خاکێک بە زمانی دایک بدوێت هەرگیز نابێتە نێچیری تاریکیی تۆتالیتاریزم
مژدە عەلی- نووسەرو مامۆستا
مێژووی ئەم خاکە، مێژووی ململانێی نێوان مانەوەی قووڵ و سڕینەوەی کاتییە. ئەو دەمەی باس لە خاکی کوردستان و زمانی دایک دەکەین، باس لە جوگرافیایەکی سیاسیی سادە نییە، دەبێت دوژمنانی ئەم خاک و گەلە ئەوە باش بزانن، بەڵکو باس لە دواین سەنگەری بوونە کە بە درێژایی سەدەکان لە ژێر چەپۆکی ئەو هێزانەدا بووە کە تەنها لە زمانی سڕینەوە و نکۆڵیکردن تێدەگەن. ئەو هێزە تۆتالیتارانەی کە ئەمڕۆ بە دەمامکی جیاوازەوە هەوڵی خنکاندنی دەنگی ڕەسەنی ئەم خاکە دەدەن، لە ڕاستیدا لە شکستی مێژوویی خۆیان دەترسن؛ ترس لە نەتەوەیەک کە زمانەکەی تەنها ئامرازی ئاخاوتن نییە، بەڵکو ناسنامەی نەمرییەتی.
دوژمنانی ئەم خاکە، لە هەوڵە نەزۆکەکانیاندا بۆ سڕینەوەی ناو و نیشان و زمانی کوردی، هەمیشە بەر دیوارە پۆڵایینەکەی کە ئیرادەی ژنە کەوتوون. ئەوان وا دەزانن بە تێکدانی دیمۆگرافیا و قەدەغەکردنی وشە، دەتوانن ڕەگی هەزاران ساڵەی ئەم گەلە هەڵبکێشن، بەڵام نازانن کە ئەم خاکە بە خوێنی بەرخۆدان ئاو دراوە و زمانی کوردیش قەڵایەکی وایە کە هیچ داگیرکەرێکی دەمامکدار ناتوانێت کلیلی دەروازەکانی بەدەست بهێنێت. ڕەتکردنەوەی زمانی ئێمە، ڕەتکردنەوەی مرۆڤایەتی و مێژووی ناوچەکەیە و هەر دەستێک درێژ بکرێت بۆ شێواندنی ئەم ڕەسەنایەتییە، بەرەوڕووی توڕەیی مێژوویەک دەبێتەوە کە هەرگیز ڕادەستبوون ناناسێت.
لێرەدا، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە تا هەموو بستێکی ئەم نیشتیمانە، جەنگەکە جەنگی مان و نەمان نییە بەڵکو جەنگە لە پێناو پاراستنی ناسنامە و ڕەسەنایەتی گەلێکی ستەم دیدە. جەنگی ئەو ڕاستییە ڕەهایەیە کە دەڵێت: خاکێک بە زمانی دایک بدوێت و ژن پارێزوانی بێت، هەرگیز نابێتە نێچیری تاریکیی تۆتالیتاریزم. ئەمە تەنها نووسین نییە خوينەری هێژا، بەڵکو هاواری ڕەگ و بەردە لە بەرامبەر ئەو جەورە مێژووییەی کە دەیەوێت ناسنامەی کورد لە ناوچەکەدا بکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە چەپەڵە سیاسییەکانی ناوچەکە و وڵاتانی هاوشێوە فکر.
هەربۆیە زمانی کوردی تەنها ئەو ئامرازە نییە بۆ تیگەشتنی نێوان گەلان و ناوخۆی بەکار بێت بەڵکو نیشتیمانی یەکەمی هەر مرۆڤێکی کوردە.
بيگومان لە ڕۆژئاوای کوردستان، زمان بووەتە چەقی ململانێی نێوان ڕەگداکوتانی ڕەسەنانە و پڕۆژە تۆتالیتارەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی سووریا.
ڕژێمە تۆتالیتارەکان هەمیشە لەوە تێگەیشتوون کە بۆ سڕینەوەی نەتەوەیەک، دەبێت سەرەتا زمانەکەی بکوژرێت. سیاسەتی تەعریب و قەدەغەکردنی زمان لە قوتابخانە و کایە گشتییەکاندا، جۆرێک بوو لە جینۆسایدی سپی. لەم سۆنگەیەوە، پاراستنی زمانی کوردی لە ڕۆژئاوا تەنها چالاکییەکی ئەدەبی و فەرهەنگی وێنا مەکەن بەڵکو جۆرێکە لە بەرگریی بوونگەرایی. کاتێک نەوەی نوێ بە زمانی دایکی دەخوێنێت و دەنووسێت، لە ڕاستیدا هەموو ئەو سنوورە دەستکردانە دەبەزێنێت کە ڕژێمەکان بۆ دابڕینی کورد لە ڕابردووی خۆی کێشابوویان.
