ئازادیی مەعریفی
سیمۆ سمکۆ - یاساناس
لە جیهانی ئەمڕۆدا، مافەکانی مرۆڤ تەنیا کار لە پاراستنی جەستە و ماڵ و ساماندا ناکەن، بەڵکو لەگەڵ پێشکەوتنی خێرای تەکنۆلۆژیا و زیرەکی دەستکرد، مەترسییەکان گەیشتوونەتە ناو مێشکی مرۆڤ. لێرەوە دەتوانین باسی چەمکێکی نوێ لە یاسادا بکەین کە تازە سەریهەڵداوە بە ناوی ئازادیی مەعریفی، ئەم چەمکە کە هاوکات مافیشە جەخت لەوەدەکاتەوە کە مرۆڤ دەبێت خاوەنی بیرکردنەوەی خۆی و مێشکێکی رەها بێت و هیچ لایەنێک "دەوڵەت یان کۆمپانیا" بۆی نەبێت بەبێ ویستی کەسەکە دەستکاریی هۆشی بکات یان سیخوڕی بەسەر بیرکردنەوەیەوە بکات، بە هەر ئامانج و ئەجێندایەك بێت.
ئازادیی مەعریفی لە هەردوو رەهەندی پاراستن و سەربەخۆیی پێكدێت، رەهەندی پاراستن واتا مێشکی مرۆڤەکان لە دەستێوەردانە دەرەکییەکان دووربێت وەک شۆردنەوەی مێشک لە رێگەی سۆشیاڵ میدیا و ماس میدیاوە. مەبەست لە سەربەخۆیی واتا مرۆڤەکان سەربەخۆ بیربکەنەوە و گۆڕانکاریی لە تواناکانی مێشك و بیرکردنەوەیاندا بکەن.
ئاشکرایە مافەکانی مرۆڤ لە رابردوودا وەک قەڵغانێک بوون بۆ پاراستنی تاک، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە، مێشک و ئاگایی مرۆڤ رووبەڕووی جۆرێکی نوێ لە هەڕەشە بووەتەوە. ئازادیی مەعریفی یەکێکە لە دەگمەنترین و قووڵترین بابەتەکانی مافی مرۆڤ کە باس لەوە دەکات: مرۆڤ مافی رەهای هەیە بەسەر کایە ناوەکییەکانی مێشکییەوە، پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ تەنیا بە دەستدرێژی نەکردنە سەری لەڕووی ماددی و مەعنەوی و جەستەییەوە نییە، بەڵكو فەراهەمکردنی ژینگەیەکە بۆ بیرکردنەوە بە ئازادی.
ئازادیی مەعریفی وەک مافێكی بنەڕەتی مرۆیی ئەمانە دەگرێتەوە:
● مافی یەکپارچەیی دەروونی: پاراستنی مرۆڤ لەو تەکنۆلۆژیا و ئامێرانەی بەبێ ویستی خۆی کار دەکەنە سەر دەروونی یان ئاراستەی بیرکردنەوەی دەگۆڕن.
● مافی تایبەتمەندیی مێشک: چۆن ماڵ شوێنی راز و نهێنی مرۆڤە، دەبێت ناو مێشکیشمان پارێزراو بێت و هیچکەس بۆی نەبێت بە ئامێر زانیاری لێدەربهێنێت.
● بەرەنگاربوونەوەی چەوساندنەوەی دیجیتاڵی: ئێستا کۆمپانیاکان لە رێگەی زانیارییەکانەوە ئێمە ناچار دەکەن بە شێوازێکی دیاریکراو بیربکەینەوە، ئەمەش جۆرێکی نوێی «کۆیلایەتی»یە کە ئازادیی مەعریفی دەیەوێت رێگری لێبکات.
ئازادیی مەعریفی تەواو ئازادییەکی بنەڕەتیترە بەراورد بە ئازادییەکانی دیکە، ئێستا رەنگە سەرنجی تەواوەتی لەسەر ئازادی رادەربڕینبێت، بەڵام بەبێ ئازادیی مەعریفی و بیرکردنەوەی سەلامەت و دوور لەو ژاوەژاوی دەسەڵاتخوازان و کۆمپانیا گەورەکان و ماس میدیاکان ئازادی رادەربڕین مانا و بەهای نامێنێت، هەر بەو هۆکارە، ئێستا وەک جۆرێك لە گاڵتەجاڕی دێتەبەرچاو، تاکەکان ئازادن لە رادەربڕیندا، بەڵام پێشوەختە لەناو مێشکیاندا رەهەندەکانی بیرکردنەوەی مەعریفی (پاراستن و سەربەخۆیی)ان نەماوە، بە سادەیی ئەگەر مێشکی تاکەکان لەژێر ئازادیی مەعریفییاندا نەبێت کەواتە کرداری «هەڵبژاردن» و «ئیرادە» بێمانا دەبن.
وەک یاساناس دەبێت ئاماژە بەوە بدەین، تائێستا ئەم مافە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا بە راشکاوی نەنووسراوە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی دروستکردووە، دەوڵەتان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەبێت مافی مەعریفی وەک مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ بناسێنن، بۆئەوەی رێگری بکرێت لەوەی مرۆڤ ببێتە ئامرازێکی بێ ئیرادە.
ئازادیی مەعریفی دوایین سەنگەری ئازادییە، پاراستنی ئەم مافە تەنیا پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پاراستنی خودی «خۆمان و مرۆڤایەتییە»، ئەگەر مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر بیرکردنەوەی خۆیدا نەبێت، هەموو مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی دیکە بایەخی خۆیان لە دەستدەدەن.