دوای ساڵێک لوبنان لە ساتی تەقینەوەکەدا ماوەتەوە

ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر تەقینەوەکەی بەندەری مەرفا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون، تا ئێستاش لوبنان کاریگەری تەقینەوەکەی لەسەر بەجێماوە.

 

تەوار پێنجوێنی

بەیروت- ٤ی ئابی ٢٠٢٠ گەورەترین تەقینەوە لە بەندەری مەرفا-مرفأ لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕوویدا، بەهۆیەوە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە ٦٥٠٠ کەس بریندار بوون، ٣٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون و تا ئێستاش ٩ کەس بێسەروشوێنن، پایتەختی لوبنانیش زیانێکی زۆری پێگەیشت و وێران بوو، بەپێی زانیارییەکان ٪٧٥ی تەقینەوەکە لەناو ئاودا بوو، ئەگەرنا لوبنان ڕووبەڕووی کارەساتی گەورەتر دەبووەوە.

لە تەقینەوەکەدا ٢٧٥٠ تۆن ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم تەقییەوە گەورەترین زەمین لەرزەی لە بەیروتدا دروستکرد، هەروەها نزیکەی ١٥ ملیار دۆلار زیانی ماددی هەبوو، دوای کەمتر لە هەفتەیەک حکومەت هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و سەرۆک وەزیران و چەند وەزیر و پەرلەمانتارێک نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد.

 

دوای تەقینەوەکە گروپێکی لێکۆڵینەوەی فەرەنسی و ئێف بی ئای ئەمریکی گەشتنە مەرفا و لێکۆڵینەوەیان کرد، بەڵام وا ساڵێک تێپەڕدەبێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە نهێنی ماوەتووە و ئاشکرا نەبوو چ دەستێک لە پشت تەقینەوەکەی بەندەری مەرفاوە بووە، هەندێک حزبوڵای لوبنان تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەوڵی تەقینەوە و تێکدانی ئاسایشی لوبنانی داوە، هەندێکی دیکەش پێیان وایە تەقینەوەکە تەنها بەهۆی ٢٧٥٠ تۆن نیترانی ئەمۆنیۆمەوە بووە، کە کەمتەرخەمی کراوە لە چۆنیەتی هەڵگرتنی.

کاریگەری تەقینەوەی مەرفا لەسەر هاوڵاتیان

ئەسمەهان عەلی، نوێنەری کۆنگرە ستار لە وڵاتی لوبنان، دەربارەی تەقینەوەکە ئاماژەی بەوەدا: تەقینەوەکە زیانی ئابوری، تەندروستی و دەرونی لە لوبناندا، لە ڕووی سیاسیشدا حکومەتی پارچە کرد، هەتا ئێستاش دادگایکردنی تاوانبارانی تەقینەوەکە بەڕێوە نەچووە.

تەقینەوەکە لە ناوچەیەکدا ڕوویدا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی مەسیحین، هەروەها بەشێکی زۆری موسڵمانان، گەشتیار و کەسانی بیانی بەرکەوتەی تەقینەوەکە بوون، لە دوای تەقینەوەکەش دانیشتوانی بەیروت ترسی تەقینەوەکەیان لە دڵتا مابوو، ئەسمەهان دەربارەی دۆخی هاوڵاتیان وتی: زۆرینەی هاوڵاتیان ناو شاری بەیروتیان بەجێهێشت و لە چیا و ناوچە دوورەکاندا دەمانەوە، منداڵان دەترسان و لە خەودا هاواریان دەکرد، دۆخی دەروونی لوبنانییەکان زۆر تێکچوبوو کە مۆرکی ئەو ڕۆژانە هەتا ئێستاش بە دانیشتوانی لوبنانەوە دیارە.

"دەوڵەتانی زلهێز دەخوازن لە ڕێگەی مەرفاوە هەنگاو بۆ لوبنان بنێن"

لەدوای تەقینەوەکە و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی لوبنان تا ئێستا حکومەت پێکنەهاتووەتەوە، لوبنانیش لە ساتی تەقینەوەکەدا ماوەتەوە تەنانەت نەتوانراوە بینا و ناوچە وێران بووەکەش بە ڕادەی پێویست ئاوەدان بکرێتەوە.

 

ئەسمەهان عەلی ئاماژەی بە سیاسەتی دەوڵەتانی زلهێزدا کە دەیانەوێت بە ڕێگەی ئاوەدانکردنەوەی مەرفاوە هەنگاو بۆ لوبنان بنێن و وتی: دەوڵەتانی وەک ڕوسیا، ئەمریکا و فەرەنسا ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە دەتوانن بەندەری مەرفا ئاوەدان بکەنەوە، بەڵام لەپشت ئاوەدان کردنەوەی مەرفاوە دەخوازن کە کارگە و ڕێکخراوی خۆیان لە لوبناندا بکەنەوە و دەست بخەنە کاروبار و بەڕێوەبردنی لوبنانەوە، بە هەمان شێوەش دەوڵەتی تورکیا هەمان هەوڵ دەدات، بەڵام تا ئێستا ڕێگەیان لێگیراوە و پلانەکەیان نەچووەتە سەر.

سەرەڕای قەیرانی سیاسی، قەیرانی ئابوری هەیە و ڕێژەی بێکاری ٪٤١.٤ە

لە دوای تەقینەوەکەی مەرفا هیچ دادگایەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی ڕاستی تەقینەوەکە دروستنەبووە، لایەنە سیاسییەکانیش یەکتری تۆمەتبار دەکەن بەوەی دەستیان لە تەقینەوەی بەندەرەکەدا هەبێت، لوبنانییەکانیش ترسی گەورەیان لە دروستبوونی شەڕی ناوخۆ هەیە، بەو پێیەی کێشە و قەیرانی سیاسی و ئابوری باڵی بەسەر لوبناندا کێشاوە.

لوبنان سەرەڕای قەیرانی سیاسی، قەیرانی ئابوریشی هەیە، بەپێی ئامارەکان ڕێژەی بێکاری لە وڵاتی لوبنان لە ساڵی ٢٠١٨دا ٪١١.٣، لە ساڵی ٢٠١٩دا بەرزبووەتەوە بۆ ٪١٨.٥، هەروەها ڕێژەکە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٪٣٦.٩یە، بەپێی دواین ئاماریش ڕێژەی بێکاری لە ساڵی ٢٠٢١دا ٪ ٤١.٤، ئەمە کاریگەری کردووەتە سەر دۆخی هاوڵاتیان، ئەمەش پلانی دەوڵەتانی زلهێزە بۆ دەستگرتن بەسەر لوبناندا لە ڕیگەی خستنی ئابورییەکەیەوە.

ت.پ