نەوەی داهاتوو لەبەردەم ئاڵنگارییەکاندا
سوعاد مەلا سەعید -سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی نەوەی داهاتوو، پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە لە پەروەردە و راهێنان و پەرەپێدانی لێهاتووییەکان، بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، داهێنان و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی، گەنجان دەتوانن هۆکاری پێویستییان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی ببنە سەرکردەی کاریگەر لە کۆمەڵگاکانیاندا، کە بەشداری بکەن لە داهاتوویەکی بەردەوام و خۆشگوزەران، چونکە نەوەکانی داهاتوو بڕبڕەی پشتیی ئایندەی هەر کۆمەڵگایەکن، رۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە داڕشتنی سیستمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری.
ئەم نەوەیە روبەڕوی چەندین تەحەدا دەبنەوە کە پێویستیان بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنان و گونجاندن هەیە، لەم بابەتەدا ئاماژە بەهەندێک لەو خاڵانە دەکەین بە مەبستی چۆنیەتیی ئامادەکردنی ئەو نەوەیە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئایندە، لەوانە:
ئاڵنگارییە بنەڕەتییەکان:
١- گۆڕانی کەشوهەوا: ئەم دۆخە یەکێکە لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم نەوەکانی داهاتوو، گەنجان پێویستیان بەو زانیاری و لێهاتووییە هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمی ئاو و کارەساتی سروشتی.
٢- تەکنەلۆژیا و دیجیتاڵکردن: خێرایی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی خێراتر بووە، پێویستی بە نەوەکانی داهاتوو هەیە خۆیان لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێدا بگونجێنن. پێویستە توانای دیجیتاڵیی بەهێزیان هەبێت بۆ ئەوەی تێبگەن چۆن تەکنەلۆژیا بەشێوەیەکی کاریگەر و سەلامەت بەکاربهێنن.
٣- ئاستەنگە ئابوورییەکان: لەگەڵ گۆڕانی مۆدێلی بازرگانی و ئابووری، گەنجان روبەڕوی کێشە دەبنەوە لە دۆزینەوەی هەلی کارێکی بەردەوام. ئەمەش پێویستی بە پەرەپێدانی تواناکانی خۆبەخشی، کارگێڕی و توانای گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی بازاڕی کار هەیە.
ستراتیژییەکانی ئامادەکاریی:
١- پەروەردەی هەمەلایەنە: سیستمی پەروەردە پێویستە سەرنجی لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی ژیان و داهێنان و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بێت، پێویستە مەنهەجەکان و بابەتەکانی پەیوەست بە بەردەوامیی، تەکنەلۆژیا و کارامەیی کۆمەڵایەتی، لەخۆبگرن.
٢- راهێنانی پیشەیی: پەروەردەی تەکنیکی و راهێنانی پیشەیی، کلیلی چارەسەرکردنی ئاستەنگە ئابوورییەکانن، پێویستە دەرفەتی راهێنان بۆ خوێندکاران لەو بوارانەدا دابین بکرێت کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕدا بگونجێت، ئەمەش یارمەتییان دەدات بۆ بەدەستهێنانی کارامەیی پراکتیکی.
٣- بەرەوپێشبردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی: زۆر گرنگە هاندانی گەنجان بۆ بەشداریکردن لە پرسەکانی کۆمەڵگەدا، ئەمەش دەتوانرێت لە رێگەی بەرنامە خۆبەخشییەکان و دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەدەستبهێنرێت کە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی پەروەردە دەکەن.
٤- پەرەپێدانی تواناکانی سەرکردایەتی: پێویستە گەنجان بەهێزبکرێن بۆ پەرەپێدانی تواناکانی سەرکردایەتی لە رێگەی وۆرک شۆپ و خولی راهێنان و ئەزموونی پراکتیکییەوە. سەرکردایەتیی کاریگەر یارمەتیی نەوەکانی داهاتوو دەدات کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگاکانیان هەبێت.
بەوپێیەی منداڵانی ئەمڕۆ گەنجان و پیاوانی ئایندەن، زۆر مەبەستە پەروەردە و پێگەیاندنیان لە ئەمڕۆدا لەیاد نەکرێت، ئاڵنگارییەکانی ئایندە بەهێزن، نەوەیەکی کارامە و خۆڕاگر و بیرکراوەیان پێویستە تا ژیان بە باشی بەردەوام بێت، بۆیە هەر خەمساردییەک لە پەروەردەی رۆڵەکانمان لە ئێستادا، دەمانخاتە بەردەم چارەنووسێکی دژوارەوە لە ئایندەدا و باجی قورسی لەپێناودا دەدەین.