چ ستەمێکە لە مێینەبوونی ژن کراوە وەکوو مرۆڤێک

بوژان ئیبراهیم - ڕاوێژکاری گەشەپێدانی خود

هاوسەرگیری کردنی پێشوەختە بۆ ژنان و درەنگ هاوسەرگیری بۆ پیاوان، کە ئەمە جیاوازیەکی زۆری تەمەنە لە نێوانیان، دیاردەیەکی باوە لە زۆرێک لە کولتوور و کۆمەڵگەکانی جیهاندا، ئەمە باوەرێکی کۆمەڵایەتییە پەیوەندی بە کلتور و دابونەریتەوە هەیە، نەک زانست و بنیاتێکی سروشتی بێت، لە کولتوور و دابونەریتی ئێمە زۆر بە قووڵی چەسپاوە.

 

زۆرجار هاوسەرگیری پێشوەختە بۆ ژنان بەو مانایەیە کە دەرفەتەکانیان بۆ گەشەکردنی کەسی و پێشکەوتنی هزری و پیشەیی بە توندی سنووردار بکات، ئەمەش بەردەوامی بەو نایەکسانییە دەدات کە هەیە لە نێوانی هەردوو ڕەگەز.

 

زۆرجار ئەوەیان لە باوەڕی ئێمە چەسپاندووە کە ژن زوو جەستەی تێک دەچێت، زووتر نیشانەکانی پیری پێیەوە دیارە، ئەوە چ ستەمێک بوو لە مێشک و هزری ئەمەیان کرد، لە کاتێکدا ئەوە کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر پەیوەندی هەردووکیان هەیە بەتایبەت ژنان، ئەو هاوسەرانەی کە جیاوازی تەمەنیان زۆرە، جیاوازن لە ڕووی ئەزموون و بیرکردنەوە و سۆزداری و لێک تێگەیشتنەوە، هاوبەشی گەورەتر ئەزموونی ژیانی زیاتری هەیە و لەوانەیە لە قۆناغێکی جیاوازدا بێت لە ژیاندا، لەکاتێکدا هاوبەشی گەنجتر ڕەنگە سەرنجی زیاتر لەسەر گرنگی پێدان و خۆشەویستی و سۆزداری زیاتر هەبێت، کەمی گرنکی پێدان و خۆشەویستی ئەو جیاوازییانە هەندێجار دەتوانێت گرژی لە پەیوەندییەکەدا دروست بکات و ببێتە هۆی لێک تێنەگەیشتن و ناکۆکی و خیانەت کە لە ئێستادا لە زیادبوون دایە.

 

یەکێکی تر لەو باوڕە هەڵانە سەبارەت بە ژن وا سەیر کراوە هەموو گەورەیی ژن لە عەورەتدا دەبیننەوە بۆیە زووتر هاوسەرگیری دەکات نەوەک توشی هەڵە ببێت.

 

ئەو بیرۆکەیە بەهێز دەکات کە ژنان بۆ ئەوەن لە تەمەنێکی گەنجیدا هاوسەرگیری بکەن و منداڵیان ببێت، تەنیا وەکوو دەزگایەک کە بۆ جوانکردن و چێژ بێت، لەکاتێکدا پیاوان ئازادن لە بەدواداچوون بۆ پیشە و خۆبەرەوپێش بردن و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان، گرنگە لەوە تێبگەین کە هاوسەرگیری پێشوەختە بۆ ژنان و هاوسەرگیری درەنگ بۆ پیاوان بنیادێکی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە کولتوورەوە هەیە، نەك جیاوازییەکی بایۆلۆژی سروشتی بێت.

 

پێویستە دووبارە بەو باوەڕانەدا بچینەوە کە نەریتن و بریتی نین لە دەقێکی پیرۆز لە ئایندا، بەڵکوو نەریت و بیرکردنەوەی عەقڵی کۆمەڵێک مرۆڤە، کە دەکرێت ئەو یاسا و ئەو نەریتانە پیاوسالاری بێت و لە بەرژەوەندی پیاو دانرابن.