خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

زوڵفان غەریب - چالاکوانی کۆمەڵایەتی و بواری ژنان

لە هەر بەڵگەنامەیەکی مێژوویی یاخود لە نووسینی هەر ڕۆمان و شانۆگەرییەك باسی لە میرنشینی سۆران کردبێت، هەمیشە خاتوو خانزاد وەکو ئەستێرەیەکی تیشك دراوە لە ئاسمانی ئەم میرنشینە دەدرەوشێتەوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەمانە بەشێکی کەمن لە مێژووی پرشنگداری ئەم تەوارە بەرزە فڕە، ژیان و بەسەرهاتی خاتونی میر ئەفسانە نییە، بەڵکو راستییەکی مێژووییە.

 

خانزاد خاتوون کچی شاقوڵی بەگ میر سولەیمان بەگ بووە و خوشکی میر سولەیمان بووە، لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی شازدەی زایینی لەدایكبووە و لە کۆتایی هەمان سەدە لە ساڵی 1597 ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.

 

ئەم تەوارە لە ناو کورددا بە یەکەم میری ژن لە حوکمڕانی دادەنرێت و سەردەمی دەسەڵاتی بە سەردەمێکی زێڕین و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی دانراوە، کاتێکیش لە ساڵی "1590" بە پیلانێکی داڕێژراوی لەشکر لە ڕێگەی بەغدا بەهێز لەلایەن والی بەغداد میر سولەیمان بەگی برای شەهید دەکرێت، ترس و دڵەڕاوکێ لەلایەن میرنشینی سۆران بڵاو دەبێتەوە، بەڵام ئەم تەوارە شێر ئاسا ڕێگەنادات میرنشینەکە هەرەسبهێنێ و دەسەڵات دەگرێتە دەست و بەهێز و یەکگرتوویی میرنشینەکە دەهێڵێتەوە، دواتریش بە پلانێکی سەرکەوتوو تۆڵەی میر سولەیمان دەکاتەوە، هەر ئەمەش وا دەکات بە سەردەمێکی بەرەنگار بوونەوە و خۆ بەدەستەوە نەدان دابندرێت.

 

دواجار لە شەڕێکی مەردانە خانزاد خاتوون بە برینداری و دیلی دەکەوێتە دەست شا سەفەوی ئێران کاتێك دەیبەن بۆ کۆشکی شا سەفەوی پێی دەڵێن لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باوکت رازی نەبوویت بە کراسی بوکێنی بێیتە ئەم کۆشکە، بەڵام ئێستا بە کراسێکی خوێناوی دیل و زەلیلی هاتوویت. ئەم تەوارە بەبێ ترس و وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت خۆزگە بکوژرامایە، بەڵام بە دیل نەگیرامایە و هیچ پەشیمان نیم و شانازی بە جلی خوێناوییەکەمەوە دەکەم و داکۆکی لە میرنشینەکەی دەکات و خاوەنی بەهێزترین کەسایەتیی میرنشینی سەردەمی خۆی بووە.

 

ئەوەی دەمانەوێت لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین پێویستە زیاتر نووسینەکان چڕ بکرێتەوە و لە سەر ئیدارەدان و حوکمڕانیی سەرکەوتووی ئەم خاتوونە ئەفسانەییە لە ماوەی ٧ ساڵی دەسەڵاتدا کە چەندین قەڵا و خوێندنگە و مزگەوت و لە سەر فرمانی ئەم خاتوونە دروستکراون کە بە میراتی و شوێنەواری مێژوویی بەجێماون کە ئەمانەن:

١-دروستکردنی قەڵای سەر چیای هەریر.

٢-  دروستکردنی قەڵای بانەمان.

٣- دروستکردنی سەر لە نوێ مزگەوتی گەورەی شەقڵاوە لەگەڵ حوجرە لە ساڵی ( 1593 ) ز .

٤-  سەرپەرشتی کردنی مەدرەسەی ئایینیی گوندی ماوەران.

٥-  سەرپەرشتیکردنی مزگەوتی گەورەی هەریر و لە هەمان کاتدا خوێندنگەی یاینیشی بوو.

٦-دروستکردنی مزگەوت و حوجرەی کۆڕێ.

٧- دروستکردنی مزگەوت و حوجرەی گوندی فەقێ.

٨-دروستکردنی مزگەوت و حوجرەی زیارەتی ملازدان.

٩- دروستکردنی قەڵای ئاوان لە گوندی شێتنێ لە سەر سنووری قەڵای مێرگەسور لە ساڵی  1595.  

١٠- دروستکردنی قەڵای ناحیەی بانك.

١١-دروستکردنی پردێك لە گەلی عەلی بەگ.

١٢-دروستکردنی قەڵای گڕاو.

١٣-دروستکردنی چەندین شوێنی حەوانەوەی گەشتیاری لە شەقڵاوە و هیران و چیای سەفین و  چەندین شتی تریش.

 

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان میرنشینی سۆران یەکێکە لە میرنشینە کۆنە کوردییەکان، هەندێ سەرچاوەی مێژوویی دەیگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی  1399 لە سەر دەستی میرکەلۆس دامەزراوە لە گوندی هاودیان لە ناوچەی ڕەواندز ئەم گوندە هەتا ئێستا ژیان تێیدا بەردەوامە.

 

ئەوەی پێویستە بووترێت میرنشینەکان و حوکمڕانیان بەڵگەنامەی مێژووین کە شارستانی گەلی کورد دەردەخەن.