ڤیان حەبابی: پاراستنی پێکهاتەی ئێزدی بە دەستی هێزی ئێزدییەکان مسۆگەرە

ڤیان حەبابی فەرماندەی یەژەشە بۆ ساڵیادی فەرمانی ٧٤ی ساڵی ٢٠١٤ وتی: یەژەشە بۆ تۆڵەی ژنانی ئێزدی دامەزراوە و تا کۆتایی بۆ پاراستنی ژنان و کۆمەڵگەی ئێزدی شەڕ دەکات.

ئەڤین زەندا

 

شەنگال- فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، ڤیان حەبابی بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و تیشکی خستەسەر دەرئەنجامی فەرمانی ٢٠١٤ و ئاماژەی بەوەدا یەژەشە بۆ تۆڵەی ژنانی ئێزدی دامەزراوە و تا کۆتاییش بۆ پاراستنی ژنان و کۆمەڵگەی ئێزدی تێکۆشان دەکات.

 

"هەرچییەک ڕووبدات دەبێت گەلی ئێزدی خۆی بپارێزێت"

ڤیان حەبابی فەرماندەی یەژەشە لە سەرەتای قسەکانیدا شەهیدانی فەرمانی ٧٤ی بەبیرهێنایەوە و وتی: مێژووی کۆمەڵگەی ئێزدی لایەکی فەرمان و لایەکی دیکەی بەرخۆدانە، لە هەموو فەرمانەکاندا قەرەمان هەبوون و ئیزدییەکان خۆبەدەستەوە دانیان قبوڵ نەکردووە، ئامانجی فەرمانەکان لەناوبردنی باوەڕی ئیزدییەکان و داگیرکردنی چیاکانی شەنگال بوو کە ئێزدییەکان هەزاران ساڵ پشتیان پێبەستووە، ئەگەر پێش فەرمانەکە ئامادەکاری بۆ خۆپاراستن بکرایە، دەرئەنجامێکی بە شێوەی ئێستای نەدەبوو، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و فەرمانی ٧٤ پاراستنی شەنگال پێکهات و خۆیان پاراستنی خۆیان دەکەن، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئێزدییه‌کان بەڕێوەدەبرێت، بۆ لاوازکردنی باوەڕی ئێزدییه‌کانە، بە تایبەت گەنجانی ئێزدی و ئەوانەی لە کامپەکانی باشووری کوردستانن. بەڵام بۆ ئێزدییەکان، مردن بۆ خاک و ئایینەکەیان ئاسانترە لە وازهێنان لە باوەڕەکەیان.

 

'گەل شانبەشانی هەپەگە و یەژاستار شەڕیانکرد"

ڤیان حەبابی باسی لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەی ئێزدی کرد و وتی: پێش فەرمانەكە تەڤدا هەبووە، ئەگەر کەمیش بێت گەلی تێدا کۆدەبووە و شەهید سەعید ڕۆڵی پێشەنگایەتی لەو ڕێکخستنەدا هەبوو، زۆر گەنج تێیدا پەروەردە دەکران، لەگەڵ هاتنی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بەشداری شەڕیان کرد، ئەوکاتە پەدەکە لە ناوچەکەدا بوو ئاستەنگی بۆ تەڤدا دروستدەکرد و هەڤاڵ سەعیدیان دەستگیرکرد و ڕێگەیان نەدا خەبات بکات، کاتێک فەرمانەکە ڕوویدا خەڵکێکی زۆر بە پێی هێزی خۆیان شانبەشانی هەپەگە/یەژا-ستار شەڕیان دەکرد. شەهید خەیری یەکێکە لەوانە. بۆ نموونە لە گیرزەرک بەرخۆدانێکی گەورە هەبوو. هەڤاڵ سەعید ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو بۆ ئەوەی خەڵک چیای شەنگال بەجێنەهێڵن. چونکە ئەگەر پێکهاتەی ئێزدی ئەم چیایەیان بەجێهێشتبا هیچ شتێک بە ناوی ئێزدی نەمابوو. هەوڵی هەڤاڵ سەعید بۆ مانەوەی خەڵک بوو لە چیاکانی شەنگال.

