە دایکی ٥ منداڵە و زیاتر لە ١٦ مانگە دەستگیرکراوە.

 

ژیان یاسین، چالاکوان لە شاری دهۆک، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد کە دۆخی هەرێمی کوردستان لە لایەنی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پاشەکشەدایە، چونکە حزبە دەسەڵاتدارەکان نایەنەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن، بە تایبەت باس لە دەڤەری بادینان دەکات و دەڵێت: چالاکوانی و بەتایبەت ژنانی چالاکوان وەک پێویست لە بادینان بوونیان نییە، چالاکوانەکان تا ئەوکاتە ئازادن کە خەڵک هۆشیار نەکەنەوە و کاریگەری لەسەر حزبی دەسەڵاتداری ناوچەکە نەکات، بەمەش وادەکات خەڵک تەنها لە پشتی شاشەکانەوە ئیدانە بکات و نەیەنە سەر شەقامەکان.

 

"کوشتنی ژنان بە سوڵحی عەشایەری و فشاری سەر دادگا دەشاردرێتەوە"

ئەو چالاکوانە دەڵێت بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی بادینان بۆ هەدوو ڕەگەزە، بەڵام بۆ ژنان زیاترە، "ژنان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری باوەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری و باوکسالاری، بۆیە هەتا دەنگی ژنی ئازاد نەبێت، نە لە بەدینان و نە لە کوردستان و جیهان ئاشتی پێکنایەت، چونکە ئەقڵی ژنان خاوەن ئەقڵێکی ئاشتیخوازە، داواکاری ئێمەش ئەوەیە کە ژن خۆیان بگەیەننە ناوەندەکانی بڕیار تا دەنگی ژنان بن و چارەسەرییەک بۆ ئەو دۆخە بکەن".

 

هەواڵ و ئامارەکانی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان لە بادیناندا ڕاناگەیەنرێت بەراورد بە ئاماری هەرێمەکانی دیکە، ژیان یاسین لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەقڵیەتی خێڵەکی زۆرجار وایکردووە سەرەڕای کوشتنی ژنان یەکسەر سوڵحی عەشایەری دەکرێت و بێدەنگ دەکرێت، یاخود فشار دەکرێتە سەر دادگاکان بێدەنگی لە کەیسەکە دەکرێت و کەسی بکوژ بە بێتاوان ئازاد دەکرێت، بەم شێوەیە کوشتنی ژنان دەشاردرێتەوە و خەڵکی دهۆک و بە تایبەت ژنان مەترسییەکانی سەر خۆیان نابینن.

 

"لە بادینان چالاکوان ئەوەندە ئازادە خەڵک هۆشیار نەکاتەوە"

ئەو چالاکوانە باسی لەوەکرد کە لە بادینان چالاکوان هەیە بەڵام لەو ئاستەدا کە خەڵک هۆشیار نەکەنەوە بەرامبەر نادادییەکانی دەسەڵات، یەکێک لەو ژنە چالاکوانانەی ماوەی زیاتر لە ١٦ مانگە بە بێ دادگاییکردن ڕاگیرابوو دواجار لە ٦ی ئاداردا و دوای دوو جار دواخستنی دادگاییەکەی بە دوو ساڵ زیندانی سزا درا، بێریڤان ئەیوبە، کە دایکی پێنج منداڵە و بە تۆمەتی خۆپیشاندان لە پارێزگای دهۆک و بە ماددەی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" دەستگیرکرا.

 

ژیان یاسین دەڵێت: بێریڤان ژنێکی ئازای دهۆکە کە ساڵی ڕابردوو لەبەر دەنگی ئازاد دەستگیرکرا، ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکەی و بێریڤان دایکی پێنج منداڵیشە بۆیە نوقتەیەکی ڕەشە بە ناوچەوانی دادگا و حکومەتی هەرێمەوە، پێویستە حکومەتی هەرێم بزانێت ئەم دۆخە زیاتر درێژە ناکێشێت، ئەگەر بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا بکەن دۆخەکە دەتەقێتەوە چونکە کپکردنی دەنگی ئازاد بورکانێکی لێ دروستدەبێت.

 

ت.پ