تراژیدیای چیا و بێدەنگیی مێژوو: لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری لە جینۆسایدی دەرسیم (١٩٣٧-١٩٣٨)

مژدە عەلی- نووسەر و مامۆستا

لە کاتێکدا دەسەڵاتی ناوەندی هەوڵی سڕینەوەی یادەوەریی نەتەوەکان دەدات، مێژووی ڕاستەقینە لەناو چیرۆکە نەگێڕدراوەکانی قوربانییاندا خۆی دەشارێتەوە. دواجار کارەساتی دەرسیم (١٩٣٧-١٩٣٨) تەنها زنجیرەیەک ڕووداوی سەربازیی دابڕاو نەبوو بە تەنها بەڵکو گوزارشت بوو لە بەریەککەوتنی پڕۆژەی مۆدێرنیتەی ناوەندیی دەوڵەتی نوێی تورکیا لەگەڵ فۆرمە کولتووری و کۆمەڵایەتییە ڕەسەنەکانی کوردستان.

 

لەم وتارەدا هەوڵدەدەین خوێنەوەیەکی نوێ لە سۆنگەی ئەوەی دەرسیم وەک قوربانیی پڕۆسەیەکی داڕێژراوی ئەندازیاریی دیمۆگرافی هاتە ئاراوە ئەنالیزە بکەین دەوڵەت بە پشتبەستن بە ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمێکی ڕەها، هەوڵی دا کۆتایی بەو هەرێمە خۆبەڕێوەبەرە بهێنێت کە لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینی (عەلەوی) و زمانەوانییەوە (زازاکی) وەک مەترسییەک بۆ سەر یەکپارچەیی ناسنامەی فەرمی دەبینرا.

 

لێرەوە، دەرسیم تەنها وەک جوگرافیایەکی جەنگ وێنا ناکرێت، بەڵکو وەک تاقیگەیەک بۆ پەیڕەوکردنی تیۆرییەکانی جینۆساید و سڕینەوەی ناسنامە دەخرێتە ڕوو. بێدەنگیی مێژوویی لەسەر ئەم کارەساتە، نەک تەنها بەهۆی ونبوونی بەڵگەکانەوە بووە، بەڵکو ستراتیژییەک بووە بۆ سڕینەوەی یادەوەریی بەکۆمەڵ، تاوەکو برینەکان نەبنە مێژوو و قوربانییەکانیش نەبنە خاوەن گێڕانەوەی تایبەت بە خۆیان. پێش ساڵی ١٩٣٧، دەرسیم لە ناو جەرگەی دەوڵەتی عوسمانی و دواتریش کۆماری تورکیادا، وەک ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆ مابووەوە.

 

دەرسیم لەسەر سیستەمێکی عەشایەریی تۆکمە و باوەڕێکی ئایینیی (عەلەوی) تایبەت بەخۆی بەڕێوە دەچوو. ئەمە ببووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی ناوەندی نەتوانێت بە ئاسانی باج کۆبکاتەوە یان سەربازگیری تێدا بکات. لە ڕاپۆرتە نهێنییەکانی سوپای تورکیادا، دەرسیم وەک برینێک لەسەر جەستەی دەوڵەت وێنا دەکرا. ئەوان پێیان وابوو تا دەرسیم تەمێ نەکرێت، پڕۆژەی تورکاندن سەرکەوتوو نابێت. دەرسیم لەسەر سیستەمێکی عەشایەریی تۆکمە و باوەڕێکی ئایینیی (عەلەوی) تایبەت بەخۆی بەڕێوە دەچوو. ئەمە ببووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی ناوەندی نەتوانێت بە ئاسانی باج کۆبکاتەوە یان سەربازگیری تێدا بکات.

