تێگەیشتن لە چەمکی ئازادی

ڕۆزا حەمە ساڵح - نووسەر

 

ژۆن لۆک (١٦٣٢-١٧٠٤) فەیلەسووفی ئینگلیزی، دە‌ڵێت: ئازادی تەواو، گوزارشتە لە جووڵە لە چوارچێوە‌ی یاسا سروشتییەکان و توانای بڕیاردانی كە‌سایە‌تی و بڕیاردان سەبارەت بە موڵکیەتی تایبە‌ت، بە بێ كۆت و بە‌ندەکان و سنووردانان بەو شێوەیەی، کە مرۆڤ خۆی دەیەوێت، بەبێ ئەوەی پێشێلی مافی کەسانی تر بکات.

 

ئازادی یەکێکە لەو مافانەی، كە‌ دە‌كرێت مرۆڤ هەمیشە بەدوایدا بگە‌ڕێت، وەک ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین، بیروباوەڕ، بڕیاردان، ھە‌ڵسوكە‌وتكردن و مامەڵەکردن بە شێوەیەک کە پێشێلی یاسا و ڕێسا گشتییەکان و ئازادی کەسانی تر نەکات و زیانیان پێ نەگەیەنێت، ئازادی مرۆڤ لە‌ ڕۆح و گیانیدایە‌، مرۆڤ بە بێ ئازادی ژیانی سنووردار دەبێت و ئیرادە و عەقڵی لێدەسێنرێت.

 

واتا ئازادی بەو واتایە دێت، کە هەڵسوکەوت و جووڵەکانمان ئازادانە بێت، هەر بەرهەڵستییەک و رێگە گرتنێک لە کار و کردارمان بە چەوساندنەوە و پێشێلکردنی مافەکانمان دادەنرێت.

 

ئازادی ڕادەربڕین

باروخ سپینۆزا (١٦٣٢- ١٦٧٧)، فەیلەسووفی هۆڵەندی دەڵێت: ئەو یاسایانەی دەمەکان دادەخەن و قەڵەمەکان دەشکێنن، هەر خۆیان خودی خۆیانی پێ لەناو دەبەن.

 

مرۆڤ بە‌ سروشتی خۆی ئاره‌زووی لێدوان و قسه‌كردن ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به ژیانییەوە هەیە. هه‌ڵكه‌وته‌ی مرۆڤ وایە‌، كه‌ هەمیشە دەیەوێت له‌ ڕێگه‌ی ده‌ربڕینی بیر و بۆچوونییەوە بوونی خۆی بسه‌لمێنێت، ئازادی ڕاده‌ربڕین بنەمایەکە پشتیوانی لە دەربڕینی ئازادانەی مرۆڤەکان دەکات لە ناو کۆمەڵگەدا، واتا هەموو کەسێک بتوانێت بە بێ ترس و تۆقاندن، بە بێ زۆرلێکردن، بێ سزای یاسایی و چاودێریکردن ئازادانە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، مافی ئازادیی دەربڕین لە دێرزەمانەوە بابه‌تێكی گرنگی زۆرێك له‌ شاره‌زایان و پسپۆڕانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ بووه‌ و لە ژێر سایەی یاسای نێودەوڵەتیدا جێگیرکراوە، لە ڕۆژئاوا و لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا تا ڕادەیەکی باش ئازادییەکی ڕەها بەرجەستە و زامن کراوە، بەڵام لە زۆر لە وڵاتاندا کەموکوڕییەکان لە بواری جێبەجێکردنیدا هەیە و لە زۆر وڵاتیشدا دەسەڵات ئازادیی هاوڵاتییان پێشێل دەکات.

 

لە هەرێمی کوردستان و بە پێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین ساڵانە لە هەڵکشاندایە، كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی پێویستی بەوە هەیە دامودەزگا میدیاییەكان و چالاكوانان و ڕەخنەگران توانای ئەوەیان هەبێت بە بێ ترس و تۆقاندن و بە بێ سانسۆر ڕوماڵی بابەتە گشتییەکان بكەن، هەروەها هاوڵاتییانیش مافی دەستكەوتنی زانیاری ڕاست و دروستیان هەبێت، هەموو تاکێکی ناو کۆمەڵ کاتێک نادادی و گەندەڵی و کەمی مووچە و خزمەتگوزاری لەناو وڵاتەکەیدا دەبینێت مافی ئەوەی هەبێت، کە خۆپیشاندان بکات و ناڕەزایی دەڕببڕێت و داوای مافەکانی خۆی بکات، بەداخەوە دەسەڵاتی باشوور ڕێگرە لە بەردەم ئازادیی ڕادەربڕیندا و سانسۆری خستووەتە سەر هەموو جووڵەکان، کاتێکیش ڕەخنەی لێدەگیرێت، کە ئەمە ڕێگرییە لە ڕای ئازاد، ڕۆڵەکانی بە سیخوڕ و تیرۆرست ناوزەند دەکات.

 

ئازادی بەرپرسیارێتییە

ژان پۆڵ سارتەر (١٩٠٥ – ١٩٨٠)، فەیلەسووفی بوونگەرایی، دەڵێت: مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت، چونکە بە بێ ویستی خۆی فڕێدراوەتە ناو دونیاوە، بەڵام بەرپرسیارە لە هەموو کارێک، کە دەیکات.

 

سارتەر لەم وتەیدا پێمان دەڵێت، کە ئازادی و بەرپرسیاریەتی دوو کرداری گرێدراون پێکەوە، مرۆڤ هەرچەندە ئازاد بێت، ئەگەر لەگەڵیدا بەرپرسیار نەبێت، ئەوا ئازادی بۆی دەبێت بە چەکێکی کوشندە، هەم خودی خۆی پێ لەناودەبات و هەم زیان بە چواردەوری و کۆمەڵگاش دەگەیەنێت.

