کاریگەریی دراما بیانییەکان لەسەر کۆمەڵگە
ماردین دیار - نووسەر
دراما، وەک هێزێکی گەورەی کۆمەڵایەتی، توانای گۆڕانکاری و رەنگدانەوەی کەلتوریی هەیە، چەند ساڵێکە کۆمەڵگەی کوردی بووەتە بینەری شەپۆلێکی بەربڵاوی درامای بیانی، بەتایبەت دراما تورکییەکان، ئەم دیاردەیە پرسیارێکی جددیمان بۆ دروست دەکات، ئایا ئەم درامایانە خزمەت بە کەلتور و دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەکەمان دەکەن، یان بەشێوەیەکی نەرێنی بەهاکانمان دەشێوێنن؟
دراما بیانییەکان بە گشتی و تورکییەکان بەتایبەتی توانیویانە شوێنێکی گەورە لە زۆربەی ماڵەکاندا بۆ خۆیان داگیر بکەن و کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کەلتورمان دروستکردووە، لە شێوازی جلوبەرگ و خواردنەوەوە بگرە تاوەکو شێوازی پەیوەندی و ژیانی هاوسەری.
گەنجان بە ئاسانی لاسایی دراماکان دەکەنەوە، ئەمەش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە بەها و شێوازی ژیانی رەسەنی کوردی، لە دراما تورکییەکاندا زۆرجار پەیوەندییەکانی ناو خێزان بە ناپاکی، گومان و کێشەی زۆر پیشان دەدەن و وێنەیەکی ناتەندروست بۆ خێزان و پەیوەندییە سۆزدارییەکان دروست دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی متمانە و یەکگرتوویی لەناو خێزاندا کە بە بناغەی کۆمەڵگە دادەنرێت.
دەروونناسان بە باش هەست بەوە دەکەن کاریگەریی نەرێنی دراما بیانییەکان لەسەر دەروونی تاک و خێزانی کوردی بابەتێکی زۆر جددییە، لەبەرئەوەی لەو درامایانەدا چیرۆکی خۆشەویستی و ژیانێکی نموونەیی پیشان دەدەن کە زۆر لە واقیعی ژیانی خەڵکی کوردستانەوە دوورە، ئەم چاوەڕوانییە ناڕاستە دەبێتە هۆی توشبوون بە خەمۆکی، نائومێدی و هەستی شکست کاتێک تاک ناتوانێت لە ژیانی راستەقینەدا بەدەستی بهێنێت، هەروەها کاتێک ناپاکی و دەستێوەردان لە ژیانی کەسانی تر بە ئاسایی پیشان دەدەرێت، گومان و بێمتمانەیی لەناو خێزان و پەیوەندییەکاندا پەرەپێدەدات، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپ لەسەر سەقامگیریی دەروونیی تاک و خێزان دروست دهكات.
لایەنی ترسناکتر لاساییکردنەوەی هەڵسوکەوتی نەرێنی ئەکتەری دراماکانە، وەک توندوتیژی و بێڕێزی، ئەوەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی هەیە لەسەر گەشەکردنی کەسایەتیی منداڵ و گەنجان و دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەها رەسەنەکانی وەک رێزگرتن و پێزانین لە نەوەی نوێدا، هەروەها خێزانەکان لەبری ئەوەی کات بەیەکەوە بەسەرببەن یان گفتوگۆ بکەن، لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆندا کاتەکانیان بەسەر دەبەن، ئەمەش پەیوەندییەکان سارد دەکاتەوە و ناکۆکی دروست دەکات.
ئەرکی سەرشانی کەناڵەکانی راگەیاندن و بەرپرسانە رۆشنبیرییە تەنیا بیر لە قازانج یان کات بەسەربردنێکی سادە نەکەنەوە، بەڵکو درک بەوە بکەن پاراستنی کەلتور و سەلامەتیی دەروونی کۆمەڵگە لە لەئەستۆیاندایە و بە یاسا رێگریی لە پەخشکردنی ئەو دراما بیانییانە بکەن کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە.
ئەرکی رۆشنبیران و پسپۆڕانی بوارەکەیە، داوای پشتیوانیی گەورە بکەن بۆ بەرهەمهێنانی درامای کوردی کوالێتی بەرز بۆ کۆکردنەوەی بینەر لە دەوری درامای ناوخۆ و دوورکەوتنەوە لە درامای بیانی.
دراما هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورەیە، بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و خێزانێکی بەهێزمان هەبێت، پێویستە دراماکانمان ئاوێنەی راستەقینەی بەها و خواستەکانمان بن، نەک لاسایکردنەوەی بێ ئاگای کەلتوری دیکە، با چیتر بە دەستی خۆمان رێگە بە شێواندنی دەروون و کەلتورمان نەدەین.