مانگرتنی کرێکاران لە دژی وڵاتانی زەبەلاحی پیشەسازی

کەژال حەمە ڕەشید - چالاکوان

 

لەوانەیە هەر یەکێک لە ئیێوە پۆشاکێکتان لە براندە بەناوبانگە جیهانیەکانی وەکو لیڤایس و زارا و، H&M , واڵ مارت، گاپ، سپنسەر و ئاڵدی و براندە جیهانیەکانی تر کڕیبێت، تێبینیتان کردوە زۆرینەی پرۆدەکتەکان/بەرهەمەکان لێیان نووسراوە Made in Bangladesh یان India واتە زۆرینەیان لە بەنگلادیش یان هندستان بەرهەم هێنراون. لە بەنگلادیش بەتەنها ٣،٥٠٠ کارگەی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ هەیە، کە ساڵانە ٥٥ بلیۆن بەرهەم هاوردە دەکات بۆ وڵاتانی جیهان لە براندە گران و بەناو بانگەکانی جیهان.

 

دەزانن نرخی هەندێک لەو کاڵایانە زۆر بەرزن کە دەیان قاتی کرێی ڕۆژانەی کرێکارێکی بەنگلادیشیە، کە ئەو بەرهەمانە بەرهەم دەهێنێت. بۆنموونە نرخی پانتۆڵی لیڤایسی پیاوان لە کەنەدا لەنێوان ٥٠-١٥٠ $دۆلارە و هەندێکیشیان لە ٥٠٠$ تا سەروو ١٨٠٠$ دەڕوات ؟!! لەکاتێکدا کرێی مانگانەی کرێکاری بەنگلادیش ٨-٧٥$ دۆلارە!!!!

 

ئەزانن کە ئەو کارگانە هەمووی کۆمپانیای زەبەلاحی وڵاتانی پیشەسازی ڕۆژئاوایین بە خاتری تێچوونی کەمتر و پێدانی هەقدەستی کەمتر کۆمپانیاکانیان بردووەتە وڵاتانی وەکو بەنگلادیش و هندستان. لە وڵاتانی پیشەسازی، بۆ نموونە لە کەنەدا کرێی مانگانەی کرێکارێک دەبێت دەیان قات بەرزتر بێت لە کرێکارێکی بەنگلادیشی و تەئمینات و بیمەی تەندروستی و بێکاری چەند خزمەتگوزاری تری بۆ دابین بکرێت و بێجگە لە خەرجی و قەرەبووکردنەوەی ڕووداوی سەلامەتی و هەندێ ماف و پێویستی تر، تا بتوانێت بژێوی ژیانێکی ئاسایی هەبێت، بەڵام لە بەنگلادیش کرێیەکی هێجگار کەم، بەبێ بیمەی تەندروستی و سەلامەتی و ئەو خزمەتگوزاریانەی کە باسم کردن، وە بەو هۆیەشەوە کە کرێکاران لەوێ خاوەنی سەندیکا و ئامرازی خۆڕێکخستن نین، زۆر کەم دەتوانن داواکارییان هەبێت و مانگرتن و ناڕەزایەتی سازبکەن ، ئەو بەناو سەندیکایانە کەهەن تەنها ڕۆڵی پەیوەندی گرێبەستی نێوان دەوڵەت و کۆمپانیاکان دەبینێت، بەم شێوەیە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وڵاتانی سەرمایەداری بە تێچوونێکی کەم سەرمایەی گەورە بەدەست دەهێنن.

 

مانگرتنی کرێکاران، کەمی کرێ و بارودۆخی نامرۆڤانە و چەوسانەوەی لەڕادەبەدەری کرێکاری ئەو سێکتەرانە، کە نزیک بە ٤ ملیۆن کرێکار دەبێت، وایکرد دواجار پەتی تەحەمولی کرێکاران بپچڕێ و هەفتەیەکە مانگرتنی گەورەی کرێکاران دەستی پێکردووە، کە ژنان زۆرترین ڕێژەی پێکدەهێنن، ٦٠٠ گارگە لەبەرهەمهێنان وەستاون، کرێکاران داوای بەرزکردنەوەی کرێکانیان دەکەن و دەڵێن نامانەوێت لەبەرخاتری پۆشاکە گرانبەهاکانی ئێوە بمرین لەبرسا.

