عادیلە خانم؛ تەواری مێژووی دوور
زوڵفان غەریب – چالاکوانی ژنان و کۆمەڵایەتی
عادیلە خانم ئەو خاتوونە بەتوانا و ناودارەی كە لەدوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە ناو و ناوبانگی و حوكمڕانی وەكو ئەستێرەیەكی پرشنگدار لە شارەزوور و ڕۆژهەڵاتەوە دەدرەوشێتەوە، نموونەی ژنێكی سەركەوتوو و خاوەن بیرۆكە و چاونەترسی لە بەڕێوەبردندا و سەرۆك هۆزێكی كاریگەر بووە و ناو و ناوبانگی لەناو ئینگلیز و عوسمانی و فارس و كورد و عەرەب وەك حوكمڕانێكی كارگێڕی و دیپلوماسی و سیاسیی خاوەن هەڵوێستێكی بەرز و بڕیاردەرێكی سەركەوتوو ڕۆیشتووە، بۆ ئەمەش ئینگلیزەكان بە شاژنی بێ تاج ناویان بردووە و نازناوی هیندی خان بەهادوریان پێ بەخشیوە.
ناوی تەواوی عادیلە خانم كچی عەبدولقادر بەگی حەمید بەگی ساحێبقران بووە، لە ساڵی ۱۸٥۹ لە شاری سنە پایتەختی ئەردەڵان لەدایك بووە، لەدوای ڕووخانی میرنشینی بابان شاری سلێمانی بەجێهێشتووە و چوونەتە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
لەلایەن مامۆستای تایبەتەوە بنچینەی خوێندنی قورئانی وەرگرتووە، بە زەماوەندكردن دێتە هەڵەبجە و لە ساڵی ۱۸۷۷ هاوسەرگیری لەگەڵ وەسمان پاشای سەرۆك هۆزی جاف كردووە، لەدوای کۆچی دوایی هاوسەرەكەی لە ساڵی ۱۹۰٥ دەبێتە سەرۆك هۆز و بۆ ماوەی ۱۹ ساڵ سەرۆكایەتیی هۆزی جافی لەئەستۆ گرتووە.
چەندین خەسڵەتی بەرزی تایبەت بەخۆی هەبووە و دەكرێت پۆلێن بكرێت بە چەندین بەشێك و هەر یەكێكیان توێژینەوەی زانستی لەسەر بكرێت، چونكە جێگای تێڕامانی ناوخۆیی و بیانییە و دەكرێت باسكردن لە عادیلە خانم وەكو خوێندنگەیەك لە چەند ڕوویەكەوە باسی لەسەر بكرێت، لەبەرئەوەی لەڕووی كارگێڕییەوە لە لووتكەی حوكمڕانی و ئیدارەدان بینراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتیدا توانیویەتی چەندین كاری گرنگ ئەنجامبدات و ڕۆڵی هەبێت لە پێشخستنی زانست و خوێندەواری بۆ ئەمەش قوتابخانە و مزگەوتێك بەناوی ژن و سێ كۆشكی گەورە دروستدەكات كە لە بەغدا پایتەختی عیراقیش نموونەی نەبووە و بەندیخانەیەك دروستدەكات بۆ ئەو كەسانەی كە سەرپێچیان كردووە و بڕیاریان جێبەجێ نەكردووە، هەر خۆی سەرپەرشتی دادگایەكی كردووە و هەر خۆشی بڕیاری دەركردووە و بازاڕ و قەیسەری دروستكردووە كە شێوەی سەردەمیانەی پێوە دیاربووە.
لەڕووی دیپلۆماسی پەیوەندییەكی زۆرباشی لە ناوچەكانی شارەزوور و خێڵەكانی ڕۆژهەڵاتەوە هەبووە و سەرجەم بڕیارەكانی جێبەجێكراوە و یەكڕیزی هۆزی جافی پاراستووە.
لەڕووی پەیوەندیی دەرەكییەوە توانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ ئینگلیزەكان تائاستێك دروستبكات بە شاژنی بێ تاج ناویان بردووە، گەڕیدەیەكی ئینگلیز بەناوی "مینۆرسكی" ئاماژەی بەدیتنی عادیلە خانم لە هەڵەبجە لە ساڵی ۱۹۰٤ كردووە، كاتێك باس لەم ژنە دەكات بە فەرمانڕەوایەكی ڕاستەقینە و ستایشی سەخاوەتی و میوانداری و فەرمانڕەوایی ئەم ژنە كوردە دەكات.
میس بێل، هەواڵگرێكی بەریتانی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ١٩٢١ سەردانی هەڵەبجە دەكات، دەڵێت: ئێمە وەكو بەریتانیا ناكرێت حساب بۆ ئەم ژنە حوكمڕانە نەكەین و توانا و لێهاتوویی زۆری لە ناوچەكەدا هەیە و بە باڵادەست وەسفی دەكات و دەڵێت: بە جلوبەرگی كوردی قەشەنگ و زوڵفە ڕەشە قەترانییەكەی لەژێر مێزەرە گەورەكەیەوە بەسەر گۆنای ئارایشتكراویدا بەریداوەتەوە.