 

بێگومان بە پێیی هەموو ئەو دیکۆمینت و بەلگە مێژوویانەی لەبەردەستدان جینۆسایدەکە ڕووداوێکی لەناکاو نەبوو، بەڵکو پلانێکی پێشوەختە بوو چونکە ئامادەکاریە سیاسی و سەربازییەکان بە جۆریک بووپێش ئەوەی سوپا بە فیشەک هێرش بکات، دەوڵەت بە یاسا هێرشی کرد. ستراتیژیی حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا لەسەر بنەمای یەکدەستکردنی کۆمەڵگە بوو. ئەوان پێیان وابوو هەبوونی ناوچەیەکی وەک دەرسیم کە خاوەن زمان و بیروباوەڕی جیاواز بێت، مەترسییە بۆ سەر نەتەوەی تورک. بۆیە ویستیان لە ڕێگەی یاسا وە شەرعییەت بدەنە دەرکردنی خەڵک لە زێدی خۆیان و هێنانی خەڵکی تر بۆ شوێنەکانیان هەڵبەتە خوێنەری هێژا بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندە قووڵەکانی کارەساتی دەرسیم، دەبێت سەرەتا لەو چوارچێوە یاساییانە بڕوانین کە دەوڵەت وەک چەکێک بەکاری هێنان. یاسای نیشتەجێکردنی ساڵی ١٩٣٤، گەورەترین هەڕەشە بوو بۆ سەر بوونی دەرسیم؛ چونکە ئەم یاسایە تەنها بۆ ڕێکخستنی ژیان نەبوو، بەڵکو نەخشەیەک بوو بۆ هەڵکەندنی مرۆڤ لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی و داڕشتنەوەی ناسنامەیەکی دەستکرد بەسەر پاشماوەی خێڵ و بنەماڵە کوردەکاندا.

 

بە زمانێکی سادە ئەم یاساایە تورکیای دابەش کرد بۆ سێ ناوچەی جیاواز:

ناوچەی یەکەم: ئەو شوێنانەی کە دەبوو تەنها تورکە ڕەسەنەکان لێی بژین.

ناوچەی دووەم: ئەو شوێنانەی کە خەڵکی ناتورکی (وەک کوردانی دەرسیم)یان بۆ دەگواستەوە تاوەکو لە ناو تورکەکاندا بتوێنەوە و زمانی خۆیان لەبیر بکەن.

ناوچەی سێیەم: ئەو شوێنانەی کە بە هۆکاری سەربازی و ئەمنی. دەبوو خاڵی بکرێن لە مرۆڤ (دەرسیم یەکێک بوو لەم شوێنانە) واتە زۆر بە کورتی:ئەم یاسایە ڕێگەی بە حکومەت دەدا بە زۆر خێزانە کوردەکان لە شاخەکان داببڕێت و بیبات لە ناو شارە گەورە تورکەکاندا دایانبنێت، تاوەکو دوای چەند ساڵێک منداڵەکانیان نەزانن کوردن. ئەمە پێی دەوترێت جینۆسایدی سپی یان تواندنەوەی کولتووری. دواتر قۆناغی گواستنەوە لە گەمارۆی یاساییەوە بۆ سەربازی هاتە ئاواوە ،دەوڵەت لە ڕێگەی یاساکانی ساڵی ١٩٣٤ و ١٩٣٥ زەمینەی شەرعی بۆ سڕینەوەی دەرسیم خۆش کرد، قۆناغی دووەم دەستی پێکرد کە بریتی بوو لە دابڕینی دەرسیم لە جیهانی دەرەوە. سوپا دەستی کرد بە دروستکردنی زنجیرەیەک قەڵای سەربازی (کۆڵەکۆن)، پرد و ڕێگاوبان کە تەنها بۆ یەک مەبەست بوون: ئاسانکاری بۆ جووڵەی تانک و تۆپخانە قورسەکان بەرەو ناو جەرگەی چیاکان. ئیدی گرژییەکان لە بەهاری ١٩٣٧دا گەیشتنە لوتکە.

 

کاتێک دەوڵەت داوای لە خێڵەکان کرد چەکەکانیان ڕادەست بکەن و سەرۆک خێڵەکان بچنە مەنفا دوورخرانەوە سید ڕەزا وەک کەسایەتییەکی دیاری ئایینی و کۆمەڵایەتی هەوڵدا ڕێگری لە خوێنڕشتن بکات. ئەو کوڕی خۆی نارد بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی تورکی، بەڵام کوشتنی کوڕەکەی بە ناپاکی لە کاتی گەڕانەوەیدا، نیشانەی ئەوە بوو کە دەوڵەت بڕیاری کۆتاییهێنان بە دەرسیم ی داوە و هیچ بوارێکی بۆ گفتوگۆ نەهێشتووەتەوە ئەوەبوو هێرشەکە لە ٤ی ئایاری ١٩٣٧ روویدا وئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا بڕیارێکی نهێنی دەرکرد کە تێیدا هاتبوو پێویستە ئەمجارە ناوچەکە بە تەواوی پاکتاو بکرێت. ئەمە تەنها هێرشێکی سەربازی نەبوو بۆ سەر چەکداران، بەڵکو هێرشێکی گشتگیر بوو: فڕۆکە جەنگییەکان بێ جیاوازی گوندەکانیان بۆردومان دەکرد.