 

بێگومان پیشەسازی بڕبڕەپشتی ئابووری دەوڵەتە، بۆیە پۆلیس ڕووبەڕووی مانگرتنی کرێکاران بوونەتەوە و بە زۆر و بە گازی فرمێسکڕێژ دەیانەوێت مانگرتنیان پێبشکێنن و بیانگێڕنەوە بۆ سەر کارەکانیان، تا ئێستا ٢ کەس گیانی لەدەست داوە. کرێکارانیش بە بەرد ڕوبەڕوی پۆلیس بونەتەوەو سورن لەسەر مانگرتن.

 

لەولاوە خۆپیشاندانی جەماوەری لە دژی دەوڵەت دەستی پێکردووە و داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران دەکەن، پێش وادەی هەڵبژاردنەکان لە سەرەتای ساڵی نوێدا، بارودۆخەکە لە بەنگلادیش بەتەواوی قڵیشاوەتەوە.

 

دوو ساڵ لەمەوبەر بەهەمان شێوە هەزاران کرێکار لە کێڵگەکانی چا کە کرێی ڕۆژانەیان تەنها ١:٢٥ $ یەک دۆلار و بیست و پێنج سەنت بوو، کە یەکێک لە باشترین براندەکانی (چا) لە جیهان بەرهەم دەهێنن، مانگریان دەستپێکرد، کرێکارێکیان لەلێدوانێکدا دەڵێت هەندێ ڕۆژ تەنانەت کاتی نانخواردنیشمان پێ نادرێت.

 

کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامەڵەی نامرۆڤانەی وڵاتانی گەورە پیشەسازی تەنها جەنگ و کوشتارەکان نیە کە لەو ناوچەیەدا دەیخوڵقێنێت، ئەم هەرزان کڕینەی هێزی کرێکار و چەوسانەوەیان جەنگێکی درێژخایەن و هێواش کوشندەیە کە لەسەر ملیۆنان کەس لە وڵاتانی باشووری ئاسیا بەڕێوە دەچێت. ئەمانە و سەرەڕای ئەوەی زۆری ژمارەی ئەو کارگانە کاری کردووەتە سەر پیسبوونی ژینگەی ئەو شارو وڵاتانە، دوێنێ ئەمنستی ئەنتەرناشناڵ لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت بەنگلادیش و هندستان لە پلەی یەکەمدان لە پیسبوونی ئاو و هەوا و ژینگەکەیاندا. لەڕاستیدا ئابوری و پێشکەوتن و خزمەتگوزاری و لافی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی گەشەسەندووی ڕۆژئاوای جیهان بنیادنراوە لەسەر ئەو بارودۆخە پێچەوانە و نامرۆڤانەیەی لە بەشەکەی تری هەسارەی زەوی بەڕێوە دەچێت.

 

بە دڵنیاییەوە ئەم ڕاپەڕینەی کرێکارانی بەنگلایش هێندەی جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریان هەیە و سیستمی جیهانی ڕادەچڵەکێنێی، لەکاتێکدا خەتەر لەسەر ئابووریە زەبەلاحەکان دروست دەکات، هەر لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو مانگرتنە نرخی ئەو کاڵا و براندانە لە بازارەکانی جیهاندا بەرز بوونەوە.

 

هەروەک چۆن مانگرتنی جوتیارانی هندستان ٣ساڵ لەمەوبەر کە ٢٥٠ ملیۆن کەس بەشداری تێدا کرد بووە جێگای لێکۆڵینەوەی وردی سەرمایەداری، ئێستاش ئەم مانگرتنەی بەنگلادیش ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە و لێکۆڵینەوەی وردی لەسەرە و جێگەی بایەخە. نیگەرانیەکەی سیستم ئەوەیە ئەگەر کرێکاران ئەو بارودۆخە قبوڵ نەکەن ، ئەبێ چی تر بکەین!