جیاوازی چینایەتی و پەیوەندی بە زیادبوونی توندوتیژییەوە

بەهار مونزیر – چالاکوان

مێژووی سەرهەڵدانی  وەستانەوە بەرامبەر توندوتیژیی، مێژوویەکە لەگەڵ هۆشیاری زیاتر سەر هەڵدەدات لەسەر ئاستی جیهان لە بەرگ و شێواز، ناوەندی جیاوازدا. لە هەر وڵاتیک چەند لەیەکچوون هەبێت ئەوەندەش جیاوازی هەیە لە جۆرەکانی توندوتیژیی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی. با لێرەدا تیشک بخەینە سەر ناوچەی خۆمان و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان.

 

لەگەڵ سەرهەڵدانی و درووستبوونی ڕێکخراو و بە تایبەتی ڕێکخراوکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یەکێک لە سیاسەتە گرنگەکانی پرسی توندوتیژییە، ئەمەش ڕوونە کە هەر دەزگا و ڕێکخراو یان حزبێک، سیاسەتی خۆی دادەرێژێت.

 

تا ئاستێک وا باو بووە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و بە تایبەتی ڕێکخراوی ژنان کارییان تەنها بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی بێت؟

با لێرەدا بووەستین لەسەر ئەوەی کە لە هەرێـمی کوردستاندا سەرەتای درووستبوونی ڕێکخراوە حزبیەکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکان پێش درووستبوونی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە تەنها لە چوارچێوەی حزبدا باس دەکرا، ئەگەر حزبێک وەک ئەوەلیەتی خۆی سەیری کردبێت ئەوا دەیخستیتە ناو پەیڕەو و ئەجێندای خۆیەوە، هەروەها زۆرێک لە حزبەکانی کوردستان سیاسەتێکی ڕوون و ڕاستەوخۆیان نەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوە و وەستانەوە بەرامبەر توندوتیژیی، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا، بوونی ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی زیادی کرد لە نێوایاندا ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەو ڕێکخراوانەی گرنگی بە پرسی ژنان دەدەن.

 

چەمکی توندوتیژیی بە فراوانی لەدوای ڕاپەڕینەوە بە چەند ساڵ هاتە سەر زاری خەڵک و هاوڵاتییان و میدیاکان، ناوەندە جیاوازەکان بەکاریان دەهێنا.  ئەگەر بگەڕینیەوە بۆ پێش ئەو مێژووە، توندوتیژیی بەم شێوەیە ئێستا چەمکێکی باو نەبوو، وەستانەوە بەرامبەری بە ڕێکخراوی نەدەبینرا، بەڵام لەگەڵ ناسینەوەی توندوتیژیی و پیناسەی جیاواز و خویندن لە زانکۆکان ئەم چەمکە بووە چەمێکی باو و پاڵی بە زۆر بابەت و داخوازی تری ژنانەوە نا کە بوونیان و ناو هێنانیان بۆ کۆی بزووتنەوەی ژنان گرنگی خۆی هەیە، یاخود بگاتە ئەو قۆناغەیی کە کەمتر باس لە قۆناغی پێش توندوتیژیی بکرێت کە جیاکارییە لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، واتە جیاکاری دواتر توندوتیژیی، هەمان کات جیاکاری چینایەتی، جیاکاری بە هۆکاری ئاینی، نەتەوەیی هتد. کەڕەگێکی سەرەکی درووست بوون و گەشەکردنی توندوتیژییە لە لە هەر کۆمەڵگەدا.

 

توندوتیژیی دژ بە ژنان بە درێژایی مێژوو قبوڵکراوە و تەنانەت بە ئاسانیش قبوڵکراوە، زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، یاسای ڕۆمانی دەسەڵاتی ژیان و مردنی بە پیاوێک دا بەسەر ژنەکەیدا. لە سەدەی هەژدەهەمدا، یاسای گشتی ئینگلیزی ڕێگەی بە پیاوێک دا کە ژنەکەی و منداڵەکانی بە دارێک یان چەقۆیەک کە لە پەنجەی گەورەتر نەبێت، سزا بدات. ئەم “فەرمانڕەوایی پەنجەیە” لە ئینگلتەرا و ئەمریکا بەردەوام بوو تا کۆتایی سەدەی ۱۹.

زۆرێک لە فێمێنیستەکان دەڵێن توندوتیژیی دژ بە ژنان دەرئەنجامی کەلتوورێکی قووڵی پیاوسالارییە کە هاندەرە و پاداشت دەدات بە زاڵبوونی پیاوان، ئەوان دەڵێن کە لە کەلتووری پیاوسالارییدا، پیاوان ئەگەری زیاتریان هەیە توندوتیژیی بەکاربهێنن بۆ ئەوەی پێگەی زاڵیان بپارێزن (Origins of Violence Against Women) ئەو ژنانەی لە ماڵە خراپەکانەوەن ئەو ماڵانەی کە ژنان تیایدا کۆنترۆڵ دەکرین و توندوتیژییان بەرامبەر دەکریت ئەگەری ئەوەیان زیاترە کاتژمێرێکی کەمتر کاربکەن و کەمتر بەرهەمدار بن کاتێک کار دەکەن. ئەمەش هەژموونی پیاوسالاری درووست کردووە و ژنانی وەک هەژموون لەسەرکراو هێشتووەتەوە لە کۆمەڵگەدا بەدرێژایی ئەو مێژووەی هەیە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسەکانەوە، هەر بۆیە ئاستی بەرزی توندوتیژیی خێزانی دەتوانێت ژمارەی ژنان لە هێزی کاردا کەم بکاتەوە و بەدەستهێنانی شارەزایی و پەروەردەی ژنان سنووردار بکات و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی گشتی و سەرچاوە و داهاتی گشتی کەمی خزمەتگوزارییەکان "International mandatory fund".