 

سوپا ڕێگەی نەدەدا هیچ خۆراکێک بچێتە ناوچەکە و دەستی کرد بە سووتاندنی دەغڵودان و ڕەز و باخی خەڵکەکە. ئالیرەوە تراژیدیای مەرگەساات روودەدات ئاسمان و زەویش بێبەزەیی بوون بەرامبەر بە کورد ،خەڵکی بە (ژن، منداڵ و بەساڵاچووان) بۆ پاراستنی گیانیان ڕوویان لە ئەشکەوتە قووڵ و تەمومژاوییەکانی ناو شاخەکان کرد. ئەوان وایان دەزانی سروشت دەبێتە پارێزەریان، بەڵام سوپا ئەشکەوتەکانی کردە داوی مەرگ سەربازەکان بەردەم ئەشکەوتەکانیان بە تیکەڵەیەک لە پووش و کای تەڕ دەگرت و ئاگریان تێبەر دەدا، تاوەکو دووکەڵەکە بچێتە ناوەوە و هەموو ئەو کەسانەی لەوێ پەنایان گرتبوو بە خنکاو جێیان بهێڵن.

 

بەپێی گەواهی ڕزگاربووان و هەندێک لە ئەفسەرە بەشداربووەکانی ئەو کاتە (وەک ئیحسان سەبری چاگلایانگیل)، سوپا گازی ژەهراوی بەکارهێناوە بۆ کۆتاییهێنان بەو خێزانانەی لە قووڵایی ئەشکەوتەکاندا خۆیان حەشارداوە و دەستیان پێ ڕانەگەیشتووە. زۆرجار دەروازەی ئەشکەوتەکان بە داڕمان یان تەقاندنەوە دادەخران، بەجۆرێک کە ئەو شوێنانە لە پەناگە وە گۆڕان بۆ گۆڕستانی بەکۆمەڵ کە تا چەندین ساڵ دواتر پاشماوەی ئێسک و پروسکی قوربانییەکانی تێدا دەبینرا. دوای ئەوەی هێزی سەربازی کۆتایی بە بەرگریی چەکداری هێنا، قۆناغی کۆچی زۆرەملێ دەستی پێکرد، کە ئامانج لێی کوشتنی ڕۆحی نەتەوەیی بوو لە ڕێگەی دابڕانی مرۆڤ لە خاکەکەی ،هەزاران خێزان کە لە مەرگ ڕزگاریان ببوو، بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەسەر شارە تورکەکاندا لە ڕۆژئاوای تورکیا دابەش کران. مەبەست ئەوە بوو کە هیچ دوو خێزانێکی دەرسیمی پێکەوە نەبن، تا نەتوانن بە زمانی کوردی (زازاکی) قسە بکەن ئەم کارە درندانەی تورک بەرامبە ربە کورد و ئەم کۆچپێکردنە تەنها گۆڕینی شوێن نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی یادەوەری. منداڵانی دەرسیم لەو ژینگەیەدا گەورە بوون کە تێیدا باسی ڕابردوو قەدەغە بوو، ئەمەش وایکرد نەوەیەکی نوێ دروست ببێت کە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دابڕاوە.

 

