کاتێک وشە دەبێتە سەنگەر

مژدە عەلی - نووسەرو مامۆستا

لە ڕوانگەی عەقڵییەتی دەسەڵاتدار و ستەمدا هەمیشە وشەکان دەبنە ئاگرو گیانی ئەوان دەسوتێنن، بۆیە جەنگ تەنها لە سەنگەرەکاندا نییە، بەڵکو گەورەترین مەیدانی جەنگ ناوەندی خوێندنو زمانی دایکە.

 

لەسێدارەدانی مامۆستایەکی وەک فەرزاد کەمانگەر، لوتکەی ئەو جەنگە بوو کە دەسەڵات دژی ناسنامەی کورد بەرپای کردووە. ئەمە جەنگی سڕینەوەی یادەوەرییە؛ هەوڵێکە بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی داببڕێت و بیکاتە بوونەوەرێکی بێ‌زمان و بێ‌تاریخ. بۆیە هەمیشە زمان وەک قەڵایەکی داگیرنەکراوەبۆ دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای وەک ئێران، و هاوشیوەکانی، زمانی کوردی تەنها ئامرازێکی ئاخاوتن نییە، بەڵکو مانیفێستی مانەوەیە.

 

 کاتێک ڕژێم ڕێگری لە فێربوونی زمانی دایک دەکات و مامۆستاکانی ڕەوانەی سێدارە دەکات، لە ڕاستیدا دان بەوەدا دەنێت کە زمان مەترسیدارترین چەکە لە دەستی میللەتێکی مەزڵومدا. فەرزاد کەمانگەر بە خوێنی خۆی ئەو ڕاستییەی نووسییەوە کە پاراستنی زمان، پاراستنی نیشتمانە لە داگیرکاریی فیکری.

 

کورد بەدرێژایی مێژوو نیشانی داوە کە دەکرێت خاکەکەی داگیر بکرێت، بەڵام تا ئەو کاتەی زمانەکەی لەسەر زاران بێت، ناسنامەکەی وەک قەڵایەکی داگیرنەکراو دەمێنێتەوە ئەم جەنگە نایەکسانە، شەرمەزارییەکی ئەبەدییە بۆ دەسەڵاتێک کە لە جیاتی دابینکردنی خۆشگوزەرانی، و زەودنەکردنی زمانی دایک لە گەلێکی ڕەسەن، تەواوی وزەی خۆی خەرج دەکات بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی بە کوردی هاوار دەکەن. ئەوانەی فەرزادیان هەڵواسی، وایان دەزانی بە بڕینی هەناسەی مامۆستایەک، زمانی کوردی دەخنکێنن؛ بەڵام نەیانزانی هەر پیتێکی ئەو زمانە کە لەسەر تەختەڕەشەی گوندە دوورەدەستەکانی کوردستان نووسراوە، دەبێتە مینێک لە ژێر پێی داگیرکەردا، سەربەرزترین قۆناغی مێژووی کورد لەوەدایە کە زمان ی نەکردە قوربانیی سیاسەتی نەگریس و لە ناو جەرگەی سێدارە و زیندانیشدا، بە زمانی دایک دوایین نامەی خۆڕاگریی بۆ مێژوو جێهێشت.

 

ئاسۆیەک کە بە سێدارە ئاوا نابێت،دوژمن و داگیرژەرانی ئەم گەل و خاکە چۆک پێدادەدات ئەمرۆ یان سبەی چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە پەتی سێدارە هەرچەندە ئەستوور بێت، ناتوانێت حەقیقەت بخنکێنێت، ئەو سیاسەتە نەگریسەی کە ویستی بە سێدارەدانی فەرزاد و هاوڕێکانی تەمەنی ستەم درێژ بکاتەوە، ئەمڕۆ لە ناو زەلکاوێکی پڕ لە شەرمەزاری و داڕماندا دەچەقێت.

 

ئەگەرچی جەستەی ئەو پێنج تێکۆشەرە لە سێدارە درا، بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ بە زیندوویی ماوەتەوە، ناسنامە ، زمان و ئیرادەی گەلێکە کە تەسلیمبوون لە فەرهەنگەکەیدا نییە.

 

سەربەرزیی بۆ کورد لەوەدایە کە توانی خوێنی ڕۆڵەکانی بکاتە هەوێنی هۆشیارییەک کە ئێستا تەواوی ئێرانی تەنیوە. ئەو دیوارانەی زیندانی ئەوین کە ڕۆژێک گەواهی چرکەساتە بێدەنگ و پڕ لە شکۆکانی فەرزاد و شیرین بوون، دەبنە شایەتحاڵی ڕووخانی ئەو عەقڵییەتەی کە پێی وابوو بە کوشتنی مامۆستا، ڕووناکی دەکوژێتەوە. مێژوو بۆ بکوژان تەنها ڕاوەدونان و نەفرەتی تێدا دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ مامۆستای هیوا و هاوڕێکانی، دەبێتە کتێبێکی کراوە کە نەوە لە دوای نەوە، وانەی سەربەرزی و ژیانێکی ئازادی لێ فێر دەبن.