 

هەنوکە لە ناو کۆمەڵگەی باشووردا و لە ڕێگەی سۆسیال میدیاوە کۆمەڵێک لە گەنجان بە کچ و کوڕەوە دەرکەوتوون، حزبەکان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵیاندەسوڕێنن، کە بە هیچ شێوەیەک لە مانای ئازادی تێنەگەیشتوون، ئازادی لە تێڕوانینی ئەوانەوە بە تەنها خۆنمایش و خۆدەرخستنە، هیچ ڕێگرییەک لە بەردەمیاندا نییە و بە بێ هیچ سانسورێک و بە شێوەیەکی یەکجار مەترسیدار خۆیان دەردەخەن و کۆمەڵگەیان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و بوونەتە هۆی تێکدانی زۆرێک لە دابونەریتی کوردەواری و کاریگەری خراپیان لە سەر گەنج و منداڵ درووستکردووە و هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرن، وا دەزانن ئازادی ئەوەیە هەرچیت بوێت بیڵێت و بیکەیت، بە بێ ئەوەی ڕێز لە کۆمەڵگەکەت و چواردەورت بگریت و هەستی بەرامبەرت ڕابگریت، کاتێکیش ڕەخنەیان لێدەگیرێت دەڵێن ئێمە ئازادیین و چیمان بووێت دەیڵێن و دەیکەین.

 

لەبەرئەوەی تاکی ناو کۆمەڵگەی ئێمە لە بنچینەوە و لەناو خێزانەکەیدا و لە پرۆسەی خوێندن و لە ناو ڕاگەیاندنەکان و دامودەزگا حکومییەکان لەگەڵ ئەم چەمکەدا پەروەردە نەکراوە و لە بنەماکانی ئازادی یان ئازادبوون تێنەگەیشتووە و هەر لە منداڵییەوە زۆر کار و ماف و ئەرک هەن، کە ڕۆژانە مرۆڤ بەرکەوتەی هەیە لەگەڵیدا لێی قەدەغە کراوە، هەر بۆیە لە گەورەبوونیشدا تێگەیشتن لەم چەمکە قورس و ئاڵۆزە و لێی تێناگات.

 

ژنان بە گشتی لەگەڵ ئەم چەمکەدا زیاتر تووشی دەردەسەری دەبن، بە هۆی ئەوەی ڕەگەزی مێ هەر لە تەمەنی منداڵییەوە تا گەورەبوون و پێش پرۆسەی هاوسەرگیری گەلێک شتی لێ قەدەغە دەکرێت و سەرپشک ناکرێت بە ئازادیی ڕای خۆی دەرببڕێت و کارەکانی ئەنجام بدات و هەمیشە دەبێت پیاوێک لە پشت بڕیارەکانییەوە بێت و چاودێری بکات ئیتر ئەو پیاوە باوک بێت یان برا.. هتد. جا هەر بۆیە کاتێک گەورە دەبێت ئەوەی، کە بە منداڵی ڕیگەپێدراو نەبووە بۆی وەک گرێیەک لەناو ناخ و دەروونیدا ماوەتەوە و ئەو گرێیە لەگەڵیدا گەورە بووە، جا بە هەر شێوەیەک بێت دەیەوێت خۆی لە کۆت و بەندەکان دەرباز بکات، وا دەزانێت بەو جۆرە دەتوانێت کەسایەتی و بوونی خۆی بسەلمێنیت، هەندێ جار دۆخێک دەخولقێنێت کە دواتر دەبێتە مایەی نائارامی بۆ خودی خۆی و خانەوادەکەشی و کۆمەڵگەش بە کەسێکی ناسروشتیی دەیبینن و بە نەرێنی لێی دەڕوانن.

 

لە لایەکی ترەوە دەمەوێت باس لە بابەتێکی دیکە بکەم، کە ڕووبەڕووی بەشێک لە گەنجان دەبێتەوە کاتێک کە ڕوو لە هەندەران دەکەن و تێکەڵاوی واقعێکی تاڕادەیەکی زۆر ئازادتر لە واقعی ڕابردووی خۆیان دەبنەوە، وەک گووتم چونکە لە بنەرەتدا بەو چەمکە ئاشنا نەبوون و ئەو ئازادییەیان نەبینیوە، ئەوا هەر زوو دەکەونە ناو هەڵەی گەورە و نابەرپرسیارانە ئەو ئازادییە بەکاردەهێنن و خۆیان تووشی چەندین کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەکەن، هەندێکیان تووشی ماددەی هۆشبەر دە‌بن و زیادە‌ڕە‌وی لە‌ خواردنەوەی ماددە کحولییەکان دە‌كە‌ن و پەنا بۆ چەندەها فرتوفێڵ دەبن، بەو کار و کردەوانەیان ئازاری کەس و کار و چواردەوری خۆیان دەدەن.

 

ئازادی بەرپرسیارێتییەکی زۆر قورسە بە تایبەتی لەم سەردەمەدا و بەهۆی بەکارهێنانەکانی زۆری تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، هەموو کەسێک ناتوانێت دەرهەقی بێت، ئەگەر بە هۆشیارییەوە لەگەڵیدا مامەڵە نەکەیت ئەوا دەتخاتە ناو داو و تەڵەی خۆیەوە، خۆ ئەگەر بتوانیت لەگەڵیدا بە بەرپرسیاریەتییەکی تەندروستەوە مامەڵە بکەیت، ئەوا دەتوانیت ڕۆڵی کاریگەرت هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاکەت و ببیت بە جێگای شانازی بۆ گەل و نیشتیمانت.