کەواتە لەم دوو ڕەهەندەوە دەگەینە ئەوەی بڵێین ئەوەی لە ئەشکەوتەکاندا نەکوژرا، لە مەنفا و لە ناو پرۆسەی تورکاندندا ڕووبەڕووی مەرگی کولتووری بووەوە بێگومان دوابەدوای ئەوەی دەوڵەت زانی کە ناتوانێت تەنها بە چەک کۆتایی بە دەرسیم بهێنێت، پەنای بۆ فێڵ و ناپاکی برد. سید ڕەزا، کە تەمەنی لە نێوان ٧٤ بۆ ٨٠ ساڵ بوو، بانگکرا بۆ گفتوگۆ و ئاشتی، بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنی دەستگیرکرا. لە دادگایەکی پڕ فيل و نمایشیدا ،لە پرۆسەیەکی خێرا و نادادپەروەرانەدا، سید ڕەزا و کوڕەکەی و چەند سەرۆک خێڵێکی تر حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. تەنانەت بۆ ئەوەی حوکمەکە جێبەجێ بکرێت، تەمەنی سید ڕەزایان لە ناسنامەکەیدا بچووک کردەوە تاوەکو بەپێی یاسا بگونجێت بۆ لەسێدارەدان. دواداوای شەهیدی سەربەرزی نەتەوەکەمان. سەید ڕەزا کە پێش کوڕەکەی لەسێدارە بدرێت تا مەرگی جگەرسۆزەکەی نەبینێت، بەڵام جەلادەکان بۆ شکاندنی شکۆی ئەو، سەرەتا کوڕەکەیان لەبەر چاوی لەسێدارەدا بە پێیی گێڕانەوە و بەڵگە مێژووییەکان وشایەتحاڵەکا ن سید ڕەزا بەوپەڕی شکۆوە بەرەو سێدارە ڕۆیشت، خۆی پەتەکەی خستە ملی و بە دەنگێکی بەرز وتی:من نەمتوانی لە بەرامبەر فێڵ و تەڵەکانی ئێوەدا سەرکەوتوو بم، ئەوە بووە دەرد بۆ من؛ بەڵام منیش لە بەرامبەر ئێوەدا چۆکم دانەدا و سەر کز ناکەم، با ئەمەش ببێتە دەرد بۆ ئێوە کۆتا گوتەم وێڕای سەرنەویکردنم بۆ سەید رەزاو تەواوی شەهیدانی گەلە ستەم دیدەکەم ئەوە دێنمە نوسین ئەم کارەساتە یادەوەرییەکەکە لەناو ناچێت جینۆسایدی دەرسیم تەنها کارەساتێکی مێژوویی نییە کۆتایی هاتبێت، بەڵکو برینێکی زیندووە.

 

ئەگەرچی دەوڵەت ویستی بە کوشتن، کۆچپێکردن و گۆڕینی ناوی ناوچەکە بۆ تۆنجەلی یادەوەریی دەرسیم بشواتەوە، بەڵام شکستی هێنا. ئەمڕۆ، دەرسیم وەک هێمایەک بۆ بەرگریی ناسنامە دەمێنێتەوە. هەر بەردێکی ئەو شاخانە، هەر دڵۆپە ئاوێکی ڕووباری مونزور و هەر دێڕە شیعرێکی زازاکی، گەواهی ئەوە دەدەن کە مێژووی ڕاستەقینە لای قوربانییەکانە. سیاسەتی تورکیا لە دەرسیمدا دەریخست کە چەمکی هاوڵاتیبوون لای ئەوان تەنها لە ڕێگەی تورکبوون ەوە تێپەڕ دەبێت. دەوڵەتی ناسیۆنالیست، فرەچەشنی وەک مەترسی دەبینێت نەک وەک سامانی نیشتمانی. دەرسیم فێری کردین کە مۆدێرنیتەیەک لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەویتر بێت، تەنها وێرانکاری بەرهەم دەهێنێت.

 

بۆیە دەبێت لەم رووداوە دیرۆکیانەوە ئەوە ببینین و ئەوە بە دوژمنە سەرسەختەکان بڵێین کە پێویستە گەلان هەمیشە وشیاری ئەو یاسایانە بن کە بە ناوی ئاسایشی نیشتمانی و چاکسازی یەوە، ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەیی و کولتووری دەکەنە ئامانج. لەو قۆناغەدادەرسیم وانەیەکی تاڵ بوو لەسەر دابڕانی ناوچەیی. دەوڵەت توانی دەرسیم گەمارۆ بدات و بە تەنیا بیهێڵێتەوە چونکە لەو سەردەمەدا پەیوەندییەکی ڕێکخراو لە نێوان شۆڕشەکانی کورددا نەبوو. بەڵام لە دۆخی ئیستادا دەبێت ئەوە ببینین کە بێدەنگیی ناوچەکانی تری کوردستان بەرامبەر یەکتر، دەرفەت دەداتە داگیرکەر کە یەک بە یەک قەڵاکانی بەرگری بڕوخێنێت. دواجار دەرسیم سەلماندی کە مەرگی جەستەیی کۆتایی نەتەوە نییە، بەڵکو لەبیرچوونەوە کۆتایی نەتەوەیە.

