ململانێی نەوەکان لە دابونەریتەکاندا
کنێر عەبدوڵا- نووسەر

دابونەریت بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوە لە ناسنامەی هەر کۆمەڵگەیەک و بە تێپەڕینی کات، رووبەڕووی ململانێی بەردەوام دەبنەوە لەنێوان نەریتی کۆن و گۆڕانکارییە نوێیەکان کە بەهۆکاری زۆری وەک پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، جیهانگیری و کۆچبەرییەوە سەپێنراوە و کاردانەوەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە و کاریگەریی هەیە لەسەر پەیوەندییەکانی خێزان، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی.
بە نموونە، نەوەی رابردوو پەیوەستن بە جلوبەرگی نەریتییەوە، بەڵام نەوەی ئێستا پێیانوایە روخسار و جلوبەرگ بابەتێکی ئازادیی تاکە. نەوەی رابردوو پەرۆشی سەردان و دانیشتنی درێژخایەنە لەگەڵ خزمانیاندا، بەڵام نەوەی ئێستا پێیانوایە پەیوەندی بە تەلەفۆن یان پەیام بەسە.
نەوەی رابردوو پابەندن بە خواردنی سوننەتیی ماڵەوە، بەڵام نەوەی ئێستا خواردنی خێرا یان خواردنە باوە جیهانییەکانیان بەلاوە پەسەندە. نەوەی رابردوو بەشداریی لە ئاهەنگی هاوسەرگیری و پرسە و خوانەکان دەکەن، بەڵام نەوەی ئێستا حەزیان لە رێوڕەسمی درێژخایەن نییە و هەندێکیشیان بە پێویستی نازانن.
یەکێک لە دیارترین نیشانەکانی ئەم ململانێیە، گرژیی نێوان نەوەکانی ناو خێزانە. نەوەی رابردوو زۆرجار پەیوەستدەبن بەو نەریتانەی لەسەری پەروەردە کراون و وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیری و رێز دەیبینن، ئەمانەی ئێستا ئەم نەریتانە بە سنووردار و دژ بە پێداویستییەکانی سەردەمی مۆدێرن دەبینن. ئەمەش دەبێتەهۆی دابڕانی دەروونی یان تێکچوونی پەیوەندییە خێزانییەکان و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە لە نێوان گروپە جیاوازەکان.
لەو کۆمەڵگەیانەی کە کۆچکردنی ناوخۆیی یان دەرەکی بەسەردا هاتوون، دابونەریتی فرە کەلتوورەکان یەکتر دەبڕن و گرژییەک لەنێوان بەها ناوخۆییەکان و دابونەریتی هاوردەکراو دروستدەکەن. ئەمەش دەبێتەهۆی ململانێیەکی کەلتووری کە پێشبینی تێکچوونی یەکێتی کۆمەڵگە دەکات. لە لادێکاندا دابونەریت جێگیر و چەسپاون، لە شار بواری زیاتر بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە دەڕەخسێنێت. ئەمەش دەبێتەهۆی هەستی نامۆبوون یان نامۆبوونی کولتووری.
وێڕای ئەم ئاڵەنگارییانە، گۆڕانکاری لە نەریتەکاندا دەرفەتێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان و گەشەکردنی تا لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەمدا بگونجێت، ئەوکات لەڕێی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشەوە کۆمەڵگە دەتوانێت رەگی کەلتووری خۆی بپارێزێت و لەگەڵ پێشکەوتنە هاوچەرخەکان بگونجێت و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی خۆی بپارێزێت.
لێرەوە گرنگیی خوێندنی پەروەردەیی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدات لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان نەوەکان و بەهێزکردنی کەلتووری لێبوردەیی و رێزی هاوبەش.
دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانیش دەتوانن رۆڵ بگێڕن لە هێورکردنەوەی ململانێکان و گۆڕینی مەودایەک بۆ نوێبوونەوە و گەشەسەندن.
ململانێی نەریتەکان تەنها رەنگدانەوەی سروشتیی گەشەکردنی کۆمەڵگەیە و چارەنووسێکە دەبێت پەسەندبکرێت و ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەمە شەڕی نێوان رابردوو و ئێستا نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان رەگ و ریشە و نوێبوونەوە، هەر نەوەیەک زمان و رەفتاری خۆی هەیە، بەڵام رێزگرتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش ئەو پردەیە کە دەتوانێت هەموان بەرەو پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بونیادنەر بگەیەنێت.
دیالۆکی نێوان نەوەکان، پەروەردەی هۆشیارانە و لێبوردەیی کەلتووریی گرنگن بۆ پێکەوەگرێدانی رابردوو و ئێستا و خوڵقاندنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، بۆیە دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ هەڵسەنگاندنەوەی خود، دەوڵەمەندکردنی کەلتوور و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هەمەجۆرتر و خۆڕاگر، چونکە نەریتەکان وەک درەختێکن کە رەگی قووڵیان هەیە، بەڵام پێویستیان بە لقی نوێ هەیە تا ژیانێکی نوێ بەرهەم بهێنێت.