"دەوڵەتی تورکیا چاوی بە دەستکەوتی کورد هەڵنایەت"

دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بێ دەنگیان هەڵبژاردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-گەلی کورد بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بووەتەوە، بەتایبەتی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژانە چەندین کەس شەهید و بریندار دەبن، ئەمە لە کاتێکدایە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسیە کوردیەکانیش بێ دەنگیان هەڵبژاردووە لە ئاست ئەم هێرشانەدا.

 

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ٢٤ هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، ٧ هاوڵاتییان بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ هاوڵاتیش بەهۆی فڕۆکەی جەنگی و هاوڵاتییەکیش بەهۆی تەقینەوەی مین، گیانیان لەدەستداوە.

 

لەبارەی بریندارەکانیشەوە ڕایانگەیاندووە، ١٢ هاوڵاتی بریندارن، کە ١٠ کەسیان بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا و سێ هاوڵاتیش بەهۆی تەقینەوەی مینی تورکیاوە بریندار بوون.

 

"لەناوبردنی کورد کولتووری فاشیستی تورکیایە"

چرۆ شوانی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری فاشیستی تورکیا، کە لە هەر شوێنێک دەستکەوتێکی کورد هەبێت چاوی پێدا هەڵنایەت و هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی دەدات، لە ئێستاشدا ئەو خۆبەڕێوەبەریەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، بووە بە کێشە بۆ دەوڵەتی تورکیا، ئەویش بەردەوام هێرشەکانی چڕ دەکاتەوە، نەک بۆ سەر ڕۆژئاوا بەڵکو بۆسەر باشووری کوردستانیش، وتیشی: تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ ژێرخانی ئابووریەکەی بەرەو داڕووخان دەڕوات، چونکە هەموو ئابوورییەکەی تەرخان کردووە بۆ لێدان لە کورد.

 

"تا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بێت کورد بەهێزتر دەبێت"

چرۆ شوانی ڕوونی کردەوە، دەوڵەتی تورکیا بۆ شاردنەوەی شکستەکانی دەست دەکاتەوە بە هێرشەکانی بۆ سەر کورد، ئەوەش جێگەی ئاماژەیە هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی پێشووی بۆ سەر ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە، لە هێرشەکانیشیدا هەموو بوارەکان دەکات بە ئامانج، تەنانەت لایەنی ڕۆشنبیری، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت دەوڵەتی تورکیا بە هیچ شێوەیەک پێشکەوتن و بوونی کوردی ناوێت.

 

وتیشی: هەرچەندە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بێت، زیندوو بوونەوەیەک لەناو کورددا هەیە، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو خۆبەڕێوەبەری و دەستکەوتەی کورد بەهێزتر دەبێت، بۆیە هێرشەکانیشی بۆ سەر ڕۆژئاوا شتێکی نامۆ نییە بە لای ئێمەی کوردەوە، تەنانەت ئێستا هێرشەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ناو جەرگەی شارەکانی باشووری کوردستان.

 

"بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکان دەبێت کورد یەکدەنگ بێت"

چرۆ شوانی باسی لەوەشکرد، "ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، چەندێک هێرشەکان چڕتر بێتەوە حکومەتی هەرێم و عێراقیش نایەنە دەنگ لەسەری، کە ئەو هێرشانە سنوری خاکیان بەزاندووە، ئەم بێ هەڵوێستیەش جێگەی پرسیارە، ئێمە چاوەڕێ لە کورد خۆی دەکەین بەرگری لە خۆی بکات و خاوەن هەڵوێست بن و یەک بگرن، بۆ ئەوەی دەنگیان بگاتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەو ناتەباییەی لەناو کوردا هەیە، پێویستە کۆتای پێ بهێنرێت، ئەمەش بە هاتنە لای یەکی لایەنەکان دەبێت و دەبێت کورد هەڵویستی هەبێت بەرامبەر بە داگیرکارییەکان.