"دەسەڵات تۆمەت بۆ ڕۆژنامەنووسی ئازاد دروست دەکات"

ڕۆژنامەنووسان لە ئەرکی داکۆکیکردن لە مافی خەڵکی و دەرخستنی پرسە هەستیارەکان ئەرکیان گۆڕاوە بۆ ڕوماڵکردنێکی ڕۆتینی بابەتەکان، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: دەسەڵات تۆمەت بۆ ڕۆژنامەنووسی ئازاد دروست دەکات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بە شێوازێک دەسەڵاتدارێتی دەکات، ئازادی ڕادەربڕینی قەتیس کردووە، ئەرکی ڕۆژنامەنووسی لە بنکۆڵکاری و دەرخستنی بابەتی هەستیارەوە گۆڕیوە بۆ پەیداکردنی داهات و باسکردنی بابەتەکان بە شێوازێکی ڕۆتینی. بە دەستگیرکردن، هەڕەشە و دروستکردنی تۆمەت بۆ ڕۆژنامەنووسان وای کردووە، ڕۆژنامەنووس بترسێندرێت لەوەی دەست ببات بۆ بابەتێکی هەستیار، دادگاش لەم پرسەدا بێدەنگە و پاڵپشتی دەسەڵاتدارانە.

 

"ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە ئاست ویستی ڕۆژنامەنووساندا نییە"

مەستورە مەحمود، ڕۆژنامەنووس، دەربارەی ئازادی ڕۆژنامەنووسی باسی لەوەکرد، ئازادی ڕۆژنامەنووسی هەر ساڵە و بە شێوازێک خۆی دەنوێنێت، ساڵانی ڕابردوو ئازادی ڕۆژنامەنووسی تا ڕادەیەک بوونی نەبوو، ڕۆژنامەنووسان هەستایارانە کاریان دەکرد، بەڵام بەهۆی فشاری ڕۆژنامەنووسان و ئەو ڕێکخراوانەی داکۆکیکارن لە مافی ڕۆژنامەنووس، توانییان تا ئاستێك ئازادی ڕادەربڕێن فەراهەم بکەن، بەڵام ئەو ئازادیەش نەبوو کە لە ئاست ویستی ڕۆژنامەنووساندا بێت.

 

مەستورە ئاماژەی بەوەکرد ڕژنامەنووسان تا ئێستا ناتوانن مامەڵە لەگەڵ بابەتە هەستیارەکاندا بکەن و ئازادیان نییە، ئەو کاتەی ڕۆژنامەنووس ویستی هەبێت مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی هەستیار بکات لە بەرامبەر دەسەڵاتداران و کەسانی سەر بە دەسەڵات خۆی دەبینێتەوە، وتیشی: ختوکەدانی دەسەڵات لە هەندێک پرسدا، دەریدەخات ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.

 

"ڕۆژنامەنووسان لە پرسە هەستیارەکاندا ئازاد نین"

مەستورە مەحمود باسی لەوەکرد، پێشووتریش بە هەمان شێوەی ئێستا بووە و کاتێک ڕۆژنامەنووس دەستی بۆ پرسێکی هەستیار بردووە تیرۆر کراوە، نمونەش زۆرن وەک، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن و سەردەشت عوسمان، ئەم ڕۆژنامەنووسانە تەنها لەپای دەستبردن بۆ چەند بابەتێکی هەستیاری تایبەت بە حکومەتەوە تیرۆر کراون، ئێستاش بەهەمان شێوەی ساڵانی پێشووە و چەندین ڕۆژنامەنووسی وەک زیندانیانی بادینان لەسەر هەمان پرس دەستگیرکراون.

 

وەک ڕۆژنامەنووسێک کە ماوەیەکی درێژ کار دەکات، مەستورە ڕوونیکردەوە، ساڵانی ڕابردوو کاتێک دەستیان دەبرد بۆ هەندێک بابەتی هەستیار قسەیان دەخستە پاڵ ڕۆژنامەنووس کە سەر بە حزبن، وتیشی: ئێمە وەک ڕۆژنامەنووس کارمان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەسەڵات دەیەوێت گەنجان ئینتیمای نیشتیمانی لە دڵیاندا نەمێنێت، ئەوکات دەسەڵات ڕێگری دروست دەکرد، بەڵام هەمووان دەبینن ئێستا گەنجان ئینتیمایان نەماوە، دواتر دەسەڵات تەنها بە خەڵکییەوە نەوەستا ئەم کاریگەرییەی بۆسەر ڕۆژنامەنووسان دروستکرد، لە ئێستادا چەندین ڕۆژنامەنووس هەن تەنها وەک پیشە تەماشای ڕاگەیاندن دەکەن و ئینتیمای نیشتیمانیان نییە.

