بەدریە ئیسماعیل: بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتانی دیکە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەکی کەوتووە

تا ئێستا دوو جار وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی حزبە سیاسییەکانەوە هەڵبژاردن بەڕێوەنەچووە و دواخرا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە ٩ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٢ پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە ١٢ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسند کرد و بەمەش خولی پێنجەمی پەرلەمان ماوەی ٥ ساڵ درێژەی هەبوو، لە ٢٢ى ئایارى ٢٠٢٣ پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بە گوێرەى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق کە لە بەرواری ٣٠ ئایاری ٢٠٢٣ دەریکرد و ڕوونیکردەوە ئەو کارا کردنەوەیەش "نایاسایی"یە و هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە.

 

هەرچەندە دوو جار وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی حزبە سیاسییەکان و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تا ئێستا کاتێک دیارینەکراوە بۆ هەڵبژاردنەکان.

 

"پەرلەمان گرنگە بۆ هەرێم تا حزبەکان بتوانن کاری تێدا بکەن"

بەدریە ئیسماعل، ئەندام پەرلەمانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆسەی هەڵبژاردن پێویستە لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەتایبەت لەم دۆخەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تیایە و بە دۆخێکی پڕ لە قەیرانی سیاسی، ئابووری و دیبلۆماسیدا تێدەپەڕێت وتیشی: لە کاتی خۆیدا و لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت، پڕۆژە یاسامان پێشکەش بە پەرلەمان کردووە، بەڵام لە کاتی خۆیدا نەکرا.

 

بەدریە ڕوونیکردەوە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە و دواتر پەک بخرێت، چونکە پەرلەمان بۆ هەرێم گرنگە و ئەگەر لەمە زیاتر دوابکەوێت بۆشایی یاسایی دروست دەبێت، جگە لەوە کێشە و گرفتەکان زیاتر دەبن، چونکە سەرجەم کێشە و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگە بە بوونی پەرلەمانەوە بەندن و یەکێک لە کێشە دیارەکانیش پەک خستنی خوێندنە لە پارێزگای سلێمانی، کە ئەگەر پەرلەمان هەبووایە داواکاری هاوڵاتیان دەگەیشتە سەرۆکایەتی و باباتەکە زەق دەکرایەوە، تا دەبوو بە فشار و دەرەنجامێکی دەبوو.

 

نەبوونی پەرلەمان کێشەکانی لە هەرێمی کوردستان زیاد کردووە

بەدریە ئیسماعل باسی لە یەکێکی دیکە لە کێشەکان کرد کە لە ئەنجامی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دروست بووە، ئەویش قەڕەباڵغبوونی چاکسازییەکانە، وتی: شەش چاکسازی لە هەرێمی کوردستان هەیە سێی گەوران و سێی ژنان و منداڵان، جگە لە ئاسایشە گشتییەکانی هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم، لە خولی پێنجەمدا بە واژووی ٧٢ ئەندام پەرلەمان داوای لێبووردنی گشتیان کردبوو بە پێی یاسای لێبووردنی ساڵی ٢٠١٧، دەبوو ساڵی پار لێبووردنی گشتی دەربکرێت، بەڵام نەکراو و ڕۆژانە سزادراو زیاد دەکات و کێشەی دیکە دروست دەکەن.

 

دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکان بۆ سەر کۆمەڵگە، بەدرییە ئیسماعیل ڕوونیکردەوە، گەلی کورد لە مێژوەوە شەهیدی داوە و شۆڕشی کردووە لە پێناو هەبوونی دامەزراوەیەکی وەک پەرلەمان، لە ئێستادا کە بوونی نییە بێگوومان کاریگەری نەرێنی دروست دەکات، لەوانە داهاتووی خەڵک، هەلی کار، گرفتی موچە، کاری کردووەتە سەر ئابووری خەڵکی، خوێندن ڕاگیراوە و تاوانەکان زۆرتر بوون، هەموو ئەمانە گرفتی سەرەکین لە نەبوونی پەرلەمان، بە مەرجێک ئەگەر پەرلەمان هەبووایە و سەرۆکی پەرلەمان ئەجێندای حزبایەتی جێبەجێ نەکردایە و ئەندام پەرلەمانەکان دەنگی ڕاستی گەل بوونایە، ئەوا ئەم کێشانە نەدەبوون.

 

"نەبوونی پەرلەمان کاریگەری نەرینی لەسەر دۆخی ژنان دروست کردووە"

ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، نەبوونی پەرلەمان و دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان کاری کردووەتە سەر دۆخی ژنان و دووبارە ژنان بوونەتە زەرەرمەندی سەرەکی، چونکە هەم لە پەرلەماندا ژنان ئاستێکی باڵایان نەبوو، لە بوونی داواکارییەکانیشیاندا سەرۆکی پەرلەمان بەدەم داواکانەوە نەدەهات و کارەکان سستی پێوە دیار بوو، ئەمەش کاریگەری خراپی دروستکردووە لەسەر دۆخی ژن، چونکە ژنان تا ئێستا توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن.

 

هەروەها باسی لەوەکرد داوای هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنانیان کردووە بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە و نەبوونی پەرلەمانیش لە ئێستادا دۆخەکەی خراپتر کردووە، دەشڵێت: هەرچەندە پڕۆژە یاسایان بۆ گۆڕانکاری لە پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکاندا پێشکەش کردووە، بەڵام قبوڵ نەکرا بەهۆی نەیاریی لایەنەکانەوە، چونکە هەندێک لایەنەکان سودمەندبوون لەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت.

 

"حزبە سیاسییەکان بووەنەتە بەربەست لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان"

لە درێژەی قسەکانیدا بەدرییە ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد، حزبە سیاسییەکان ڕێکناکەون و بەکرێگیراوی وڵاتانی دراوسێن و لە ژێر سیاسەتی ئەواندا حکومڕانی دەکەن، بوونەتە بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا، بەڵام دەستی دەرەکیش ڕۆڵ دەبینێت لەوەی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکات، ئەگەر نا گەل باجەکەی دەدات، دەشڵێت: تا ئێستاش کاتێکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنەکان دیاری نەکراوە، تەنها بە پێی شیکردنەوە سیاسییەکان مانگی شوباتی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدرێت.

 

لە کۆتایشدا بەدریە ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد ئەگەر هەڵبژاردنەکان ئەنجام نەدرێن، ئەوا خولی پێنجەم درێژە بە دانیشتنەکانی نادات، چونکە بە پێی دادگای فیدڕاڵی عێراق هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەی ڕێگە چارەسەرە لە ئێستادا تەنها جەختکردنە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی چیتر گەل لە ژێر قەیرانە جیاوازەکاندا نەتلێتەوە.