تەنها یاساکان بەس نین بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی

مونا توکا – ڕۆژنامەنووسی لیبیا

 

لە ئێستادا لە قۆناغێکی گرنگداین لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی، تەنها یاساکان بەس نین، زیادبوونی ئاماری کوشتنی ژنان دەریدەخات کە دەبێت حکومەت و کۆمەڵگە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر.

 

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا دوو کوشتنی زۆر شۆککەر لە شارە جیاوازەکانی لیبیا ڕوویانداوە، دوو ژن لەلایەن کوڕەکانیانەوە کوژران، ئەم ڕووداوانە ئەوە دەردەخەن کە پێویستە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی خێزانی لە لیبیا بکەین، بەتایبەتی توندوتیژی دژی ژنان.

 

بەداخەوە لەم جۆرە تاوانانەدا بیانووی وەک ماددەی هۆشبەر یان کهول بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەم نموونەیە تەنها دیوێکی چیرۆکەکەیە. توندوتیژی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە هۆکاری کولتووری و کۆمەڵایەتی ڕوودەدات، ئەو بیرکردنەوە دواکەوتووانەی کە ژن بە لاواز و پیاو بە بەهێز دەبینێت؛ دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی توندوتیژی وەک شتێکی ئاسایی یان هەندێکجار ڕەوا سەیر بکرێت، ئەم توندوتیژییە بە ڕەوا دادەنرێت، جا لە دژی ژن بێت، یان دایک یان هاوبەشی ژیان.

 

پاراستنی تاوانباران ورە دەبەخشێت

کاتێک ئەم تاوانانە ئەنجام دەدرێن، یەکێک لەو بیانووانەی کە هەمیشە دەخرێتەڕوو ئەوەیە کە قوربانییەکە "هاندانی" تاوانبارەکەی کردووە یان مەبەستی کوشتنەکە بۆ پاراستنی شەرەفە، ئەم جۆرە بیانووانە ڕێگە بە بکوژەکان دەدەن لە سزا ڕزگاریان بێت. لە لیبیا، هەرچەندە یاساگەلێک بە ئامانجی پاراستنی ژنان هاتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەدا کەموکورتی هەیە و زۆرجار لە حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانیدا ڕێکاری پێویست ناگیرێتەبەر.

 

ئەم تاوانانە نابێت وەک ڕووداوی کەسی تەماشا بکرێنم ئەم ڕووداوانە دژایەتی قوڵ لە سیستمی کۆمەڵایەتی و یاساییدا ئاشکرا دەکەن، چاکسازی یاسایی پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بە ژنان، پێویستە سزای توند بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنرێت کە ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تەنها یاساکان بەس نین، بۆ گۆڕینی تێڕوانین و تێڕوانینە هەڵەکان سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا، پێویستە هەڵمەتی هۆشیاری بەرفراوان ئەنجام بدرێت. منداڵان بە کولتوورێکی یەکسانی نێوان ژن و پیاو پەروەردە بکرێن.

 

بە گۆڕینی تێڕوانینە هەڵەکان، ئاشتی و ئاسایش لەناو کۆمەڵگەدا دروست دەبێت

ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی پارێزراو بۆ ژنان بنیات بنێین؛ پێویستە سەرەتا تێڕوانین و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی ئێستا بگۆڕین، پێویستە نەوە نوێیەکان فێر بکەین کە هەرگیز نابێت بەرگەی توندوتیژی دژ بە ژنان بگیرێت، هیچ پاساو و کوشتن و هێرشێک نابێ ڕەوا بێت.

 

سەرەڕای ئەوەش، پێویستە میکانیزمە یاسایی و ئەمنییەکان زیاد و باشتر بکرێن بۆ پاراستنی ژنان لە ماڵ و هەموو شوێنێک.

 

لە ئێستادا لە قۆناغێکی گرینگداین لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانم زیادبوونی ئاماری کوشتنی ژنان دەریدەخات کە دەبێت حکومەت و کۆمەڵگە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر، ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە جارێکی تر ئەوەمان بیردەخەنەوە کە کۆمەڵگە و دەوڵەت دەبێت هەنگاوی کۆنکرێتی بنێن بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی ژنان.

 

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژ بە ژنان تەنها ئەرکی تاکەکان نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە، هەرکەسێک لە دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە تا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەبێت لەم خەباتەدا جێگەی خۆی بگرێتەوە، ژنان پێویستە لە کۆمەڵگەیەکدا بژین کە ڕێزیان لێبگرێت و هەست بە  پاریزراوی بکەن.