جۆرجێت بەرسوم: وەک ژنان یەکڕیزیی ئێمە بنەمای پاراستنی ئێمەیە

جۆرجێت بەرسوم، بەڕێوبەری یەکێتی ژنانی سوریا ڕایگەیاند، تێکۆشانی هاوبەشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بناغەی پاراستنی ژنانە، دەشڵێت: وەک پرۆسەی سەیفۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامە بەڵام ئێمە پێکەوە بەهێزین.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ماوەی ١٢ ساڵە شەڕ و قەیرانی ناوخۆیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەیە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت سوود لەو شەڕە وەربگرێت، هەوڵدەدات پیلانی میساقی-میللی خۆی جێبەجێ بکات، دەوڵەتی تورک سەرەڕای ئەو بوومەلەرزەیەی ڕوویدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزار کەس، بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 

"دەوڵەتی تورک شەڕی سوریای قوڵتر کردەوە"

جۆرجێت بەرسوم، بەڕێوبەری یەکێتی ژنانی سوریا لە شاری قامیشلۆ، ئەو هێرشانەی هەڵسەنگاند کە دەوڵەتی تورک کردیە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتی: لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی سوریاوە دەوڵەتی تورک ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە قوڵکردنەوەیدا، سەرەڕای دەستێوەردانی سوریاش چەندین گروپی پڕ چەک کرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە شۆڕشی ئاشتیانەی گەلانی سوریا ڕێگایەکی تر بگرێتەبەر و ببێتە شۆڕشێکی چەکداری، لە زۆرێک لە شارەکانی سوریا پێکهاتە ڕەسەنەکانیان کۆچیان کرد و ناوچەکەیان داگیرکرا، پاشان سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی و کوشتن و ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و قڕکردن دەستیپێکرد، ئێمە باش ئاگادارین کە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ سوریا لەسەر بنەمای زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە، بۆیە بە شێوەیەکی دڕندانە وەک گورگ هێرش دەکاتە سەر سوریا و پێکهاتەکانی، پێشێلکاریی ماف و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات و تا ئێستا هێرشەکانیان ڕانەگرتووە.

 

"سەرەڕای ئەو کارەساتەی کە لە وڵاتەکەیدا هەیە، دەستوەردەداتە وڵاتی ئێمە"

جۆرجێت بەرسوم تیشکی خستەسەر ئەو کارەساتە مرۆییانەی کە ڕوو دەدەن و وتیشی: مانگی شوبات بە کارەساتی مرۆیی و بوومەلەرزەی تورکیا و سوریا دەستیپێکرد، سەرەڕای ئەم کارەساتە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە بریندارەکان و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە نزیک بووەوە، ئەم بوومەلەرزە و کارەساتە بوو بە کێشەی سیاسی، ئەمەش وایکرد ئەو کەسانەی لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندا مانەوە خراپتر ببن و تەرمەکان بۆ چەند ڕۆژێک لە بەردەم باران و سەرمادا مانەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم کارەساتە دەوڵەتی تورک هێرش و دژایەتییەکانی خۆی بۆ سوریا بە تایبەتی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کەمنەکردووەتەوە.

 

"ڕووداوەکەی ٢٥ی شوبات بە پرس و تێکۆشانمان هاودەنگی و متمانەی بەهێز کرد "

جۆرجێت بەرسوم ڕووداوی ٢٥ی شوباتی شاری قامیشلۆی بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، "لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە فولکەی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکەی سەیفۆ تێکشکێنرا، بێگومان ئەوانە نەیاری پرۆژەی دیموکراتیکی ئێمەن، دەستدرێژی دەکەنە سەر پیرۆزییەکانمان، ئەم فولکەیە شوێنێکی پیرۆزە بۆ سوریانەکان و ئەرمەنەکان کە لە سەدەی ١٩-٢٠دا لەلایەن دەوڵەتی تورک و عوسمانیەوە لە ژێر قڕکردنیکی ڕەگەزیدا بوون کە مێژوو شایەتحاڵی ئەوە بوو، ئامانجی ئەم ڕووداوە تێکدانی پەیوەندی نێوان پێکهاتە و ئایینەکانی کورد و مەسیحی و ئێزدییە، ویستیان هاوسۆزیمان ببەزێنن و بێباوەڕی دروستبکەن، دەیانویست بەم وێرانکارییە پەیامێکی وا بە جیهان بدەن کە چەندە بە دڕندانەترین شێوە لە باوەڕەکانی تر نزیک دەبنەوە، دوای ئەم ڕووداوە هاودەنگیمان بەهێزتر کردووە.

 

"دەتوانین پێکەوە تێبکۆشین"

جۆرجێت بەرسوم ئاماژەی بەوەکرد کە برینەکەی سەیفۆ و سیمێلی لەبیرناچێت و وتی: ئێمە نەوەی باپیرانین کە لە کۆمەڵکوژییەکانی سەیفۆ و سیمێل ڕزگار بووین، ئەو برینانە هێشتا خوێنیان لێ دەچۆڕێت و لە بیرناچنەوە، هەڵوێستی کەسایەتییە کورد و ئایینی و جەماوەری و خۆبەڕێوەبەرەکان سەبارەت بە تێکدانی فولکەکە دووپاتکردنەوەی یەکڕیزی و ڕێزگرتنە لە ئایین و باوەڕی نەتەوەکان، لە هەمان کاتدا بڕوامان بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری بەهێزتر بوو کە پێکەوە خەبات بکەین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی هەموو گەلانی چەوساوە، ئێمە برینەکانمان ساڕێژ دەکەین، بەڵام دەمانەوێت لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییانە بکرێت، ئەردۆغان چەندین تاوانی مرۆیی دژ بە پێکهاتەکان ئەنجامداوە و نابێت بە بێ لێپرسینەوە تێپەڕببێت، لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا لە بواری یاساییدا دەبێت ئەردۆغان دادگایی بکرێت.

 

"ئامانجی سەرەکیمان پاراستنی مێژوو و شارستانێتییە"

جۆرجێت بەرسوم ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان ڕێگرتنە لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکانی سەیفۆ و سیمێل، برینی سەدەی قڕکردن و کۆمەڵکوژی بە ڕێکخستن دەپێچین، ئێمە کەمێک دەگەڕێینەوە بۆ سەدەی ڕابردوو، عوسمانییەکان پیاویان کوشت، بەڵام ژنان بەم شێوەیەی ئێستا نەبوون، مێژووش شایەتی ئەوە دەدات کە چۆن ژنانی ئەرمەنی و سوریانی لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی دیکە گوازرانەوە، یان منداڵەکانیان لەبەرچاویاندا دەیانکوشتن، سەدان هەزار ژن لە مافی ژیان بێبەش بوون بۆ ئەوەی ئایینەکەیان بگۆڕن، لەبەردەم هاوژین و منداڵەکانیان دەستدرێژی سێکسیان دەکرایەسەر، هەموو ئەمانە سیاسەتی تایبەت بوون لە دژی ژنان بۆ ئەوەی جارێکی تر ڕانەپەرن، کەیسی گەلی سوریانی کەمتر نییە لە کەیسی گەلانی ستەمدیدەی هەرێمەکە، ئێمە پێکەوە هێز وەردەگرین، کاتێک ئێمە مافی ژنانی سوریانی دەپارێزین، بە دڵنیاییەوە دۆزی هەموو ژنان دەپارێزین، ئێمە لەو باوەڕەداین کە تێکۆشانی یەکگرتوومان بۆ ژنان مافی هەموو گەلانی ستەمدیدە بەدەست دەهێنێت.