مێجەرسۆن لە پەرتوکە ناودارەكەی "گەشتنامەكەی" پێناسەی عادیلە خانم دەكات و ڕێزێكی زۆری لێ دەگرێت و پەیوەندییەكی زۆرباش لەنێوان ئەم ژنەو ئینگلیزەكان دروستدەبێت، مێجەرسۆن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دێتە باشوور و بۆ ماوەیەك لە بیارە دەمێنێتەوە و ناوی مەلا عوسمان لە خۆی دەنێت و دەبێتە فەقێ، لە پەرتووکەکەیدا باسی دوو كەسایەتی دەكات یەكێكیان بە ڕۆحانی ناودەبات کە ئەویش شێخ محێدین بیارەیە و ئەویتریان بە عەلمانی کە تایەر بەگی جافە.
ئەوان زانیویانە مێجەرسۆن ئینگلیزە، بۆیە پێی دەڵێن ئەگەر دەبیتە ئیسلام هاوكاریت دەكەین، ئەویش هەر بەو شەوە دەڕوات و دەچێتە هەڵەبجە لە ماڵی عادیلە خانم لە ساڵی ۱۹۰۹ دەمێنێتەوە و دواتریش دەبێتە چایچی ماڵیان، ناوی لە خۆی ناوە غولام حسێن ماوەی ٦ مانگ لەوێ دەبێت لەلایەن تایەر بەگی شاعیری گەورە كە كوڕی عادیلە خانم ئاشكرا دەكرێت، چونكە لە وشەیەكدا دەڵێت "NO"، تایەر بەگ پێی دەڵێت سوێند بە خوا ئەگەر راستییەكە بڵێیت زیانت پێ ناگەیەنم، ئەویش ناچار دەبێت باس لەوە بكات كە لە كوردستانی توركیا و سوریا و ئێران بووە و ئینجا هاتووەتە كوردستانی باشوور و خۆی فێری زمانی توركی و عەرەبی و كوردی كردووە و دواتریش پەیوەندییەكی باش لەگەڵ ئینگلیز بۆ عادیلە خانم دروستدەكات.
ئەدمۆندزی، ئەفسەری سوپای بەریتانیا لە باشووری كوردستان و حاكمی بەریتانیا لە عیراق بە ژنێكی كاریگەر و خاون بیرۆكە و سەرۆك هۆزێكی كاریگەر پێناسەی دەكات.
مێژوونووسان و شارەزایانی بواری مێژووی كورد وەكو محەمەد ئەمین زەكی بەگ ئاماژە بە هۆشیاری و هەڵكەوتووی عادیلە خانم كردووە و باس لە توانای كارگێڕی و ڕۆشنبیری و توانای بەرزی لە پێشكەوتنی بیناسازی و لەسەر هاوسەر و خێزان و تێكڕای خەڵكی ناوچەی شارەزوور و هەورامان دەكات و بەشێكیش لە شارەزایانی ئێستاش پێیان وایە دەبێت ژنان و كچان بە شوێن هەنگاوەكانی ئەم ژنە سەركەوتووەدا هەنگاوبنێن بۆ سەركەوتنیان.
لەئێستادا دیداری نێودەوڵەتی لەسەر ئەم ژنە ناودارە كوردە كراوە لەلایەن شارەزایانی مێژوو خراوەتەڕوو و توێژینەوەی لەسەركراوە لەلایەن مامۆستانی زانكۆ سیمینار و دیبەیتی لەسەردەكرێت، لێكۆڵەری مێژووی كورد حەسەن مەحمود چیرۆكی هاتنی عادیلە خانم لە سنەوە بۆ هەڵەبجە باس دەكات، عادیلە خانم نەیهێشتووە بنكە و بارەگای عوسمانی لە هەڵەبجە هەبێت و هەڵەبجەی لە گوندێكی لەبیركراوی عوسمانی كرد بە ناوەندێكی سیاسی و بازرگانی بۆ ئەمەش حەسوودی لەناو كاربەدەستانی تورك درووستكردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیهێشتووە عوسمانییەكان بێنە ناو سنووری دەسەڵاتییەوە و ڕەگ لە ناوچەكەی دابووكتن.
لەڕووی دایكایەتییەوە توانیویەتی دوو گەورە شاعیر پێشكەش بە گەلی كوردو مێژووی ئەدەبی كوردی بكات، ئەویش شاعیرانی مەزن ئەحمەد موختار جاف بەگ و تایەر بەگی جاف بووە.
ئەم شاژنە لە یاداشتی ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدەكان ناوی بە بەرزی دەهێنن، بەداخەوە لە ۱۱ ی نیسانی ۱۹۲٤ لە تەمەنی ٦٥ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی عەبابەیلێ لە هەڵەبجە بە خاك سپێردراوە و لە ساڵی ٢٠١٤ پەیكەرێكی بۆ دروست دەكرێت لە پاركی گشتی هەڵەبجە دانراوە و لە وەسیەتی خۆیشی ڕازی نەبووە كێلی بریقەدار و ئاڵتوون و شووشەی بۆ دروستبكەن و وەسیەت دەكات كێلێكی لە بەرد بۆ درووست بكەن.