“ پەرلەمان بۆ بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات تەرخانکراوە و گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی ژنان نادات“

ساز عەبدوڵا، چالاکوانی بواری ژنان، سەبارەت بە بەژداری ژنان لە پەرلەمانی کوردستان وتی: پێویستە ژنانی بەژداربوو لە پەرلەمانی کوردستان لیژنەی تایبەت بە ژنان چالاک بکەنەوە و کار بۆ پرسی ژنان بکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ڕێژەی بەژداربوونی ژنان لە پەرلەمانی کوردستاندا یەکسان نییە بە ڕێژەی بەژداربوونی پیاوان و ڕێژەکە ٣١ یە، هاوکات لە پەرلەمانی کوردستان و لە ناو پارت و لایەنە سییاسییەکانیشدا، ڕۆڵ و پێگە گرنگەکان بە ڕێژەیەکی زۆر بۆ پیاوان تەرخانکراوە و ژنان وەک پیاوان دەرفەتی بەژداربوون و بەدەستهێنانی ئەم ئەرکانەیان نییە، بۆ بیانووی ئەمەش زۆرجار دەڵێن ژنان ناتوانن ئەم ئەرکانە بەڕێوە ببەن.

 

'ڕێگریکردن لە ژنان بۆ بەدەستهێنانی پێگەی گرنگ نیشانەی دواکەوتوویی حزب و دەسەڵاتدارەکانە'

سازە عەبدوڵا، چالاکوانی بواری ژنان لەبارەی ڕۆڵی ژنان لە کوردستان لە کایەی سیاسیدا، پێیوابوو لە ئێستادا ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن و زۆر بەباشی چوونەتە ناو ڕەگ و ریشەی کێشاکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی کێشەکانی ژنان و وتیشی: سەرباری هەموو ئەو تووندوتیژی و ڕێگرییانەی لەبەردەم ڕێگای کارکردنی ئەم ژنە چالاکانەدا هەیە، هیوادارم بەردەوامی بە ڕێگەکەیان بدەن.

 

لە بەرامبەر بەشداریپێنەکردنی ژنان لە پۆستە گرنگەکانی ناو پارت و لایەنە سیاسییەکاندا و یەکساننەبوونی دەرفەتی ژنان بۆ چوونە ناو پەرلەمانی کوردستانەوە ئەم چالاکوانە وتی: بەداخەوە لە ساڵی ١٩٩٢ووەوە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بە عەقڵییەتێکی خێڵەکی و دەرەبەگایەتی و ئاغایەتییەوە، دەستییانگرتووە بەسەر سەرجەم جومگە و پێکهاتەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، وێڕای ئەندامبوونی ژنان لە پارتەکانیانا.بەڵام لەبەرئەوەی عەقڵییەتێکی پێشکەوتنخواز نەبوون، ڕێگربوون لەبەرامبەر بەشداری ژنان لە پۆست و پێگە گرنگەکاندا، بەو بیانووەی کە ژنان لە بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکانەدا باشنین. لە کاتێکدا ژنان لەم پۆستانەدا تاقینەکراونەتەوە تا ئەم وتانە بوترێت، لە هەمانکاتدا ئێمە دەبینین ژنانی چالاک و لێهاتوو، لە بەڕێوەبردندا زۆر باشن و ئەم قسانە تەنیا دواکەوتوویی و ئاستی ئەو پارتانە دەردەخات، بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا، وێڕای بەشداربوونی چەندین ژنی ئازا و لێهاتوو لە کاری خۆیاندا، بەڵام دەبینین لایەنە سیاسییەکان زیاتر گرنگی بە کاندیدە پییاوەکانیان دەدەن، بە هەر هۆکارێکی وەک گوێڕایەڵبوونیان بۆ حزب، یان هاوڕێیەتی و نزیکایەتیان، کە من هیوادارم ئەم دیاردەیە بۆ خولەکانی دیکەی پەرلەمان نەمێنێت، بەهەمان شێوە پێویستە دەنگدەران و بەتایبەتی دەنگدەرانی ژن، زیاتر دەنگ بە کاندیدە ژنەکان بدەن بۆ بەشداربوونیان لە پەرلەمان.

 

'هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ بۆ بەرژەوەندی ئەو مەزهەب و تایفانەیە کە دەسەڵاتییان بەدەستە'

هەروەها سەبارەت بە دەرچوون و بەژداربوونی بەشێک لە بەربژێرەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا، لە کاتێکدا چالاکوانی بواری ژنان نەبوون، وتی: ئەو ژنانەی کە لەم خولەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا دەرچوون، بەشێکی زۆرییان بە دەنگی خۆیان دەرنەچوون و لە هەڵبژاردنێکی دیزایینکراودا و بە بڕیاری حزب ئەم پلەیەیان بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا لە بواری ژناندا کارییان نەکردووە، بەڵام سەرباری ئەوەش هیوادارم و پێموایە هێشتا درەنگ نەبووە و دەتوانن لەم چوار ساڵەدا لە پرسەکانی ژنان بێنە پێشەوە و چارەسەری ڕێشەییان بۆ بدۆزنەوە، کۆبوونەوە لەگەڵ چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی ژنان بکەن و بارودۆخەکان هەڵبسەنگێنن.

لە هەمانکاتدا باسی لەوەش کرد کە پەرلەمانیش وەک هەموو پیکهاتەکانی تری حوکمەت بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات کاری تێدا دەکرێت و لە بەرژەوەندی ژنان نییە و وتیشی: نمونەی ئەم بەرژەوەندیخوازییە لە پێناو بەرژەوەندی دەسەڵات و تایفە و ئەو مەزهەبانەی خاوەن دەسەڵاتی کۆمەڵایەتین، تازەترین هەوڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی ژمارە ١٨٨، کە بەشوودانی کچان لە خوار تەمەنی یاسایی بە یاسا دەکات و دژ بە مافی مرۆڤ و سەرجەم دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانە و دژی بەرژەوەندییەکانی ژنانە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، سازە عەبدوڵا، چالاکوان لە بواری مافەکانی ژنان، سەبارەت بە پاراستن و یەکسانکردنەوەی پێگەی ژنان لە پەرلەمانی کوردستاندا وتی: پێویستە کار بۆ یەکسانکردنەوەی هەلی بەژداربوونی یەک بەیەک کوورسی لەگەڵ پیاوان بکرێت، هەروەها دەبێت لێژنەی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان چالاک بکرێتەوە و زۆرینەی ژنانی بەشداربوو لە پەرلەمان تێیدا چالاک بن، تاکو ئێمەش بتوانن پەیوەندیمان پێیانەوە هەبێت بۆ گەیاندنی کێشە و ئاریشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.