منداڵانی ناو سۆشیال میدیا
نەرمین عوسمان محەمەد - نووسەر

بەپێی ماددەی ٣ لە رێککەوتننامەی مافەکانی منداڵان لە هەر بەکارهێنانێکی تەکنۆلۆژیادا، واتا ئینتەرنێت و پێگە کۆمەڵایەتییەکان، پێویستە رەچاوی پاراستن و بەرژەوەندیی باڵای منداڵ بکرێت، بەڵام ئەوەی لە سۆشیال میدیای کوردیدا دەگوزەرێت لەمڕۆدا، رێک پێچەوانەی ئەو ماددەیەیە، بە چاوپێداخشانێکی خێرا بۆمان دەردەکەوێت بە هەموو جۆرێک منداڵان بەکاردەهێنرێن، هەر لە جنێودان، یاریکردنی ناتەندروست، تا دەگاتە ئاستی لاساییکردنەوەی گەورەکان و نمایشە بێ سوود و زیانبەخشەکان.
سەبارەت بەو بابەتە رێکخراوی (مۆڵی رۆز)ی بەریتانی، لێکۆڵینەوەیەکی کردووە و ئەنجامەکەی لە رۆژنامەی (گاردیان)دا بڵاوکردووەتەوە، رێکخراوەکە هەژمارێکی وەهمی بە ناوی منداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵەوە داناوە لەسەر هەردوو پێگەی ئینستاگرام و تیکتۆک، لە کۆتاییدا دەرکەوتووە، رێژەی ٩٧٪لەو ریڵزانەی بۆ ئەم هەژمارە هاتووە و رێژەی لە ٩٦٪ی ئەو بڕگانەی ئاڕاستەی هەژمارەکە کراون لە بەشی فۆڕیودا، کۆمەڵێک بابەتی زیانبەخشن و زۆربەیان ئاڕاستەی خاوەن هەژمارەکەیان کردووە بۆ خۆکوشتن یاخود خۆ ئازاردان.
ئەم لێکۆڵینەوەیە منداڵی وەک بەکارهێنەرێک داناوە بۆ هەژمارەکە ئەم هەموو ئەنجامە نەرێنییەی هەبووە، ئەی ئەگەر منداڵێک خۆی لەو هەژمارانەدا بەکاربهێنرێت دەبێت چ ئاسەوارێکی خراپی لەسەر جێبهێڵێت؟
لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە زانایانی زانکۆی کالیفۆرنیا لەسەر ١٢٠٠٠ منداڵ، کە تەمەنیان لەنێوان ٩-١٣ ساڵدا بووە کردوویانە بۆیان دەرکەوتووە، ئەو منداڵانە لە ئەنجامی بەکارهێنانی پێگەکانی سۆشیال میدیا دووچاری گاڵتەجاڕی، تێکچوونی خەو و بیرکردنەوەی خۆکوژی بوونەتەوە، ئەگەر ئەم توێژینەوانە و ئەنجامەکانیان بەروارد بکەین بە دۆخی منداڵانی بەکارهاتوو لەسەر پێگە کۆمەڵایەتییەکانی لای خۆمان، بۆمان دەردەکەوێت توێژینەوەی وردمان نییە لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام بە خوێندنەوەی کۆمێنتەکانی خوار ئەو چالاکییانەی منداڵیان تێدایە دەبینین، بەشی زۆری ئەو کۆمێنتانەی نووسراون لە رەخنەی بێ مانا و گاڵتەجاڕی بە منداڵەکە و خانەوادەکەی زیاتر هیچی دیکە نییە، ئەمە جگە لەوەی زۆربەی ئەو منداڵانەی ساڵانی پێشوو دەرکەوتوون ئێستا لە هەندێک پێگەی دیکەدا وێنە کۆنەکەیان لەگەڵ وێنەکەی ئێستایان دادەنێن و بە دەیان کۆمێنتی ناشرینیان بۆ دەنووسرێت، لەسەر بەراوردکردنی هەردوو سەردەمەکەی هەمان کەسایەتی.
سەبارەت بەم بابەتە، دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی پسپۆڕی دەروونی بۆ کوردستانی نوێ وتی: دەرکەوتنی منداڵ لە سۆشیال میدیادا دەچێتە خانەی لاساییکردنەوەوە، بۆ ئەم بابەتەش پشت دەبەستین بە بیردۆزی زانای بەناوبانگ (بەندۆرا) ئەم زانایە دەڵێت: منداڵ یان هەرزەکار هەرچی شتێک ببینێت لاسایی دەکاتەوە. واتا بەکارهێنانی منداڵان لە سۆشیال میدیادا لەلایەن خێزانەکانییانەوە بۆ هەر مەبەستێک بێت، بۆ نموونە جنێودان، یاخود کارێکی خێرخوازی، ئەگەری زۆرە دوای چەندجارێک دووبارەکردنەوەی هەر یەکێک لەو کارانە ببێت بە بەشێک لە کەسێتی منداڵەکە، لەبەرئەوەی مرۆڤ هەرکارێک بکات دوای چەند جارێک دووبارەکردنەوە، دەوروبەرەکەشی هانی بدات و دەستخۆشی لێ بکات چەند بارەی دەکاتەوە و پاش ماوەیەک دەبێت بە خو لە لای، جا ئەگەر رەفتارەکە شەڕخوازی بێت ناتوانێت لێی دەرباز ببێت و بەردەوام پەنا بۆ توندوتیژی و لێدان دەبات، ئەگەر جنێودانێش بێت ئەوا بەردەوام کێشەی بۆ دروست دەکات لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا، بەڵام ئەگەر لاسایی رەفتار یان رەوشتێکی باش بکاتەوە وەک رێزگرتن لە دایک و باوک یان پاراستنی ژینگە، ئەوەیان خوویەکی باشە و لە منداڵەکەدا گەشە دەکات و ئەمەیان لە قازانجی منداڵەکەیە، کەواتە پێش دەرکەوتنی منداڵان و هاندانیان بۆ لاساییکردنەوەی رەفتارەکان، پێویستە لەسەر خێزانەکان دیاری بکەن ئایا بە قازانجی منداڵەکە دەکەوێتەوە یان بە زیانی؟
دواجار دەڵێین: دایک و باوکی بەڕێز، تکایە هۆشیاربن، کاتێک بڕیار دەدەن منداڵەکانتان لە سۆشیال میدیادا دەربکەون.