گوڵستان سەعید: سیستمی حکومڕانی هەرێم ژنی لە ناوەندی بڕیار بێبەری کردووە

بەشداری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار هۆکارە بۆ بەدیهێنانی یەکسانی و دیموکراسیەت، بەڵام هەرێمی کوردستان لەو لایەنەوە هەمیشە لە دواکەوتندایە و تا ئێستا بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری حکوم دەکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بە نزیکەی ٣٣ ساڵە حکومەتی هەرێم حکومڕانی دەکات، بەڵام تا ئێستا بە پێی پێویست ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا نین، نەبوونی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا کەموکورتی دروستکردووە، چونکە تا ئێستا ئەو دەسەڵاتە بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری حکوم دەکات، ئەقڵیەتی پیاوسالاریش هەموو یەکسانی و دیموکراسیەتێک ڕەت دەکاتەوە، بۆیە ئاشتی و ئارامیش لە هەرێمدا بەدی ناکرێت، بۆ ئەمەش تێکۆشانی ژنان و هەوڵدان بۆ گەیشتنیان بە ویستەکانیان پێویستە.

 

"بەشداری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا دەبێتە هۆی دروستبوونی سەقامگیری وئاشتی"

گوڵستان سەعید، سیاسەتمەندار، ئاماژەی بەوەکرد، بەشداری ژنان لە ناوەندی بڕیاردا دەبێتە هۆی دروستبوونی سەقامگیری، وە دەتوانێت ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندیەی لە خودی خۆیدا هەیەتی، بیخاتە خزمەت پڕۆسەی سیاسەت و بڕیاردان، بەڵام بەشداری ژنان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی پێویستدا نییە، ژنان لە ئاستی پێویست پۆستی باڵایان نادرێتێ، یاخود لە هەموو پارتە سیاسیەکاندا ژنان نابیندرێن، لە ناوەندەکانی بڕیارداندا، بەڵکو ژنان زیاتر لە ئاستی ناوەندیدان.

 

گوڵستان سەعید ڕوونیکردەوە بەشداربوونی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان و پۆستە باڵاکان دەبێت هۆی دروستبوونی سەقامگیری و بەرقەراربوونی ئاشتی، جگە لەوەش خزمەتکردنی بە فکری ژنان و بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگەزی، ئەمانە سەرجەمیان کاریگەری دروست دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ڕێژەکە لە ئاستێکی نزمدایە و تەنانەت وەک کۆتاش ٪٢٥ی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردانیشدا نین.

 

"بەهۆی نەبوونی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا ئاشتی لە هەرێمدا بەدی ناکرێت"

دەربارەی بەشداری نەکردنی ژنان لە پۆستە باڵاکان و ناوەندەکانی بڕیارداندا گوڵستان سەعید وتی: بەشداری نەکردنی ژنان بووەتە هۆکار تا حکومڕانی بە فکری ژن نەبێت، بەمەش یەکێک لەو کەموکورتیانەی دروستی کردووە نەبوونی ئاشتییە، وەک چۆن ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئاشتی بەدی ناکرێت، بەڵکو لە هەموو کایەکانی ناو کۆمەڵگە توندوتیژی بەرقەرارە، سەقامگیری سیاسی بەدی ناکرێت، بەردەوام خەڵک لە قەیرانی قوڵی سیاسی، ئابووری و یاسایدایە.

 

ئەو سیاسەتمەندارە ئاماژەی بەوەکرد، بەشداری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان و پۆستی باڵا بەرقەراربوونی دیموکراسیەتە، ژن و پیاو وەک یەکن و دەتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، وتیشی: کارکردنی ژنان لەو شوێنانەی کاریان تێدا کردووە بووەتە بەڵگەیەک بۆ ژنان کە دەتوانن هەموو کارێک بکەن و کاریگەری ژنانەی خۆیان لەو شوێنەدا ڕەنگ بداتەوە، بۆیە ئەگەر ژنان ڕێژەیان لە ناوندەکانی بڕیارداندا زیاد نەبێت، یەکسانی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی بەرقەرار نابێت.

