توندوتیژیی پشتبەستوو بە یاسا

نەسرین کوردە –نووسەر

توندوتیژی دیاردەیەکی نائاسیایی و سەپێندراوە بەسەرخودی مرۆڤایەتیدا کە وایلێهاتووە زۆر بریاری ئەمڕۆ وەک حاڵەتێکی ڕەها و هەمیشەیی تەماشای دەکەن و دەیکەن بە بەشێک لە حاڵەتی دەروونیی مرۆڤەکان، زۆر جار هەندێک کۆمەڵگە بە شەڕەنگێز و توندوتیژ ناو دەبرێت، بەڵام لە هەمووی نائاسایی تر کە ئێمە بەرەو هەزارەی سێیەم هەنگاو دەنێن، یاسایەک هەیە شەرعییەت دەدا بە توندوتیژی وەک بارێکی  ئاسایی و یاسایی چاوی لێدەکات، ئەگەرچی ئەم یاسایانە زیاتر لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا پیادە دەکرێن و هەنگاوی جددی بۆ لابردنیان نانرێت.

 

ژنان بەهۆی باری دواکەوتووی کۆمەڵگەوە لەژێر قورسیی باری چەوسانەوەدا دەژین، تەنانەت لە هەندێک شوێن لە بچووکترین مافی ژیانیان بێ بەشن.

 

سەرەڕای هەموو ئەمانە، بە سەختترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، دیارترین دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان کوشتن و تیرۆرکردنە کە هەمووی لەژێر پەردەی نامووس پەرستیدا بەڕێوەدەچێت، رۆژانە دەبیستین کە چەندین کچ و ژن تیرۆر دەکرێن و دەکوژرێن.

 

هەندێک جار بێ مانایی کوشتن دەگاتە ئەو ڕادەیەی کە بە بچووکترین گومان، مرۆڤێک لەژیان بێبەش دەکرێت، یاسای کۆنەپەرستانیش هیچ وەڵامدانەوەیەکی بچووکی بەرامبەر بەم حاڵەتە  نییە، بەڵکو بەشێوەیەکی ئاسایی حەق دەدات بە تیرۆرستان، ئەوەش بەپێی بڕگە و ماددەیەکی یاسایی کە لەسەر بنەمای کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی داڕێژراوە، هەندێک جار ژنێک لەسەر تووڕەبوونێک  دەکوژرێت و بکوژ بەهانەی پاراستنی شەرەف بۆ تاوانەکەی دەهێنتەوە و خۆی لێ دەرباز دەکات.

 

ئەگەرچی زۆرێک لە ژنانی ئازادیخواز رازی نین بەو کۆیلەییە و زۆرجار لە یاساکانی کۆمەڵگە یاخی دەبن، بەڵام نموونەی ئەو جۆرە ژنانە تاڕادەیەک کەمن و هەندێک رێکخراو گۆڕانکاری بەرچاویان دروستکردووە و بەردەوامن لە کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەم حاڵەتانە، بەڵام وەک کارێکی کۆمەڵایەتی هێشتا زۆری ماوە ژنانی کورد بگەنە ئەو توانایە کە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵ دابنێن و بتوانن یاساکانی کۆمەڵ لە بەرژەوەندیی خۆیان ئاراستەبکەن.

 

توندوتیژی دژی ژنان، هەمووی بە پشتبەستن بە یاسا کۆنەکانە کە پێویستییان بەتازەکردنەوە و گۆڕانکاری  هەیە، هەموو ئەمانە دەرەنجامی ئەوەیە کە ژنان لەڕووی ماف و ئابوورییەوە وابەستەی پیاوانن و خاوەنی هیچ  جۆرە ئابوورییەکی سەربەخۆ نین  کە بتوانن بنەماکانی ئازادیی خۆیانی لەسەر بنیات بنێن، بۆیە ژنان تووشی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، بۆ نموونە رەشەکوژیی ژنان حەقە وەک تاوانی کوشتن و تیرۆر تەماشا بکرێت.