"بوونی پلاتفۆرمی ژنان لە دیجیتاڵ میدیادا گرنگە"

بەهیە نار، پسپۆڕی دیجیتاڵ میدیا، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە ژنان دیجیتاڵ میدیا وەک بوارێک بەکاربهێنن کە بتوانن چیرۆکی سەرکەوتنەکانیان تێدا بڵاوبکەنەوە و خۆیان ڕێکبخەن.

زهور مەشرەقی

 

تونس- دیجیتاڵ میدیا یارمەتی ژنان دەدات بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانیان و دەتوانێت ببێتە چارەسەرێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەریان.

 

بەهیە نار، پسپۆڕی دیجیتاڵ میدیا، ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بەرەنگاریی دەسەڵاتی پیاوان ببنەوە، پێویستیان بە پلاتفۆرم هەیە بۆ یارمەتیدانیان و هۆشداریشیدا لەوەی کە ژنان پێویستە وریا بن لەکاتی بەشداریکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوەی دووجار ڕووبەڕووی توندوتیژی نەبنەوە.

 

"دیجیتاڵ میدیا بوارێکی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی"

بەهیە نار باسی لەوەشکرد، پێویستە سایتەکانی دیجیتاڵ میدیا بە شێوەیەک بەکاربهێنرێت کە خزمەت بە کێشەکانی ژنان بکات، وتیشی: دیجیتاڵ میدیا ڕێگایەکە بۆ ئەوەی ژنان دەنگی خۆیان ببیستن و خۆیان دەرببڕن، بوارێکی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، هاوکات لەگەڵ بۆچوونەکان لەسەر پرسی ژنان، پێویستە ژنان لە سایتە دیجیتاڵ میدیاییەکان ئامادە بن، هاوبەشکردنی ئەزموونەکانی ژنان لە دیجیتاڵ میدیادا گرنگە، بە تایبەت کە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە بە عەقڵیەتی هەژموونی پیاوانە دەورە دراوە.

 

"کاردانەوەکان دژی توندوتیژی و کۆمەڵکوژی دژی ژنان لە دیجیتاڵ میدیادا خێراتر ڕوودەدەن"

 

بەهیە نار وتیشی: بەهۆی دیجیتاڵ میدیاوە ئێستا دەتوانین کاریگەری لەسەر ژنان دروست بکەین، گوێ لە ڕووداوەکانی توندوتیژی بگرین، پەیوەندییان پێوە بکەین و ئیدانەیان بکەین، بۆ نموونە لە سایەی فەیسبووکەوە زانیمان کە ژنێک لە شاری کایروان لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە. دامودەزگاکانی دەوڵەت و ڕێکخراوەکانی ژنان کاردانەوەیان هەیە و فشارێک هەبوو بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە بکوژەکە بکرێت.

 

بەهیە نار ئاماژەی بەوەشکرد، دیجیتاڵ میدیا شمشێرێکی دیکەیە، یارمەتیدەرە بۆ ئاشکراکردنی توندوتیژی و پەروەردەکردنی ژنان و بە بازاڕکردنی پڕۆژەکان و گێڕانەوەی چیرۆکی سەرکەوتن، بەڵام هەندێکجار زیان بە ناوبانگی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران دەگەیەنێت، وەک ئامرازێک بۆ توندوتیژی و ڕەشبگیری و هەراسانکردن بەکاردەهێنرێت، ژنان داوای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٥٨یان کرد کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دیجیتاڵی بڵاوکرایەوە، زۆرجار توندوتیژی دیجیتاڵی بووەتە دیاردەیەک کە مەترسی لەسەر بوونی ژنان دروست دەکات.

 

"کاتی یەکڕیزییە لە دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری"

بەهیە نار ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ژنان ئیلهام لە یەکتر وەربگرن، دەتوانن سەرکەوتنەکانی خۆیان لە دیجیتاڵ میدیادا بەیەکەوە باس بکەن و لە کۆتاییدا دەڵێت: لە بەرامبەر عەقڵیەتی پیاوسالاری، کاتی ئەوە هاتووە ئێمە یەکتر پەروەردە بکەین و یەکبگرین، ئێمەی ژنان هەمان کەیس و داواکاریمان هەیە، بوونی پلاتفۆرمی ژنان لە دیجیتاڵ میدیادا گرنگە و پێویستە پاڵپشتی بکرێت، پلاتفۆرمی ژنان دەبێت لە ڕووی هۆشیاری و سۆز و پەروەردەوە بەهێز بن، چونکە ئەو پلاتفۆرمانە پاڵپشتی یەکەمن بۆ ئێمە.