 

"ئەو سیستمەی حکومڕانی دەکات پەیڕەوی فکری پیاوسالارییە"

گوڵستان سەعید بەشداری نەکردنی ژنانی گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێک و ئاماژەی بەوەکرد، سیستمی حکومڕانی و سیستمی پارتە سیاسیەکان و ئەو یاسایانەی پارتە سیاسیەکانی لەسەر بونیادنراوە نادیموکراسییە و نەیتوانیوە بەشداری ژنان زیاد بکات، بەڵکو ژنان ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە خودی ژنان خۆیانن کە خۆیان بە شایستەی ئاستە باڵاکان نابینن و هەمیشە لە ناوەندیدا پۆست وەردەگرن، لە کاتێکدا ژنان دەتوانن خاوەن بڕیار بن و ڕۆڵیان هەبێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، ئەو سیستمەی حکومڕانی دەکات پەیڕەوی فکری پیاوسالارییە، بە ژن و پیاوەوە خزمەت بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەکەن، ئەوەندەی گرنگی بە چەسپاندنی ئەو ئەقڵیەتە دەدەن، ئەوەندە کار ناکەن بۆ ئاشتی و دیموکراسی، گوڵستان سەعید دەڵێت: جگە لەمانەی باسمان کرد، هۆکاری دیکەش هەن کە ژنان ڕەتی دەکەنەوە خۆیان ڕادەستی پارتە سیاسیەکان و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان بکەن، خۆیان خاوەن بڕیارن و ڕادەستی ئەجێندای سەرکردەی پارتە سیاسییەکان نابن، ئەمەش ئەو ژنانەن کە ناخرێنە ناوەندی بڕیار و ناچنە ناوەندەکانی بڕیاردان.

 

"ژنان بە تێکۆشانی خۆیان دەتوانن دەنگیان یەک بخەن و دیموکراسی بەرقەرار بکەن"

ئەو سیاسەتمەندارە باسی لەوەکرد، ئەوەی لە ئێستادا بانگەشەی بۆ دەکرێت بە ناوی دیموکراسیەت و یەکسانی کۆمەڵایەتی شکست دەخوات، چونکە کۆمەڵگە بریتییە لە هەردوو ڕەگەز، ئەگەر بە یەکسانی ڕێکنەخرێت، کەواتە نەتوانراوە پڕۆسەی دیموکراسی بەرقەرار بێت، بۆیە بەشداری نەکردنی ژنان شکست بە هەردوو چەمکی دیموکراسی و یەکسانی کۆمەڵایەتی دەهێنێت، وتیشی: یەکێک لە هەوڵەکان بۆ باشبوونی دۆخەکە ئامادەبوونی ژنان خۆیانە، هەوڵی ژنانە، چونکە هیچ لایەن و کەسێک پلە و پۆستێک نادات بە ژن، بەڵکو دەبێت ژن خۆی هەوڵی بۆ بدات و مێژووش ئەوەی سەلماندووە بە هەوڵی ژن ژنان گەیشتوونەتە ئامانج.

 

پەروەردەکردنی ژن خۆی لە ڕووی مەعریفی، زانستی و ڕۆشنبیری سیاستی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ژن پێشبکەوێت، ئەگەر ژن خۆی هەوڵی ئەوە نەدات بێگوومان لە پارتە سیاسییەکاندا پەراوێز دەخرێت، لە کۆتاییدا گوڵستان سەعید دەربارەی ئەو بەربەستانەی دروست دەکرێت، وتی: بەربەست و ڕێگری بەردەوام هەیە، بەڵام هەوڵدانی ژنان وا دەکات ژینگەیەک بێتە ئاراوە بە فشار و دەنگ هەڵبڕینی خۆی تا بتوانێت گۆڕانکاری لە سیستمدا بکەن، ژنان خۆیان بە دروستکردنی فشار و هەوڵدان بۆ ناوەندەکانی بڕیار ڕۆڵ دەبینن بە باشترکردنی دۆخەکە، ئەمەش بە تێکۆشان دەکرێت، هەرچەند پارتە سیاسیەکان هەوڵی لەناوبردنی هەرێم بدەن، ژنان بە یەکگرتووی ژنان دەتوانن هێزیان یەک بخەن و بەشداری ناوەندەکانی بڕیاردان بکەن و دۆخی هەرێم بەرەو باشتر ببەن.