 

"هەڤاڵ ژیان ئازاری ژنانی ئێزدی بینی و بە دڵ هەستی پێکرد"

ڤیان حەبابی لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی و ڕۆڵی فەرمانداری یەپەژە، ژیان تۆڵهەڵدان وەها دەدوێت، "ڕەنجی شەهید ژیان تۆڵهەڵدان لە کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی نێوان شەنگال و رۆژئاوا زۆر گەورەیە و پێشەنگایەتی کرد، هەروەها شەڕڤانانی قەسەدە رۆڵێكی زۆر گرنگیان هەبوو لە رزگاركردنی ژنانی ئێزدی لە دەستی داعش. شەهید ژیان پێشوازی لە دەیان ژنی ئێزدی کرد کە لە دەستی داعش ڕزگاریان بوو و ئازاری ژنانی ئێزدی دەبینی و لە ناخەوە هەستی پێدەکرد. بەهۆی ئەوەوە ئێمە وەک یەژەشە قەرزاری شەهید ژیانین. بەهۆی ڕەنج و تێکۆشانەکانیەوە ئێستا یەژەشە بوونی هەیە، شەهیدبوونی شەهید ژیان بۆ ئێمە وەک یەژەشە قورس بوو، بەئامانجکردنی پێشەنگەکەمان ناڕەوا بوو و ترسی دەوڵەتی تورک دەردەخات. چونکە تا ئەو جۆرە کەسانە هەبن دوژمن بە ئەنجام ناگات. شەهید ژیان ئیرادەی ژنانی دەرخست و خستیەڕوو کە ژن نە داری شکاوە و نە ئیرادەی تێکدەشكێت".

 

"دامەزراندنی یەژەشە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ ژنانی ئێزدی"

ڤیان حەبابی هەروەها تێبینی گرنگی لەسەر دامەزراندنی یەژەشە دا و ڕایگەیاند کە یەژەشە لە توڕەیی و ڕق و کینەی ژنانی ئێزدی لە داعش و تۆڵەسەندنەوەی هەزاران ژنی ئێزدی پێکهاتووە، وتی: شوێنە پیرۆزەکان و ژنان لەو فەرمانەدا کرانە ئامانج، چونکە شوێنە پیرۆزەکان نەمێنن باوەڕی نامێنێت، ژیان بەبێ ژن نابێت، ژنانی ئێزدی لە هەموو فەرمانێکدا کرانە ئامانج، لە کۆمەڵگەدا ژن وەک نەزان و بێ ئیرادە سەیر دەکرێت، حسابیان بۆ ناکرێت و هیچ قسەیەکیان نییە، ئەمە وەک چارەنووسێک نووسراوە و دەبێت جێبەجێ بکرێت. بەڵام لەگەڵ هاتنی یەژاستار بینیمان کە ئەوانیش لە دژی دوژمن توند شەڕ دەکەن. هێز و ئیرادەی خۆمان لێیان وەرگرت. ئێمە وتمان کە پێویستە چارەنووسی خۆمان بگۆڕین. دامەزراندنی یەژەشە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی ژنانی ئێزدییە. خەباتی یەژەشە تەنیا لە شەنگالدا قەتیس نەبوو. چوون بۆ ڕەققە و مەنبەج و لەدژی داعش شەڕیان کرد. بۆ یەكەمجار سوپایەكی ژنان لەناو پێكهاتەی ئێزدی پێكهێنرا. کاتێک یەژەشە تازە دامەزرا، ئەو باوەڕییە نەبوو کە ژنان دەتوانن چەک هەڵگرن و شەڕ بکەن، لەلایەن کەسانی ناخۆشەوە هەوڵی لەناوبردنی یەژەشە و ڕزگارکردنی ئیرادەی ژنان دەدرا، دوای ئەوەی یەژەشە بەردەوام بوو لە هەوڵەکانی بۆ ڕزگارکردنی شەنگال، ئەم هەڵوێستە گۆڕا و ئومێدێک دروستبوو، ژنانی ئێزدی ئێستا دەزانن کە شوێنێکیان هەیە ڕووی لێبکەن، لەگەڵ دامەزراندنی یەژەشەشدا هەنگاوی گەورە نرا.