"ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕێگرە لەبەردەم بەشداری ژنان لە سیاسەتدا"

بابەتە سیاسییەکان بوونەتە بابەتی سەرەکی پیاوان، وتار و شیکردنەوە سیاسییەکانیش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە شێوازی پیاوانە و لە زاری پیاوانەوە دەخرێنەڕوو، چەندین هۆکار هەن بەڵام سەرەکیترینیان کۆمەڵگا و ئەقڵیەتی پیاوسالارییە کە پێی وایە ژنان بێتوانان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کاتێک پرسێکی سیاسی بابەتی باس بێت، کەمترین ژن بەشداری دەکەن، بەشی زۆری ژنانی کۆمەڵگای باشووری کوردستان لەسەر بابەتە سیاسەکان نایەنە دەنگ و بیر و بۆچوونەکانیان دەرنابڕن، هۆکاری بێدەنگی ژنان لەسەر پرسە سیاسییەکان زۆرن، بەڵام دیارترینیان تێڕوانینی کۆمەڵگا و داگیرکردنی بابەتە سیاسییەکانە لەلایەن پیاوانەوە، بە جۆرێک ژنان مافی قسەکردنیان نەبێت لەسەر ئەو پرسە سیاسیانە یاخود وەک نەشارەزایەک تەماشایان بکەن.

 

بەربەستەکانی بەردەم ژنان چین؟

ڕۆشنا جەمال، مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی زانستە ڕامیارییەکان و چالاکوانی مافی مرۆڤ، دەربارەی بێدەنگی ژنان لەسەر پرسە سیاسییەکان هۆکارەکانی ڕوونکردەوە و وتی: چەندینی ژنی سەرکەتوو هەن لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سەربازیش بەڵام هۆکاری کەم دەرکەوتنیان و قسەکردنیان لەسەر ئەم پرسە سیاسیانە دەگەڕێتەوە بۆ چەند بەربەستێک، لەوانە "کۆمەڵایەتی و دابونەریت".

 

ئەو مامۆستایە پێیوایە دۆخی کۆمەڵگای ئێمە بە جۆرێکە ژنان ناتوانن بە ئاسانی بیر و بۆچوونەکانیان دەرببڕن، چونکە بۆیان زەحمەتە لە میدیاکانەوە دەربکەون و بیری خۆیان بخەنەڕوو، ئەگەرچی ژن هەن بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمترە و لە ئاستی پێویستدا نییە، "یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بە حیزب بوونی ئەو ژنە سیاسیانەیە، کە ناتوانن بۆ هەموو دەزگا و میدیاکان قسە بکەن و بابەتە سیاسییەکان شیبکەنەوە، چونکە سڵ دەکەنەوە لەوەی میدیاکان و دەزگا ڕاگەیاندنەکان قسەکانیان بە ئاقارێکی دیکەدا ببەن".

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو مامۆستایە خستیەڕوو کە لەگەڵ ئەوەی ژنان چالاک و بە توانان بەڵام باوەڕ بەخۆبوونیان کەمە بەراورد بەو توانستەی هەیانە، هۆکاری ئەم بێ باوەڕیەش کۆمەڵگایە کە هیچکات وەک پشتیوانییەکی ژن نەبووە و بەردەوام لەسەر پرسە سیاسییەکان ژنان وەلا ناوە و بە گرنگ گوێ بۆ قسەکانی نەگیراوە.

 

"ژنان دەرفەتیان کەمترە ببنە شارەزای بابەتی سیاسی"

ڕۆشنا جەمال دەڵێت باسی لەوەکرد ژنان دەرفەتیان کەمتر بۆ دەڕەخستێت ببنە شیکەرەوە سیاسییەکان، چونکە کۆمەڵێک بەربەست لەبەردەمیاندایە جگە لەوانەی باسمان کرد، ئەویش ئەرکی خێزانە، بابەتی سیاسیش پێویستی بە چاودێرییە بە شێوەیەکی بەردەوام و ئاگاداربوون لە کۆمەڵگا و چواردەور بەڵام ئەو دەرفەتە بە ژنان نادرێت.

 

"پیاوان دەسەڵاتیان گرتووە بەسەر هەموو لایەنەکاندا بە تایبەت سیاسەت"

ئەو مامۆستایە دەڵێت: کێشەی باشووری کوردستان کێشەی بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالارییە، کە پیاوان دەسەڵاتیان گرتووە بەسەر هەموو لایەنەکاندا و بەتایبەت سیاسەت و سەربازی، هەروەها ناوەندی بڕیاردان کە لە ئێستادا هەوڵی ژنان بۆ گەیشتنە بە ناوەندی بڕیاردان کە لەلایەن پیاوانەوە قۆرخکراوە و ژنان کراون بە کۆتا.

 

دەربارەی ئەو خوێنداکارانەی بەشی سیاسەت دەخوێنن و تەنها وەک تەواوکردنی کۆلێژێک لێی دەڕوانن و نابنە چاودێرێکی سیاسی ئەو مامۆستایە ئاماژەی پێدا، شارەزابوون لە سیاسەت تەنها بە خوێندن نابێت، بەڵکو پێویستی بە چاودێری هەیە، بۆیە چاودێرانی سیاسی جیا لە پسپۆڕ پێویستە بە فکرێکی چڕتر لە بابەتەکان بڕوانن و بەردەوام بەدواداچوونیان هەبێت بۆی.

 

"وتاری سیاسی لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە پیاوانە بڵاو دەبێتەوە"

وتارە سیاسییەکان لەسەر زاری پیاوان بڵاودەکرێتەوە و ژنان پێیان وایە وتاری سیاسی پێویستی بە فکری ژن نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان هان نادرێن بۆ هاتنە ناوەوەیان بۆناو سیاسەت، مامۆستا ڕۆشنا جەمال ڕوونیکردەوە ژنان بۆ شیکردەوە و ڕوونکردنەوەی بابەتەکان زیرەکترن، چونکە لە ڕووی زاستییەوە سەلمێندراوە ژنان توانای فکریان زیاترە، ئەگەر ڕێگەیان بۆ خۆشبکرێت و بەربەستەکانی بەردەمیان نەمێنێت دەتوانن باشتر لە پیاوان باباتەکان شیبکەنەوە، "ئەگەر ژنان بێنە ناو سیاسەت، ئەوا سیاسەت بە گۆڕانکارییەکی زۆر و بەرەو باشتردا دەڕوات"

 

"ژن ئامانجی هەبێت، سەردەکەوێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕۆشنا جەمال مامۆستای زامکۆ لە کۆلێژی زانستە ڕامیارییەکان باسی لە ویست و ئیرادەی ژنان کرد بۆ گەشتنە ئامانجەکانیان و وتی: ئەگەر ژن ویستی تەواوی سەرکەتن و بەردەوامی هەبێت، لە هەوڵی بەرەوپێشچوونی ئامانجەکەی بێت بێگومان سەردەکەوێت و دەیسەلمێنێت بۆ کۆمەڵگا و چواردەور کە توانای شیکردنەوەی بابەتە سیاسییەکانی هەیە.