عەرەبی ٤٨

نازەنین عوسمان حەسەن -نووسەر

عەرەبی ٤٨، ئەم ناوە و چەندین ناوی تر، بەو هاوڵاتییە عەرەبانە دەوترێت کە پێش دامەزراندنی وڵاتی ئیسرائیل لەو شارانەدا بوون کە ئێستا ئیسرائیلە و هاوڵاتیی ئیسرائیلن. هەروەها بە ناوەکانی: هاونیشتمانیی عەرەب لە ئیسرائیل، فەلەستینیی ناوەوە، عەرەبی ئیسرائیل، فەلەستینیی نێو هێڵی سەوز ناو دەبرێن، بەڵام خۆیان زیاتر نازناوی هاونیشتمانیی فەلەستینی لە ئیسرائیل بەکاردەهێنن.


زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە، ئیسلامی سوننەن. ژمارەیان دوو ملیۆن دەبێت، کە دەکاتە ٪٢١٪ دانیشتوانی ئیسرائیل. 
زۆربەیان جگە لە زمانی دایک، بە زمانی عیبرییش دەدوێن. ئەمانە زیاتر لە ناوچەکانی «موسەلەس» سێگۆشە: جەلیل، جۆلان، قودس و باکووری نەقەبدا دەژین.


لە ١٩٤٨ کاتێک فەلەستین لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بوو، وڵاتی ئیسرائیل دامەزرا. شەڕی ١٩٤٨ هەڵگیرسا لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەکان (ئوردن، لوبنان و میسر). لە ساڵی ١٩٤٩، بۆ راگرتنی شەڕ، لە روودووس، فەلەستین دابەشی سێ ناوچە کرا بە هێڵێکی سەوز. ئەو هێڵە، بە قەڵەمی سەوز لەسەر نەخشەی فەلەستین کێشرا. دەوڵەتی ئیسرائیل رەسم کرا و لە زەفەی غەربی و ناوچەی غەزە جیاکرایەوە. زەفەی غەربی خرایە ژێر دەسەڵاتی ئوردن، ناوچەی غەزەش لە رووی بەڕێوەبردنەوە بە میسر سپێردرا. 


لە ٨٠٪ی عەرەبەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل زەوییەکانیان بەجێهێشت و بوون بە پەنابەر لە وڵاتە عەرەبییەکانی تر، بەتایبەتی لە ئوردن. ئوردن زیاتر لە وڵاتەکانی تر کارئاسانی بۆکردن و رەگەزنامەی ئوردنیی پێدان. ئەوانەی نەڕۆیشتن و لەو ناوچانەدا مانەوە کە بۆ ئیسرائیل دانرابوون، ئەوانەن کە ئێستا پێیان دەڵێن «عەرەبی ٤٨».


هاونیشتمانیی عەرەبی ئیسرائیل، بەپێی یاسای کنێسێتی ساڵی ١٩٥٢، دەتوانن رەگەزنامەی ئیسرائیل وەربگرن وەک هەر ئیسرائیلییەک. هەندێک لەو عەرەبانە نەیانویستووە رەگەزنامە وەربگرن، بەڵام ناسنامەی ئیسرائیلییان هەیە و کارتی مانەوەی هەمیشەییان دراوەتێ. ئێستا یاساکەیان قورستر کردووە بۆ ئەو کەسانەی داوای رەگەزنامەیان نەکردووە، ئەگەر داوا بکەن، دەیدەنە ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە ٣٥ساڵ بەرەو سەرەوە بێت و ئەو ژنانەش کە تەمەنیان لە سەرووی 25 ساڵەوەیە.


تا ساڵی ١٩٦٦ ژیانی عەرەبی ئیسرائیل زۆر قورس بوو، چونکە ئیسرائیل لەژێر حوکمی سەربازیدا بوو، بەڵام لەو ساڵەوە ئەو حوکمە لابرا و دوای شەڕی ١٩٦٧ ژیانیان باشتر بوو و توانییان حزبی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن و بەشداریی هەڵبژاردن بکەن بۆ هەڵبژاردنی کنێسێت و شارەوانی. 