 

لەم تویژینەوەیدا بە ناوی پەیوەندی نێوان کارکردن و داهاتوو توندوتیژیی خێزانی دژی ژنان هاتووە باس لە نزیکایەتی نێوان کار و توندوتیژیی خێزانی دەکات کە چەند پەیوەندی ڕاستەخۆ هەیە لە نێوان کاری دەرەوە، کاری ناوماڵ و توندوتیژیی.  لە کۆتایی تویژینەوەکە دەردەکەویت ئەو ژنانەی لە ماڵەوە کاردەکەن زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوە بە بەراورد بەو ژنانەی خاوەن کارن، ئەم توێژینەوەیە لەناو ژنانی ئەسفەهان لە وڵاتی ئێران ئەنجامدراوە لە لایەن "The national library of medicine" کەوایە ناکرێت ژنان بێبەشکەین لە مافێک بە هۆکاری ناپەیوەندیدار.

 

لە هەرێمی کوردستان کەمتر باس لە هۆکاری درووستبوونی جیاکاریی نێوان چین و توێژەکان دەکرێت لە پەیوەندی بە کەمی و زۆری ڕیژەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان،  بەڵام ئەم جیاوازییە چینایەتییە دەکرێت بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دابنریت کە ئابووریی تاک و خێزانە،  بۆ دانانی کاریگەری نەرێنی لە پەیوەندی نێوان تاکەکان و ناسەقامگیریە لە ناو خێزانەکاندا. لە زۆر جاردا توندوتیژیی دەروونی، جەستەیی، ئابووریی، زارەکی…هتد، لێدەکەوێتەوە.

 

لە کاتی ئەزمەی ئابووریی خێزاندا پیاوان لە ژێر فشاری ئابووریدا دەگەنە قۆناغێک کە توندوتیژیی بەرهەم دەهێنێت، کە دەکرێت پێشتر وا نەبووبێتن، هەر بۆیە دۆسییە هەبووە زۆر کات باسی خراپی  ئابووریی کردووە وەک سەرچاوەی توندوتیژیی لە نێوان خۆی و هاوسەریدا، هەمان کات کەمی تویژینەوە لەسەر ئەم بابەتە هەستیارانە، یاخود بوونی بۆشاییەکی گەورە لە نێوان ئاکادیمیا و کاری مەیدانی و نەبوونی سەنتەری لێکۆلێنەوەی کارا بۆ دەرخستنی ئەم کێشانە و خستنەڕووی لە ڕەگەوە, لەوەی چۆن کار بکرێت و تیگەیشتنی قووڵ هەبێت بۆ بوونی ئەم کێشانە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو شوین و ناوەندو ڕێکخراوانە کە لە زۆر کاتدا زۆر بە ڕووکەش مامەڵە لەگەڵ پرسەکان دەکەن، ئەمە لەلایەکەوە، لە لایەکی دیکەوە بوونی ئاستەنگی لە گەشەکردنی ئەو ڕێکخراوانەی سەربەخۆ کاردەکەن بۆ گەشەکردنی بزووتنەوە مەدەنییەکان و درووستکردنی گۆڕانکاریی و فەزای گشتی لە پێناو لەقکردنی ئەو تێگەیشتنە گشتیە کە دەیەوێت ژن لەو بەرگەدا بهێڵێتەوە چ وەک تاکێکی بێ کار، چ وەک مرۆڤیکی لاواز کە بە ئاسانی توندوتیژیی ڕووبەڕوو بێتەوە.

 

ئەمەش ژنان زیاتر دەخاتە ماڵەوە، پەراوێزییان دەخات ، کە وەک تاکی سەرەکی خێزان لە ناو ماڵەکەیدا  مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، ئەمە بە جیا لەوەی کە لە ناو خێزانە سەرمایەدارەکاندا ژنان لە زۆر کاتدا هەر پەرواێز دەخرێن بە هۆکاری جیاکاریی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی و بە بیانووی بەهێزی باری ئابووریی خێزانەکە ژن دەستەمۆ دەکات و لە پیاوی جیادەکاتەوە و پێگەی لاوازی پێدەدات. بۆ تیگەیشتنی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە تیشک دەخەینە سەر باوەڕی فێمینستە سۆسیالیستەکان کە پیاوسالار و سەرمایەدارتی پێکەوە گری دەدات وە لای ئەوان جگە لە جەختکردنەوە لەسەر نایەکسانی ڕەگەزیی وەک هێزێکی کەلتووریی کە لە پیاوسالارییەوە سەرچاوە دەگرێت هەمان کات جەخت دەکەنە سەر سیستمی ئابووریی سەرمایەداریی و بە سەرچاوەی سەرکوتی ژنانی دادەنێن و ئامانجیان لەناوبردنی ئەم پێکهاتەیە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ژنان.