لەو نێوەندەشدا ژن وەک پارێزەری گەنجینەی زمان بووە بە درێژای مێژوو، چونکە پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵ لە نێوان ژن و زماندا هەیە. لە کاتێکدا دەسەڵاتە سیاسییەکان هەوڵی گۆڕینی زمانی بازاڕ و دامەزراوەکانیان دەدا، ژنی کورد لە ناو ماڵەکاندا وەک پارێزەری فۆلکلۆر و زمان ڕێگری لە ونبوونی وشە و ناسنامە کردووە. لە ئەزموونی ڕۆژئاوادا، ئەم ڕۆڵە لە ماڵەوە هاتە دەرەوە بۆ ناو سیستەمی پەروەردە و ناوەندە فیکرییەکان. هێزی ژن لە ڕۆژئاوا تەنها لە سەنگەری جەنگدا نییە، بەڵکو لەو پۆلانەشدا بوو کە زمانی کوردییان تێدا زیندوو کردەوە، چونکە تێگەیشتبوون کە “ئازادیی بێ زمان، ئازادییەکی بێ ناسنامەیە.”
بۆیە بەرەنگاربوونەوەی دەمامکە تۆتالیتارەکان ئەرکيکی سەرەکی و پیرۆزی ئێمەی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەو هێزانەی ئەمڕۆ لە ژێر ناوی جیاوازدا چی ڕژێمی ناوەندی و چی گرووپە توندڕەوەکان دژایەتی زمان و ناسنامەی کوردی دەکەن، دەزانن کە زمان کلیلی بەئاگابوونەوەی سیاسییە. رەتکردنەوەی زمانی کوردی لە لایەن حکومەتی سووریاوە، لە ڕاستیدا ڕەتکردنەوەی شەرعییەتی بوونی گەلێکی ڕەسەنە لەسەر خاکی خۆی. لێرەدا، بەرخۆدانی زمانەوانی دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە بەرخۆدانی سیاسی؛ هەر وشەیەکی کوردی کە دەگوترێت، وەک گوللەیەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەمامکە ساختانەی کە دەیانەوێت مێژووی ناوچەکە بە ئارەزووی خۆیان بنووسنەوە.
لە کۆتایدا دەمەویت ئەوە بهێنمە زمان :
پاراستنی زمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەورەترین پڕۆژەی بونیادنانی ناسنامەیە لە سەدەی بیست و یەکدا. مێژوویەکە کە بە سڕینەوە ناپووکێتەوە.
بۆیە دەبێت ئەو ڕاستییە ببینرێت کە خاکی کوردستان و زمانی کوردی، تەنها جوگرافیا و ئامرازی ئاخاوتن نین، بەڵکو شووناسێکی زیندوون کە لە ناو ڕۆحی بەرخۆدانی ژناندا چەسپاون. ئەو هێزە تۆتالیتارانەی کە وا دەزانن بە هەڕەشە، گەمارۆ یان ڕەتکردنەوەی شەرعییەت دەتوانن ئەم ئیرادەیە بشکێنن، لەو ڕاستییە بێئاگان کە مێژووی ئەم خاکە لەسەر بنەمای مانەوە نووسراوەتەوە، نەک ڕادەستبوون.
لەو نێوەندەشدا هێزی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و ئەو زمانەیە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە زمانی زانست و ژیان، دوو ڕووی یەک دراون؛ ڕوویەکیان پاراستنی فیزیکیی خاکە و ڕوویەکەی تریان پاراستنی ڕۆحی نەتەوەیە. هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنی ئەم هێزە، یان هەر سازشێک لەسەر مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان، خیانەتێکی گەورەیە لەو خوێنەی کە بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی ڕژاوە.
لە بەردەم قۆناغێکی مێژوویی بڕیاردەرداین؛ یان دەبێت وەک قەڵایەکی داڕێژراو لە ڕۆح لە پشت هێز و زمانی خۆمان بوەستین، یان مێژوو بە دەستی ئەو دەمامکدارە تۆتالیتارانە دەنووسرێتەوە کە دەیانەوێت بمانکەنە ژمارەیەکی بێ ناسنامە لە ناو نەخشە ساختەکانیاندا. بەڵام دڵنیاییە مێژووییەکە لێرەدایە: تا وشەیەکی کوردی لەسەر لێوی دایکێک بێت و تا ئیرادەیەک بە ناوی ژنەوە پاسەوانیی خاک بکات، ناسنامەی کورد لەم ناوچەیەدا وەک چیاکان بە نەمری دەمێنێتەوە.
ئەمە جەنگی مانەوەی ڕەسەنایەتییە و لەم جەنگەدا، تەنها ئەو هێزە سەردەکەوێت کە ڕەگی لە ناو قووڵایی خاک و مێژوودا بێت.