 

سیاسەتی تورک ویستی ناوی دەرسیم و زمانی زازاکی بسڕێتەوە، بەڵام مانەوە لە ڕێگەی یادەوەرییەوە گەورەترین تۆڵەیە لە جەلاد. پاراستنی زمان و مێژوو، بەشێکە لە خەباتی بەردەوام بۆ مانەوەو زۆر جار مێژوو خۆی لە بەرگیکی تردا دووبارە دەکاتەوەبۆ ئەوەی نەکەوینە ناو هەمان داوی مێژوویی، دەبێت بە وریاییەوە لەو هاوشێوەییە بڕوانین کە لە نێوان سیاسەتەکانی ١٩٣٧ و جووڵە سیاسییەکانی ئەمڕۆی تورکیادا هەیە. ئەوکات دەوڵەت بە ناوی شارستانییەت و چاکسازی و هێنانە ناوەوەی یاسا گەمارۆی دەرسیمی دا؛ ئەمڕۆش زۆرجار بە ناوی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری هەوڵی بێدەنگکردن و لاوازکردنی ئیرادەی سیاسیی کورد دەدرێت دەبی وشیار بین ئەوەی ئیستە دەبینریت وەک چۆن لەو قۆناغە سید ڕەزا بانگکرا بۆ گفتوگۆ و لەوێدا دەستگیرکرا و پاشان لەسێدارەدرا، مێژوو پێمان دەڵێت کە دەسەڵاتی ناوەندی لە ئەنقەرە، زۆرجار ئاشتی وەک کات کوشتن و وەک ئامرازێک بۆ خافڵاندنی کورد بەکاردەهێنێت تا ئەو کاتەی پێگەی سەربازی و سیاسیی خۆی بەهێز دەکات. پرۆسەی ئاشتی، ئەگەر لەسەر بنەمای دانپێدانانی فەرمی بە مافەکان نەبێت، تەنها پشوویەکی جەنگە بۆ داگیرکەر

 

سەرچاوە بەکارهاتوەکان بۆ نوسینی بەشە بەڵگەکار و گێرانەوە مێژوویەکانی ئەم وتارە

کەمال مەزهەر ئەحمەد، کوردستان لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی. (بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی باکوور پێش دەرسیم).

نوری دێرسیمی، دەرسیم لە مێژوودا، وەرگێڕانی: محەمەد حەمە باقی.

ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵکوژیی دەرسیم، وەرگێڕانی: فەرهاد چۆمانی.

دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی.

جەلال تەقی، دەرسیم لە نێوان جینۆساید و ناسنامەدا.

بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی.

سەرچاوە کرمانجیەکان: Munzur Çem, Dersim di Tarîxa Kurdan de, Weşanên Vate, Stembol. İsmail Beşikçi, Tunceli Kanunu (1935) û jenosîda Dersimê, Weşanên Belge. Hesen Hişyar Serdî, Dîroka Dewleta Tirk û Serhildana Dersimê, Weşanên bîr. Dr. Eskerê Boyîk, Êş û Janên Dêrsimê, Weşanên Deng

سەرچاوە عەرەبیەکان

جوان ابراهيم، الإبادة الثقافية (الآتنوسايد) في فكر مدرسة أنقرة: درسيم نموذجاً، دراسة منشورة في مجلات أكاديمية.

كونت دريوز، تاريخ الأكراد في الإمبراطورية العثمانية والجمهورية التركية، وەرگێڕانی عەرەبی، دار الساقي

سەرچاوە فارسییەکان

مارتین وان بروئنسن، جامعه‌شناسی مردم کرد (آغا، شیخ و دولت)، ترجمه: ابراهیم یونسی، نشر پانوس. کریس کوچیرا، جنبش ملی کرد، ترجمه: ابراهیم یونسی، نشر نگاه. دیوید مک‌داول، تاریخ معاصر کرد، ترجمه: ابراهیم یونسی، نشر نو.. حمید رضا جلایی پور، کردستان: علل تداوم بحران آن پس از انقلاب، نشر کویر نشریه چشم‌انداز ایران، ویژه‌نامه تاریخ کردستان و قیام‌های ۱۹۲۰ تا ۱۹۴۰، تهران.