ئاسایشی پیشەیی ژنان

ژیا عەباس- مامۆستاى زانکۆ

 

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە دانیشتنی ژمارە (١٠٧) ی (ئاداری ٢٠١٨/ جنێف) دووپاتی کردۆتەوە، هەموو کەسێک مافی خۆیەتی کاربکات و لەبەرامبەریدا دەستهەقێک وەربگرێت کە بتوانێت پێویستییەکانی خۆی و خێزانی پێ دابین بکات، خۆشگوزەرانییان بۆ مسۆگەر بکات، مافی خۆیەتی ژیان و کەرامەت و جەستەی پارێزراوبێت و دووربێت لە هەموو ڕەفتارێکی نەشیاو و ناشایستە و توندوتیژییەکانی ژینگەی کار. بۆئەوەی هەست بە ئاسایش و ئارامیی دەروونیی بکات، دواجار کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئەدا و توانای بەرهەمهێنانی لەو کارەدا.

 

ئاسایشی پیشەیی چەمکێکی تازەیە و لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی بیستەم دەرکەوت، مەبەست لێی هەستکردنی کارمەندە بە پارێزراوی لە شوێنی کارەکەی بەهۆی گەرەنتی بوونی لەدەستنەدانی کارەکەی لەژێر هەر فشارێک کە رووبەڕووی دامەزراوەکە دەبێتەوە، هەروەها بایەخدانی خاوەن کار و دەستەی بەڕێوەبردن بە پێویستییەکانی کارمەند و بەهەند وەرگرتنی هەوڵ و ماندوبوونەکانی، دەربڕینی پێزانین جا بە مادی بێت یان مەعنەوی، بێبەش نەکردنی لە گەیشتن بە پۆست و پلەی باڵای پیشەیی هەموو ئەمانەش لەنێو ژینگەیەک دەستەبەر دەبێت کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی دروست بووبێت.

 

بۆ ژنان چۆن دەستەبەر دەکرێت؟

کەواتە پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە لە نێو ژینگەی کاردا ئاسایشی پیشەیی بۆ ژنان چۆن دەستەبەر دەبێت و لە چ کاتێک ژن هەستدەکات ئاسایشی پیشەیی لەدەست داوە؟

)ماسلۆ) پێیوایە مرۆڤ کاتێک لەدایک دەبێت کۆمەڵێک پێداویستی هەیە هەموو ژیانی تەرخان دەکات بۆ دابینکردنیان ئەوانیش هەندێکی بایلۆجی و هەندێکی دەروونین، ماسلۆ پێداویستییەکانی مرۆڤی بەشێوەی هەڕەمێک بەسەر پێنج پلەی سەرەکی دابەشکردوون :

یەکەم- پێداویستییە فسیۆلۆجیەکان لە بنی هەڕەمەکەدان و پڕکردنەوەیان پەیوەستە بە ژیان و مانەوەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی.

دووەم- پێداویستییە دەروونییەکان کە بریتین لە ( ئاسایش و ئارامی دەروونی(.

سییەم- خۆشەویستی و قبوڵکردن و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکە..

چوارەم- پێداویستی ڕێزگرتن و ستایش و پێزانین.

پێنجەم- لە لوتکەی هەڕەمەکە پێداویستی خود بەجێگەیاندن دێت (تحقیق الذات).

 

 ئەوەی جێگەی سەرنجە هەموو مرۆڤێک بۆ گەیشتن بە لوتکەی هەڕەمەکە پێویستە تەواوی پێداویستی قۆناغەکانی دیکەی پڕکردبێتەوە، تاک لەڕێگەی پەنابردن بۆ ئەو دەستە و گروپانەی لە ژیانیدا دەیانبینێت هەر لە خێزان و گروپی هاوڕێ و خوێندگە…هتد دەتوانێت تەواوی پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە، بەڵام لە هەمووی کاریگەرتر ژینگەی کارە کە دەتوانێت هاوکارێکی باشی مرۆڤ بێت لەم روەوە، کەواتە بە بۆچونی ماسلۆ کار دەتوانێت تەواوی پێداویستییەکان بۆ تاک پڕبکاتەوە بەو پێیەی ئامرازی سەرەکی دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانی مرۆڤە، چونکە لەبەرامبەر ئەو کات و هەوڵ و ماندوبوونەی دەیکات بڕە داهاتێک بەدەستدێنێت کە دەتوانێت هەم پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و هەم لاوەکییەکانیشی پێ پڕ بکاتەوە، جگە لەوە کاتێک هەست بکات کار و داهاتەکەی مسۆگەرن ئارامی دەروونی دروست دەکەن، بەڵام بۆ دڵنیابوون پێویستە ئاسایشی پیشەیی دەستەبەر بکرێت، بۆیە هەبوونی ئاسایشی پیشەیی بوار بۆ تاک دەڕەخسێنێت، تا تۆڕی پەیوەندییەکانی فراوانتر بکات، هەست بە ئاسودەیی دەکات کاتێکیش لەنێو ئەو گروپە پەسەند دەکرێت و بەچاوێکی ئەرێنی سەیر دەکرێت ئەمە وادەکات تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆخۆی دروستبکات و خودی خۆی قبووڵ دەکات.

