لە ڕۆژنامەوانییەوە بۆ پاڵەوانی زیندان

زوڵفان غەریب – چالاکوانی ژنان و کۆمەڵایەتی

 

گوڵتان كشاناك ناوێكی دیار ‌و كەسایەتییەكی كاریگەری خاوەن خەباتێكی دوور‌ودرێژی سیاسییە لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باکووری کوردستان.

 

كاتێك لە نووسین‌ و باسكردن لە هەر تەوارێكی كورد بكرێت دەبینین كە مێژووی بزووتنەوەی ژنان‌ و خەباتی ڕەوای گەلەكەمان خاوەنی چەندین سیمبولی ئازا ‌و بوێر ‌و چاونەترسن، ئەم تەوارە بەرزەفڕەش یەكێكە لە پاڵەوانەكانی زیندانەكانی دەوڵەتی توركیا، لە ماوەی ژیانی كاركردنیدا وەكو كەسایەتییەكی سیاسی كاریگەر چەندین جار راپێچی زیندان كراوە ‌و سزای بەندكردنی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام بۆ جارێكیش پەشیمانی نیشان نەداوە، لەدوای ئازادبوونیشی زیاتر سووربووە لەسەر خەبات‌ و هەڵوێستەكانی بۆ دۆزی گەلەكەی، بۆیە بووەتە كەسایەتییەكی كاریگەر لەناو پارتەكانی كورد لە باكووری كوردستان.

 

گوڵتان كشاناك لە ١٥ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦١ لە خارپێت لە باكووری كوردستان لە دایكبووە‌ و خەڵكی دێرسیمە ‌و زازایە ‌و سەر بە هۆزی ئاهوجەیە‌، هاوسەرۆكی پێشووتری پارتی ئاشتی‌ و دیموكراسی و دەرچووی بەشی توركی كۆلیژی پەروەردەیە ‌و خاوەن بڕوانامەی زانكۆیە لە ڕاگەیاندن ‌و پەیوەندییەكان لە ساڵی ١٩٩٠ لە زانكۆی ئیجە، لە كودەتای ساڵی ١٩٨٠ لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بۆ ماوەی ٢ ساڵ زیندانی كراوە ‌و بە وتەی خۆی "بۆ ماوەیەكی زۆر ناچاردەبێت لە کولانەی سەگەكان بخەوێت".

 

ئەم خاتوونە بە هەڵوێستە لە ئەنجامی دەربڕینی ناڕەزایی دژی هێرشی كیمیایی لەلایەن سەدام حسێن ‌و رژێمی پێشووی عیراق بۆ سەر پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ماوەی ساڵێك زیندانی كراوە‌ و لە ساڵی ١٩٨٨ لە دوای ئازادكردنی دەستدەكات بە كاری ڕۆژنامەوانی ‌و لە چەندین رۆژنامەدا كاردەكات.

 

لە ساڵی ١٩٩٠ لەرۆژنامەی (تۆپلۆمساڵا دیرەنیش) دادەمەزرێنێت، بەڵام دوای ماوەیەكی كورت دادەخرێت.

 

ئەم سیاسەتمەدارە لە ساڵی ٢٠٠٧ لەناو پارتی كۆمەڵگەی دیموكراسی لە ئامەد بەربژێر دەكرێت‌ و دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی توركیا ‌و لە یەكەم كاریشیدا پرۆژە یاسایەك ئامادە دەكات بۆ ڕێپێدان بە زمانی كوردی لە شوێنە گشتییەكان، لەدوای داخستنی پارتەكەی لە ساڵی ٢٠٠٩ چووەتە ناو پارتی ئاشتی دیموكراسی و لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش دەبێتە هاوسەرۆك.

 

لە ساڵی ٢٠١١ جارێكی تر وەك بەربژێرێكی سەربەخۆ بە پاڵپشتی پارتی ئاشتی ‌و دیموكراسی دەبێتەوە ئەندامی پەرلەمان‌ و دووەم جاری خولی پەرلەمانی دەبێت.

لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٤ دەبێتە سەرۆكی شارەوانی شاری ئامەد ‌و بۆ جارێكی تریش لە ساڵی ٢٠١٦ بەتۆمەتی پاڵپشتیكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ‌و ڕەوانەكردنی داهاتی شارەوانی دەستگیركرا‌و داواكاری گشتی داوای كرد ئەم پاڵەوانە بە 230 ساڵ زیندانی بكرێت ‌و لە ساڵی ٢٠١٩ بە ١٤ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی كرا.

 

ئەم خاتوونە نووسەریشە خاوەنی كتێبی "رەنگی مۆری سیاسەتی كوردی"یە كە لەگەڵ هاوبەندییەكانی بە هاوبەشی نووسیویەتی ‌و باس لە ئەزموونی ئەو ژنانە دەكات كە لە سیاسەتی خۆجێیی ‌و گشتیدا بەرپرسیارێتیان هەیە ‌و ئێستا لە زینداندان.

 

لەو ماوەیەدا دەم پارتی ویستوویەتی كاندیدی بكات بۆ گەورە شارەوانی ئەنقەرە، بەبێ‌ ئامادەبوونی خۆی جەماوەرێكی زۆر وێنە ‌و دروشمی پشتیوانیان بۆ بەرزكردبووەوە ‌و هەر لە ماوەی زیندانیشیدا كوردەكان ویستوویانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا كاندیدیان هەبێت، ئەویش ئەم خاتوونە سیاسەتمەدارە بێت، لەدوای ٧ ساڵ ‌و نیو لە زیندانكردنی ئازادكرا، بەڵام جارێكی تریش دەوڵەتی توركیا زیندانی كردەوە.