ئەگەر لە کوردستان بومایە، بێگومان دوێنێ لە قەندیل دەبووم.

کەژاڵ حەمەڕەشید - چالاکوان

 

پەکەکە هەموو نەورۆزێک بەقەد خەبات و خۆڕێکخسنتی و بەرخۆدانی ١٠ ساڵی هێز دەگرێتەوە و ئەژێتەوە.

کورد لە ١٦/٣ دا یادی جینۆساید ئەکاتەوە، هەر ٥ ڕۆژ دواتر لە نەوڕۆزدا ئیسپاتی بوونی خۆی و بەرەنگاری و ژیانەوە ئەکاتەوە.

 

نەورۆز لای کورد ساڵی نوێ و بۆنەیەکی کەلتوری و سیاسیشە.....!!!

دوێنێ بەشداری هەزاران کەس لە سلێمانی و کەرکوک شارەکانی تری کوردستانەوە لە نەورۆزی قەندیلدا وەڵامی جەرگ بڕی کوردستان-باشور بوو بە جاشێتی و خیانەتی کۆیلەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەکان و کۆیلەکانی ووڵاتانی داگیرکەر.

 

هەر دوێنێ فیستیڤاڵی دەیان هەزار کەسی نەورۆز لە دیار بەکر و باتمان و قامیشلی و شارەکانی تری کوردستان وەڵام بوو بە ئینکاری کردنی تا ئێستای دەوڵەتی تورکیا بە بوونی کورد و بە ئاشکرا لە ناو پەرلەمانەکەیدا و هەوڵە بەردەوامە شۆفێنیەکانی بۆ لەناوبردنی کورد وەک نەتەوە.

هەندێک پرسیار دەکەن بۆچی نەورۆز لای زۆربەی ئەو گەلانەی ئاهەنگی بۆ دەگێڕن بۆنەیەکی کەلتوری ئاساییە، بەڵام لای کورد بۆنەیەکی سیاسیە؟ هەندێکیش بە ئاگایانەوە مۆرکی خەباتی سیاسی کورد لە نەورۆز دەکەنەوە، هەندێکی تریش بە ئایدۆلۆژیای کلاسیکی ئنتەرناشیناڵەوە دەیانەوێت بڵێن نەورۆز دەبێت تەنها خۆشی بەهار و ساڵی نوێ بێت.

 

لای من ڕاستی و واقع ئەوەیە بەڵێ نەورۆز بۆنەیەکی کەلتوریە و پەیوەندی زۆری بە هاتنی بەهار و بوژانەوە و ژیانی نوێ هەیە و نزیک بە ٣٠٠ ملیۆن کەس لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست هەریەک بەشێوە و ئاستی جیاواز چەوسانەوەیان بینیوە و بەڵام هیچ کام لەو نەتەوانە وەک کورد چەوسانەوە و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی بەخۆوە نەبینیوە، ئێستاش کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کێشەی کوردا بەگشتی چەقی بەستوە، بۆیە نەورۆز بۆ کورد بوە بە سیمبولی مانەوە و هەبوون و بەرەنگاری و بەرخۆدان لەدژی شۆفێنیزم و، وەڵامیشە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە هەمیشە پشت دەکات لە کورد و کێشەکانی. ئەمە بەجیا لەوەی کە کوردیش نەورۆز وەک ساڵی نوێ و بەهار و بوژاندنەوە سەیر دەکات.

ئەوانەی سەردەمی دەسەڵاتی بەعسیان بەسەر بردووە لەبیرمانە کە هەموو نەورۆزێک چەندین کەس دەستگیر دەکران و ژمارەیەکیش دەکوژران،

ڕژێمی بەعس بۆ کاڵکردنەوەی ناوی نەورۆز جەژنی دارودرەختی داهێنا، هەروەک هەندێک کۆیلەی ئایدۆڵۆژیا کە ناتوانن واقع ببینن بێئاگایانە هەمان میسۆدی ڕژێمی بەعس بەکار دەهێنن و دەڵێن نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەیی نیەو تەنها ساڵی نوێیە!!!

 

تەنانەت ئەفسانەی مێژووی کۆنی کاوە و زوحاکیش هەر لەو مێژووە پڕ لە چەوسانەوەیەی کوردەوە هەڵقوڵاوە و هاتوە و بووە بە چیرۆکێکی ئەفسانەیی تەعبیرکردن لە  چەوسانەوەی نەتەوەی کورد.

من ئەندامی پەکەکە نیم بەڵام ئۆجەلان و پەکەکە لە تورکیادا خەباتێکی گەورەی کردووە بەرامبەر هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سڕینەوەی نەژادی کورد. هەموو نەورۆزیکیش لە باکور ئەو تەڤگەرە وەڵامی دانشکێن ئەداتەوە بە سیاسەتی پاکتاوکردنی نەژادی دژی کورد.

 

ت.پ