 

ژیانێکی شایستە بە خۆی و خێزانەکەی

ئەی ئەگەر ئەو ژینگەیە بەو شێوە چاوەڕوانکراوە نەبێت چی؟ بۆ نموونە: هاوسەنگی لە نێوان هەوڵ و ماندوبوونەکانی تاک لە کارەکەی و ئەو داهاتەی لە بەرامبەریان وەریدەگرێت نەبێت، بە مانایەکی دی کارێکی زۆر و لە ماوەیەکی زۆر لە بەرامبەر داهاتێکی کەم کە بەشی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بە خۆی و خێزانی نەکات، یان نەبوونی داهاتێکی مسۆگەر لە بەرامبەر ماندوبوونی ئەو کەسە ئەمانە وا دەکات مرۆڤ ئاسایش لەدەستبدات، خاڵێکی دیکە کارکردن لە نێو ژینگەیەکی نا تەندروست بە هۆی زۆریی کێبڕکێ و ململانێ کەسییەکان لەپێناو گەیشتن بە پۆست و پلە و پایە باڵاکان جگە لە لێدان و کێشە دروستکردن و قسەلەسەر یەکتری کردن هیچ پاڵپشتی و هاندانێک نامێنێت بۆ تاک و بەمەش بوونی ژینگەیەک کە رێز و خۆشەویستی و یەکتر قبووڵکردنی تێدا بێت لەباردەچێت، لەو جۆرە ژینگەیەی کاردا تێڕوانینەکان بۆ مرۆڤەکان ناواقعییە، چونکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە کەسییەکان دروست دەبێت. لە ژینگەیەکی ئاوەهادا تاک ئاسایشی پیشەیی لەدەست دەدات، دواجار پاڵنەرێتی بۆ کارکردن نامێنێت و ئاستی ئەدای دادەبەزێت، ئەمانە هەمووی بۆ ژن و پیاو هەمان شتن، بەڵام بۆ ژن کارەکە قورستر و ئاڵۆزترە.

 

بۆ نموونە: لە هەندێک بارودۆخ دەست پێڕاگەیشتنی کار بۆ ژن ئاسان نییە، بەتایبەت ئەگەر وەک (لیدنیڤا و جوتک) دەڵێن ئەگەر هەمان ئەو تێڕوانینە باوەی هەیە بۆ ژن لە نێو کۆمەڵگە و حوکمە پێشوەختەکان بۆ ڕەگەزی مێ بگوێزرێتەوە بۆ شوێنی کار و لەسەر هەمان بنەما مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەوا لەسەر هەمان بنەما بڕیار لەسەر توانا و لێهاتووییەکانی دەدرێت و بەمەش چانسی وەرگرتنی هەندێک کار لەدەست دەدات، ئەمە لەلایەک وەک پێشتر ئاماژەمان بە بۆچونی (ماسلۆ) کرد سەبارەت بەوەی ژینگەی کار ناوەندێکە تا مرۆڤ خودی خۆی بناسێت (جۆرج هربرت میید)یش باس لەوە دەکات کە کۆمەڵگە و چاوی ئەوانی تر ئاوێنەیەکە تا مرۆڤ خۆی لێوە ببینێتەوە، کێشەکە لەوەدایە زۆرجار ئەم ئاوێنەیە وێنەیەکی راستەقینە پیشان نادات، بەڵام کاردانەوەیەکی نەرێنی گەورە لەسەر ئەو کەسە و بەتایبەت ئەو ژنە بەجێدەهێڵێت کە چیتر متمانەی بە خۆی نامێنێت و ئارەزووشی بۆ کارکردن لەو دامەزراوەیە دادەبەزێت، بەمەش توانای بەرهەمهێنان و داهێنانی کەم دەبێت، کەواتە دەستەبەرکردنی ئاسایشی پیشەیی لە کاردا پەیوەستە بە : (ژینگەی کار و دامەزراوەکە گونجاو و تەندروست بێت، بە خاوەن کار و بەڕێوەبەر کە بەڕاستی دەبێت سەرکردەیەکی لێهاتوو بەتوانا بێت، سیستەمی پاداشت و سزا دەبێت دادپەروەربێت) بە کۆی گشتی و کارکردن لە ئاوەها کەشێک پاڵنەرێتی و حەزی تاک بۆ کارکردن گەشە دەکات و سەرئەنجام دامەزراوە و کۆمەڵگەش لە بەرهەمی رەنج و ماندوبوونی ئەو کارمەندە سودمەند دەبن.