دواتر لە رێگەی ئەو رێکخراوانەوە داوای مافی زیاتریان دەکرد و ناڕەزاییەکان گەورەتر دەبوون بەهۆی داگیرکردنی زەویی زیاتر و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلی لەسەر خاکی عەرەبەکان. 


ئەوە بوو لە ٣٠ی ئاداری ١٩٧٦لە نێو ئەو عەرەبانەدا راپەڕین روویدا، کە بە رۆژی زەوی «یوم الأرض» ناونرا و هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە. پەیوەندییان لەگەڵ فەلەستینییەکانی غەزە و زەفە باشە و پشتگیریی ماددی و مەعنەوییان دەکەن، بەتایبەتی لە راپەڕینەکانی یەکەم ١٩٨٧ و دووەم لە ٢٠٠٠. 


ئەو عەرەبانە کۆمەڵگەیەکی گەنجن و رێژەی لەدایکبوون تیایاندا زۆر بەرزە و لە جووەکان زیاترە، تەنیا جووی حەریدیمەکان نەبێت، کە ئەوانیش رێژەی لەدایکبوون تێیاندا بەرزە. رێژەی لەدایکبوونیان ٣.٨ە و لە ٤٢٪ی دانیشتوانی عەرەبی ئیسرائیلی، لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵیەوەن، رێژەی تەمەنی سەروو ٦٥ ساڵییش، تەنیا لە ٣٪ بەراورد بە جوو، کە لە ١٢٪، ئەوەش واتای ئەوەیە ژیانی عەرەبەکان خراپە، رێژەی ئیسلام لە نێو ئیسرائیل، لە١٧.٨٪، لەکاتێکدا لە ساڵی ١٩٤٨ لە .٥٪بووە، ئەمەش زۆربوونی ژمارەی عەرەبی ٤٨ دەردەخات.


ژمارەی عەرەب لە جەلیل و موسەلەس لە بەرەو زیادبووندان و وا پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٣٠ ببنە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو شارانە، ئەمە ترسی خستووەتە نێو دڵی ئیسرائیلییەکان و وەکو «بۆمبی دیمۆگرافی» دادەنرێت. ئیسرائیل هەوڵیدا جێگۆڕکێ بەو دانیشتوانانە بکات لەگەڵ جوو، بەرەو ئەو شوێنانەی نزیکن لە غەزە و زەفە، بەڵام بۆی نەکرا. 
زۆربەی ئەو عەرەبانە لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل دەژین، ١٢٢ زۆنی عەرەبی هەیە و زۆربەیان لە شاری ناسرەن، لە قودسیش لە ٣٣٪ی دانیشتوانەکەی عەرەبن. پێشکەوتووترین ناوچەیان لە رووی خوێندنەوە، لە حەیفایە و لە١٤٪ی دانیشتوان پێکدەهێنن و لە ١٠٪ش لە تیبەن. لە رووی کەلتوری و رۆشنبیرییشەوە، عەرەبەکانی ناسرە و حەیفا چالاکترینن.


لە ٦٪ی ئەو عەرەبانە، عیبریی باش دەزانن، لە ١٧٪یان ناتوانن بیخوێننەوە و لە ١٢٪ش نازانن بەباشی پێی بئاخفن.
لە ڕووی ئایینداریەوە، لە ٤٧٪ نەریتیین، لە ٣٢٪ زۆر دیندارن و ئەوەی دەمێنێتەوە دیندار نین. بەگشتی، عەرەبی ٤٨، کەمتر دیندارن وەک ئەوانەی غەزە و زەفە. دین لای ژنەکان گرنگیی زۆرترە وەک لای پیاوەکانیان. رێژەی هەژاری لە نێو عەرەبی ٤٨زۆر بەرزترە لە چاو پێکهاتەکانی تر. کرێ و حەقدەستی کرێکاری عەرەب لە ٢٩٪کەمترە لە کرێکارێکی جوو. سەربازییان لەسەر نییە مەئەگەر بە خۆبەخشی نەبێت، ئەوەش زۆر کەمە. لە سێکتەری سەربازیدا هەلی قەرز و خوێندن زۆرە و عەرەب لەوە بێبەشن.

 

ڕێژەی دەرچووی زانکۆ لە ٣٤٪بەرامبەر بە ٤٧٪ بۆ جووەکان و لە ٧١٪ بۆ مەسیحییەکان. باشترین خوێندکاریان لە خوێندنگەکانی مەسیحییەکان دەردەچن.


