بەشداری سیاسی ژنان پێویستی بە پشتیوانی کۆمەڵگە و گۆڕینی تێڕوانینی کۆنەپەرستانە هەیە

بوونی ژنان لە پۆستە سەرکردایەتییەکان تا ئەمڕۆ پێویستی بە کاری بەکۆمەڵ و هەوڵدان هەیە بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێت.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- ژمارەیەک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە فێمینیستەکان، هەوڵیان داوە کار بۆ ژنان بکەن و دەرفەتی بەشداریکردنیان لە ڕووی سیاسییەوە بخوڵقێنن.

 

لە هەندێک لایەندا ژنان وەک ڕواڵەت بەکاردەهێندرێن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ناوەندەکانی بڕیاردان، ئەمەش وایکردووە هەندێک بەشداری ژنان بە بێکاریگەر ببیندرێت، بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە پێیان وایە نوێنەری ڕاستەقینە لەسەر بنەمای بڕوانامە و کارکردن هەڵدەبژێردێت، نەک ڕەگەز، بۆ بڕوابوون بەم فکرەش بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پێویستە.

 

دەنگۆ و چەواشەکاری هۆکاری دوورکەوتنەوەی ژنان لە سیاسەت

سامیە فەوزی، ناوی خوازراو، پشتڕاستیکردەوە ئەو ژنانەی دەیانەوێت بچنە بازنەی سیاسەتەوە بەربەست و قسەیان بۆ دروست دەکرێت، وتیشی: هەوڵمدا لە هەڵبژاردنی سەندیکاکاندا خۆم کاندید بکەم، بەڵام ڕێگرییەکانی خێزانەکەم و هەوڵدانی کۆمەڵگە بۆ ناوزڕاندنم بووەنە بەربەست هەموو شتێکی پەیوەست بە کاری سەندیکاکان دەزانم و ئامادەیی و لایەنگرانی ڕاستەقینەم هەیە، ئەمەش پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی خۆم لە هەڵبژاردنەکاندا کاندید بکەم بەڵام بەربەستەکان زۆرن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک خۆم کاندید کرد هەندێک لایەن هەوڵیان دا بە ناوزڕاندنم و ئازاردانم، بە شێوەیەک تانەیام لیدەدام، کە من ژنێکم پێشووتر جیابوومەتەوە و دووبارە هاوسەرگیریم کردووەتەوە، تەنانەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا پەیج هەیە کە دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی کەسیی من، ئەمەش کاریگەری لەسەر خێزانەکەم هەبووە، ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی قورس بوومەوە.

 

پێویستە کار بکرێت بۆ گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان

مایار مەکی، چالاکوانی ژنان لە شاری ئەسکەندەریە، دووپاتی کردەوە کە نوێنەرایەتی سیاسی ژنان لە میسر زۆر کەمە، هەروەها لە پارێزگای ئەسکەندەریە و ناوچەکان، بە سروشتی لاوازترە، چونکە خزمەتگوزاری، مەشق و ڕاهێنان کەمترە.

 

ڕوونیشیکردەوە، نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان کەمترە لە پیاوان، ئەمەش ڕوون و ئاشکرایە لەبەر زۆر هۆکار، گرنگترینیان نەبوونی متمانەیە بە توانای ژنان بۆ بڕیاردان، ئەم بابەتە پێویستی بە کارکردن هەیە بۆ پەروەردەکردنی ژنان سەبارەت بە گرنگی بەشداری سیاسی و ئامادەبوون لە ناوەندەکانی بڕیاردان، و پاشان بەرەو ئەو کۆمەڵگایەی کە پێویستی بە گۆڕینی تێڕوانینی ژنان هەیە.

 

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم بەهێزکردنی سیاسەتی ژنان، بەشێکی گەڕاندەوە بۆ هۆشیاری ژنان، پاشان شیاوبوونیان و پەرەپێدانی ئامرازەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن لە کایەی گشتی و ناوەندەکانی بڕیاردان بوونیان هەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد باڵادەستی پیاوان لە پۆستە گشتیەکانی حکومەتدا باوەڕیان بە توانای کارکردنی ژنان نییە، تەنانەت لە دروستکردنی یاساکانیشدا کە پەیوەندییان بەوانەوە هەیە، پشتگوێ دەخرێن.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، ژنان پێویستیان بە پشتیوانی زیاترە بۆ ئامادەبوونیان لە سیاسەتدا، هەروەها پێویستیان بەوە هەیە کە پێکەوە کاربکەن بۆ ئامادەبوونێکی کاریگەر لە ناوەندەکانی بڕیاردان.

 

ئاستەنگەکان ڕێژەیین و لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر جیاوازن

هاجەر عادل، وەک ڕێکخەر بۆ کۆمەڵەیەک لە شاری ئەسکەندەریە کاردەکات، ڕایگەیاند، قەیرانی کۆن هەیە کە پەیوەندی بە نوێنەرایەتیکردنی ژنان و توانای بەشداریکردنیان لە ڕووی سیاسییەوە هەیە، لە کاتێکدا بابەتەکە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بۆتە شتێکی گونجاو بەڵام تا ئێستا ڕێگری بۆ ژنان هەیە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کۆمەڵێک بەربەست هەیە کە کاردەکاتە سەر ئاڕاستەی ژنان بەرەو بەشداری سیاسی، زۆرێک لە خێزانەکان ژن قبوڵ ناکەن بچێتە ناو گۆڕەپانی سیاسی، هەندێکیان بەربەستەکان دەگەڕێننەوە بۆ بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لالەیەکی دیکەوە هەندێک لە خێزانەکان لەبەر ناوبانگی کچ و ژنەکانیان ڕێگریان لێدەکەن، وتی: ئەو ئاستەنگانە ڕێژەیین و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە خێزان هەیە بە ڕاستیی پاڵپشتی کچان و ژنان دەکەن و هانیان دەدەن لە ڕووی سیاسییەوە لە ئاستە جیاوازەکاندا بەشداربن، جا چ لە ئەنجوومەنە ناوخۆییەکان بێت، یان لە حزبە سیاسییەکان.