 

"ڕۆژنامەنووسانی ساڵانی پێشوو وەک چالاکوانێک کاریان دەکرد"

مەستورە مەحمود ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژنامەنووسانی پێشوو وەک چالاکوان کاریان دەکرد بەڵام ڕۆژنامەنووسی ئێستا بە سیستم و پلان وایانلێکردن بنکۆڵکاری لە بابەتەکانیاندا نەکەن، تەنها کاتی ڕووداوەکە ڕووماڵ دەکەن و دواتر بە شوێن ڕاستی ڕووداوەکەدا ناڕۆن، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، کە دەمێکە کار دەکەن بواری کاری ڕاگەیاندن گرنگی نەمێنێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەکرد، هەندێک بابەت هەیە گرنگیان بۆ پرسی نیشتیمانی و کۆمەڵگە نییە، بەڵام ڕۆژنامەنووسان کاری لەسەر دەکەن، بەڵام خۆشیان لە پرسە هەستیارەکان بەدوور دەگرن، هیچ کام لە ڕۆژنامەنووسان بنکۆڵکاریەک ناکەن لەبارەی داگیرکردنی سنورەکانی هەرێم، یاخود پرسی نەوت و بودجە، لە کاتێکدا ئەوانە کێشەی سەرەکی خەڵکی هەرێمن، کاتێک ڕۆژنامەنووسێکیش بەلای ئەو بابەتانەدا بڕوات تیرۆری دەکەن.

 

"دەسەڵات خۆی تۆمەت بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست دەکات"

مەستورە مەحمود، ئاماژەی بەوەکرد، دەسەڵات دەیەوێت کۆمەڵگە گرنگی بەو بابەتانە بدات کە خۆی دیاری دەکات، ئەمەش وایکردووە ئەو دەزگایانەی پێشووتر کاریان بەڕاستی بۆ خەڵک دەکرد و بابەتی بنکۆڵکاریان دروست دەکرد، بینەر لەدەست بدەن، وتیشی؛ دەسەڵاتداران ڕۆژنامەنووس دەستگیر دەکات و دواتر دۆسیەی دیکەیان لەناو دادگاکاندا بۆدەکەنەوە، تۆمەتیان دەخەنە پاڵ، سلێمان ئەحمەدیش بەهەمان شێوازی ڕۆژنامەنووسەکانی دیکە دەستگیرکراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە، گومانی تێدا نییە تۆمەتێکی بۆ دروست دەکەن و دەیخەنە زیندانەوە، ئەمەش دەرخەری نەبوونی ئازادی ڕۆژنامەنووسیە.

 

"دەسەلات و حزبەکان بەهۆی سایت و میدیا سێبەرەکانیانەوە مافی ڕۆژنامەنووسی ئازادیان ون کردووە"

مەستورە مەحمود باسی لەوەشکرد، دروستبوونی هەموو ئەو سایت و دەزگا میدیا سێبەرانەی تەنها بۆ کڕینی ڕۆژنامەنووسان پێناسە کرد، دەشڵێت: دەسەڵات هێندە خواستی پەیداکردنی داهاتی خستە بەردەم ڕۆژنامەنووسان، لە ئێستادا ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەناو ئۆپۆزسیۆن کاریان دەکرد، بە شێوازی جاران کار ناکەن و بەلای بابەتی بنکۆڵکاریدا ناڕۆن، ئامانجی دەسەڵاتیش تەنها وەستاندنی ڕۆژنامەنووسە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە چاویان تێربکات و تەنها خەیاڵیان لای پەیداکردنی داهات بێت.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: سەرەڕای بوونی ئەو گرفتانە، هێشتا ڕۆژنامەنووسی ئازاد ماون، بەڵام بەهۆی دەستگیرکردنیان و دروستکردنی تۆمەت بۆیان و دواجار زیندانیکردنیان ون دەبن، هەرچەندە چالاکی هەبێت و داوای ئازادکردنیان بکرێت گوێیان لێناگیرێت، لە ئێستاشدا میدیا و سایتی سێبەر هێندە زۆرە، کاتێک بابەتی ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد دەخرێتەڕوو، بە هەموویان هەوڵی دروستکردنی بابەتێکی دیکە دەدەن، بۆ ئەوەی ئەو پرسە ون بکەن، بۆیە ئەرکی داواکاری گشتی و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی ڕۆژنامەنووسە، کە ئازادی بۆ ڕۆژنامەنووسان بگەڕێندرێتەوە.