بەراورد بە جوو، مەسیحی، درووز و شەرکەس، دامەزراندن و هەلی کار بۆ عەرەب زۆر کەمترە، رێژەی بێکاری لە جووەکاندا لە ٦.٥٪ ‌بەرامبەر بە لە ٢٥٪ لە نێو عەرەبی ٤٨دا. 


تاکە سێکتەر کە تێیدا هەلی کار و دامەزراندن بۆ عەرەبی ٤٨ بەرز بێت، سێکتەری تەندروستییە، وەک پزیشک و دەرمانساز، زۆر بەرزترە لە چاو رێژەی دانیشتوانیان. 


شاری عەرابە، شارێکە زۆربەی دانیشتوانەکەی عەرەبە، بەرزترین رێژەی دەرچووی پزیشکی هەیە لە هەموو جیهاندا بەراورد بە رێژەی دانیشتوانی.


لە ئیسرائیل قوتابخانە حکومییە و دوو جۆری هەیە، جۆرێکیان زمانی رەسمی عیبرییە و ئەوی تر عەرەبییە. لە هەردوولا هەردوو زمانەکە دەخوێنرێن، بەڵام لە قوتابخانە عەرەبییەکاندا زمانی عیبری دەبێت زیاتر گرنگیی پێبدرێت و لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆریدا تێیدایە. لە وانەکانی ماتماتیک، زانست و ئینگلیزی، هەمان مەنهەجە، هەرچی وانە وێژەیەکانیانیانە، جیاوازن. خوێندن لە زانکۆش، بە ئینگلیزی و عیبرییە.


گرنگیدان بە قوتابخانە عیبرییەکان زیاترە وەک لە قوتابخانە عەرەبییەکان. بەپێی راپۆرتی هیومەن رایتس، حکومەتی ئیسرائیل ساڵانە ١١٠٠ دۆلار بۆ قوتابییەکی جوو سەرف دەکات. بەرامبەر بەوە، تەنیا ١٩٢ دۆلار بۆ قوتابییەکی عەرەبی ٤٨.


بەپێی ئاماری دەرچووانی بەکەلۆری، لە ساڵی ٢٠٠٨، رێژەکانیان بەو شێوەیە بووە: لە ٤٩٪ئیسلام، لە ٤٧٪ درووز، لە ٦٧٪ مەسیحی و لە ٪٥٦٪ جوو.


تا ئەو چەند ساڵەی دوایی، ئیسرائیل بە باشترین وڵاتی دیموکراتیی رۆژهەڵاتی ناوەند دەژمێردرا. عەرەبی ٤٨، خاوەنی چەند حزبێکی سیاسی بوون و بەشێکیان هەماهەنگییان لەگەڵ حزبەکانی ئیسرائیلدا هەبووە، یاخود بەشێک لەو عەرەبانە لە نێو حزبە چەپەکانی جوودا کاریان کردووە و لە نێو ئەو حزبانەدا داوای مافی زیاتریان کردووە.


ئەو حزبانەی کار دەکەن:
- (حداش) بەرەی دیموکراتی بۆ ئاشتی و یەکسانی، عەرەب و جووی تێدایە. بنەچەکەی پارتی کۆمۆنیستی ئیسرائیلە، دژی زایۆنیزمە، حزبێکی چەپ و عەلمانییە. 
- (بلد) کۆمەڵی نیشتمانی و دیموکراتی، حزبێکی نەتەوەیی عەلمانییە، داوای دەوڵەت بۆ هەموو هاوڵاتییەک دەکات.
- بزووتنەوەی گۆڕانی عەرەبی، زۆرترین دەنگیان هەیە لە کنێسێت بە سەرۆکایەتی ئەحمەد تیبی، دیدگایەکی نەتەوەیی میانڕەوی هەیە.
- بزووتنەوەی ئیسلامی - بەشی باشوور، بە سەرۆکایەتی مەنسوور عەباس، تاکە حزب بووە کە بەشداری لە حکومەتدا کردووە لە ساڵی ٢٠٢١.


