رۆڵی ژن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خێزاندا

بەفرین وەرتی -نووسەر

جیهان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی خێرادایە، گۆڕانکارییە سەربازییەکان و ململانێکانی نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیا بە جۆرێکە پێداویستی رۆژانەی هەر تاکێک لە رووی بەهاوە دوو قات و سێ قات بەرز بووەتەوە، ئەمەش وا دەکات ئەرک و کاری هەر تاکێک بە تایبەت چینی خوارەوە نەتوانێت بایی ئەوە بێت بەو داهاتەی هەیانە پێداویستی رۆژانەی پێ دابین بکەن، بەهۆی سیستمەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتانەوە ناعەدالەتییەکی گەورە هەیە و ئەمەش وا دەکات زیاتر چینی ناوەڕاست بڕوخێت، بۆیە هەموو خێزانێک لەو وڵاتانەی هەژارن و دراویان لەبەرامبەر دراوی جیهاندا بەهای کەمە و سیستمی بەڕێوەبردنیان خراپە، تاک و خێزان رووبەڕووی دنیایەک ئاستەنگی ئابووری و بژێوی دەبنەوە، لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان هەمان شەپۆلی هەڵئاوسانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان دەیگرێتەوە، دەبێت ژنان وەک یەکەیەکی گرنگی پێکهاتەی کۆمەڵگە خۆیانی بۆ ئامادە بکەن. هەرێمی کوردستان سەرچاوەی داهاتی تەنها نەوتە و سێکتەرەکانی تر رۆڵێکی کەمتریان هەیە، وەک کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی، ئەگەرچی بە هۆی جەنگەوە نرخی نەوت بەرزە، بەڵام هێشتا ناگاتە ئەوەی خۆمان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستی رۆژانە ئامادە نەکەین، لە ئاستی حکومەتدا دەبێت پلان هەبێ بۆ ژیاندنەوەی سێکتەرەکانی تری ئابووریی، لە ئاستی خێزاندا دەکرێ هەر خێزانە و بەرنامەیان هەبێ بۆ رووبەڕووبونەوەی کێشەی پێشبینیکراو، لە هەرێمی کوردستاندا پێداویستییەکانی خاک و ژینگە لەبارە بۆ خۆژیانی و ئاژەڵداری و کشتوکاڵ ئەمەش دەبێتە هۆیەکی خۆژیاندن و پڕکردنەوەی پێداویستی تاک و خێزان، لە حاڵەتی کێشەی بەرزبوونەوەی کاڵاکاندا دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێ و تەنها پێویستی بە زانست و شارەزایی و دەستی کار و سەرچاوەی مرۆییە. ژن بە تەنیا ژن نییە، بەو مانایەی یەک رۆڵ نابینێت لەنێو خێزاندا، چونکە ژن لە یەک کاتدا دەکرێت: دایک، خوشک، بووک، خانمی ماڵ، خەسوو و..هتد بێت و لە هەمانکاتدا چەندین رۆڵ ببینێت، ژن لە پەیوەندی لەگەڵ منداڵدا، دایکە، لە بەرانبەر دایکی خۆی کچە، لە بەرکەوتن لەگەڵ هاوسەرەکەی، هاوژینە، لەنێو ماڵەخەزوورانیدا بووکە و لە ئایندەشدا خۆی دەبێتەوە بە خەسوو، بۆیە لە هەر یەکێک لەم گۆشەنیگایانەوە، ژن رۆڵی جیاواز و پێگەیەکی گرنگی هەیە، ژنان پێویستە هاوکات لەگەڵ بەهێزبوونیان بۆ دنیای دەرەوە و کار و بازاڕ، هۆشیاربنەوە بە گرنگی و پێگەی بەرزییان لەنێو ماڵ و خێزاندا، نەک تەنیا وەک پەروەردەکاری منداڵ و ماڵداریکردن، بەڵکو وەک سەرچاوەیەک بۆ ئاڕاستەکردنی کێشەکانی خێزان بەرەو کەناری ئارامی و بەڕێوەبردنی قەیران و ئاڵۆزییەکان.