یەک پرۆژەیی لە وەڵامی پەرتەوازەییدا

‎‎سۆزان حەمە تاتە - نووسەر

هەڵبژاردن تەواوبوو، لە جیهانی دیموکراسیشدا نەریتی سیاسی وایە، دواتر زمانێکی دیکەی قسەکردن دەبینرێت، ئەوە دەبێتە کۆتایی زمانی کاتی بانگەشە و سەرەتای کردنەوەی دەرگا بەڕووی قۆناغێکی نوێدا، بەتایبەتی روونە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن زمانی قسەکردن توندە و سیاسییەکان تۆمەت ئاڕاستەی یەکتر دەکەن، بۆیە بۆ رەواندنەوەی ئەو قۆناغە، سیاسییە ژیرەکان زمانییان دەگۆڕن و کاردەکەن بۆ ئەوەی ئامانج و دروشمەکانیان لەناو کارنامەی حکومەتدا لەگەڵ یەکتردا بگونجێنن و پێکەوە بتوانن خزمەتی خەڵک بکەن.


پێویستمان بە زمانێکە بارودۆخ هێوربکاتەوە
ئێستا لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە زمانی دووەمی قسەکردنی سیاسییەکانە، زمانێک کە بارودۆخی ئاڵۆز هێوربکاتەوە و ببێتە هەوێنی کۆکردنەوەی هێزە سیاسییەکان و کارتێکی سیاسی- کوردستانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە سەرکەوتووەکانی عیراق ئامادەبکەن و پێکەوە بچنە گفتوگۆوە لەگەڵیان.


بەکۆی گشتی «کورد و کۆتاکان»، کوردستان خاوەنی ٦٣ کورسییە لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەو رێژەیە زۆر کەمە و ئەگەر رێککەوتنی سیاسیی پێشوەختە لەگەڵ هێزە پێکهێنەرەکانی حکومەتدا نەبێت بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامەیەک و جێکردنەوەی داواکانی خەڵکی کوردستان تێیدا، ئەوا لەناو پەرلەمان و بە دەنگدان و قسەکردن هیچ بۆ کوردستان بەدەست نایەت و ئەوانیش چۆنیان بووێت ئاوا پرۆژەیاساکان تێدەپەڕێنن و کورد دەستی لە بنی هەمانەکەوە دەردەچێت.


نازونووک و لاوانەی ئێستای سەرکردەی حزبە عیراقییەکان بەرامبەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەجیا، پێوەر نییە بۆ ئەوەی ئەوان لەگەڵ پێدانی مافەکانی خەڵکی کوردستاندان، بەڵکو ئەوە موجامەلەی سیاسییە و بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێویستیان بەدەنگی کوردە، هەڵوێستی راستەقینەی ئەوان ئەوکاتە دەردەکەوێت کە دەسەڵاتیان هەبێت و پێگەی کورد لاوازبێت، کاتێک کە پەرتەوازەیە و دەیانجار ئەوەشمان ئەزموونکردووە.


پێشچوونی هێزە سیاسییەکان بۆ بەغدا و گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی پێکهێنانی حکومەت، دەبێت هەنگاوی یەکەم لە کوردستانەوە بنرێت ئەویش رێککەوتنی هێزە سیاسییەکان و کۆبوونەوەیانە لە دەوری یەکتر، بۆ ئەوەی هێزی زیاتریان هەبێت و ئەوەش ببێتە بناغەی بەهێزبوونەوەی پێگەی کورد لەناو عیراق و دامەزراوەکانیدا.


کار لەسەر پەرتەوازبوونی کورد دەکەن
پەرتەوازەبوون خەونی ئەوانە و کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی کورد بەهێز نەبێت، ئەوە یەکێک لەو پیلانانەیە کەوا ئەوانی دیکە بە بەردەوامیی کاری لەسەر دەکەن و نیگەرانییەکەش ئەوەیە لەم ساتەدا هێزە کوردستانییەکان لە هەموو کات زیاتر، پەرتەوازەترن.


بۆ ئەوەی کورد لە بەغدا بەهێزبێت، پێویستە هێزە کوردییەکان بە یەک پرۆژەوە بچنە گفتوگۆوە لە بەغدا، ئەگەر ئەوە نەکرێ، ئەوا کورد پێگەکەی لاوازتر دەبێت و مافەکانی زیاتر دەکەوێتە بەر مەترسییەوە.