ئێستا حزبە عەرەبییەکان بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێک لە حزبەکانی جوو لە کنێسێتدا بەشدارن، نەک وەک کیانێکی سەربەخۆ، بەڵام بە ژمارەیەکی کەم. لە کنێسێتی ئێستادا تەنیا ١٠ ئەندامی عەرەب هەن.


عەرەبەکان کەم بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن و لە ٣٠٪ دەنگ بۆ حزبە چەپەکانی ئیسرائیل دەدەن.


لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ یەکەم جار حزبە عەرەبەکان هاوپەیمانییان لەنێوان خۆیاندا کرد و توانییان ١٣ بەربژێریان بچێتە کنێسێت لە کۆی ١٢٠ ئەندام. ئێستا دەنگەکانی عەرەب زۆر پەرشوبڵاون و هاوپەیمانی نابەستن، ئەمە وا دەکات دەنگیان پەرشوبڵاو بێت. دەنگی پەرلەمانتارێکی عەرەب، یەکسانە بە دەنگی پەرلەمانتارێکی جوو، بەڵام یاسایەک هەیە لە کنێسێت، ئەگەر سێ لەسەر چواری ئەندامانی کنێسێت دەنگیاندا، دەتوانن ئەندامێتی لە ئەندامێک بسەننەوە ئەگەر وەلائی تەواوی بۆ ئیسرائیل نەبێت.


بە یاسای ئیسرائیل، هاووڵاتی هەموو نەتەوەکان یەکسانن، بەڵام ئەرکیان جیاوازە، بۆ نموونە، عەرەب سەربازیی لەسەر نییە. عەرەبەکان دەڵێن حکومەت بە هاووڵاتی پلە دوو ئەژمارمان دەکات. لە بودجەی ساڵانەدا، لەکاتێکدا عەرەب لە ٢٠٪ی دانیشتوانە، بەڵام لە ٧٪بودجەیان بۆ خەرج دەکات.


 یوسف مونیر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی قودس، دەڵێت: «هەر جوویەک لەهەر وڵاتێک بێت مافی کڕینی موڵکی هەیە لە قودس، بەڵام پەنابەرێکی فەلەستین ئەو مافەی نییە».


رەگەزنامە نادرێتە فەلەستینییەک ئەگەر لە غەزە بێت یاخود زەفە و هاوسەرگیری کردبێت لەگەڵ هەر هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی، هەرچەندە ئەم تێکەڵییە زۆر کەمە. هەروەها مۆڵەتی ئۆتۆمبێلیان پێ نادرێت.


ئێستا راستڕەوەکانی حزبی لیکۆد (بنیامین نەتانیاهۆ) بە ٣٢ کورسی، (شاش) ١١ کورسی، (یهدوت هتورات) حەوت کورسی، زایۆنیزمی دینی (سموتریتش) حەوت کورسی و عوتسما یهودیت شەش کورسی لەسەر حوکمن بە ٦٨ کورسی. حزبەکانی (یش عتید) بە ٢٤ کورسی لەگەڵ حزبەکانی ناوەڕاست و چەپ، وەک (شین و سپی) بە هەشت کورسی و عەرەبەکان، ئۆپۆزسیۆنن. لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا پێویست دەکات جارێکی تر هەڵبژاردن بکرێتەوە و بەپێی پێشبینییەکان، نەتانیاهۆ ناتوانێت زۆرینە دروست بکاتەوە.


ئیسرائیل دەستووری نییە، بە  ١٤یاسای بنەڕەتی کار دەکات. یەکێک لەو یاسایانەی ئەمساڵ حکومەتی نەتانیاهۆ دەریکرد، حوکمی لە سێدارەدانە، کە تا ئێستا ئەو حوکمە لە ئیسرائیل نەبوو بۆ ئەو فەلەستینییانەی ئیسرائیلییەک بکوژن، بەڵام ئەم حوکمە ئیسرائیلی ناگرێتەوە ئەگەر عەرەبێک بکوژێت. ئەمە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی دوودڵ کردووە و ئیسرائیل بەرەو دواوە دەبات، بەڵام ئەوەی باشە ئەم یاسایە ئەسەری رەجعی نییە و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە ئێستا لە بەندیخانەکاندان، یان ئەو کەسانە کە بەشدارییان لە هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣یان کردووە، لە کاتێکدا ئەگەر بگیرێن.