یاساكانی به‌عس وه‌ك ده‌ستكه‌وت بۆ پارتی

نیاز عه‌بدوڵا – نووسەر و ڕۆژنامەنووس

هه‌مان ئه‌و یاسایه‌ی ڕژێمی به‌عس بۆ به‌رگریكردن له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ركوتكاره‌كانی، دژ به‌ پێشمه‌رگه‌ و زیندانیانی سیاسی و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌كاریده‌هێنا، ٢٩ی ته‌مووز جاریكی تر‌ دادگای دهۆك دژ به‌ رۆژنامه‌نووس سلێمان ئه‌حمه‌د به‌كاریهێنایه‌وه‌.


مادده‌ی ١٥٦ی یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، كه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٣ له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان هه‌موواركراوته‌وه‌‌ بۆ یاسای ژماره‌ ٢١ و پێكهاتووه‌ له‌ ٦ مادده‌، جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی له‌ هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌‌كه‌دا به‌ ئامانجی سه‌ركوتكاری و پاراستنی ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاره‌، بۆیه‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ "مه‌حكه‌مه‌ی سه‌وره‌"ی به‌عس جێبه‌جێ ده‌كران، سووكایه‌تییه‌ به‌ قوربانی هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه‌ و سزادراوانه‌ی له‌سه‌رده‌می به‌عس و سه‌دام حوسێن دا، به‌و یاسایه‌ شه‌هیدكران یان خرانه‌ زیندانه‌كانه‌وه، له‌ كاتێكدا كاركردن به‌م مادده‌یه‌ له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان له‌ حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠٠٣دا وه‌ستێندرا، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌دا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌موواركرایه‌وه‌.

دۆسیه‌ی رۆژنامه‌نووس سلێمان ئه‌حمه‌د، كه‌ دریژكراوه‌ی سزای سیاسی زیندانیانی بادینانه و‌ به‌ هه‌مان دۆخی به‌كارهێنانی دادگا بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه تێپه‌ڕیوه‌، له‌به‌رده‌م پرسیارێكی ڕژددا ڕامان ده‌گرێت، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌؛ بۆچی دوای تیپه‌ڕبوونی ٥٥ ساڵ به‌سه‌ر ده‌ر‌چوونی یاسای سزادانی عێراقی و ٣٣ ساڵ له‌ خۆبه‌ڕێوبه‌ری حكومه‌تی خۆماڵی هه‌رێمی كوردستان، دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ناتوانن ده‌ستبه‌رداری مادده‌ی ١٥٦ ببن، كه‌ له‌ هه‌موواره‌كه‌ی كوردستاندا كراوه‌ته‌‌ مادده‌ی ١؟

به‌ ڕوانین له‌ دۆخ و به‌ڵگه‌كانی ئه‌نجامدانی تاوان دژ به‌ دۆسیه‌كانی ڕۆژنامه‌نووسان و ئازادی راده‌ربڕین، له‌ كاتێكدا یاسا گرنگه‌كانی وه‌ك (یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری، یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان و یاسای رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان) هه‌ن، هێشتا دادگاكان ئاماده‌نین له‌ به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی مه‌ده‌نیدا ئه‌و یاسانه‌ بخه‌نه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و مادده‌ و یاسایانه‌‌ی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس، كه‌ ئامرازی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ و سزادانن به‌كارده‌هێندرێن، ئه‌مه‌ش بۆ پارتی بۆته‌‌‌ ئامڕازێكی ئاسانی سه‌ركوتكاری تا له‌ ڕێگایه‌وه‌ رۆژنامه‌نووسان بۆ چه‌ندین ساڵ زیندانی بكات.

ئێستا به‌هۆی جیبه‌جێكردنی یاساكانی سه‌رده‌می به‌عس دژ به‌ ڕۆژنامه‌نووسان‌، پارتی بانگه‌شه‌ی سه‌قامگیری ئاسایش و ده‌ستگیركردنی گه‌وره‌ تاوانباران ده‌كات،‌ له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ نمایشه‌ ساخته‌كانی كوردایه‌تی و هه‌ڵمه‌تی ناوزڕاندن دژ به‌و ڕۆژنامه‌نووسانە‌ و به‌رگریكارانی مافه‌كانی مرۆڤ جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ ئاسانی به‌ناوی یاساوه‌ تۆمه‌تباریان ده‌كات به‌ تێكدانی "ئاسایش و سه‌قامگیری و سه‌روه‌ری داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان"، له‌كاتێكدا خودی پارتی بۆته‌ هۆی تێكدانی به‌شێكی گرنگی ئاسایشی نیشتیمانی كوردستان و له‌ ده‌ستدانی ڕه‌وایه‌تی حوكمڕانی و په‌كخستنی په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌ستێوه‌ردان له‌ دادگاكان.

به‌رده‌وامبوونی پارتی له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ته‌ و به‌كارهێنانی یاساكانی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس دژ به‌ ڕۆژنامه‌نووسان و ئازادیخوازان، قاسه‌ی گه‌نده‌ڵی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌كه‌ی و سه‌رۆك حكومه‌ته‌كه‌ی پڕتر ده‌كات، به‌ڵام په‌ڕاوی تاوانه‌كانیان له‌ مێژووی ئازادیخوازی و دیموكراسی كوردستاندا ده‌كه‌وێته‌ ناو لاپه‌ڕه‌ ڕه‌ش و شه‌رمه‌زاره‌كان، بۆیه‌ له‌بری سووربوون و ده‌ستگرتن به‌ تاوان و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و هه‌ڵه‌ سیاسییه‌كان، پێویسته‌ بڕیاری دادگاییكردنی سلێمان ئه‌حمه‌د هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و، ته‌واوی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی دیكه (شێروان شێروانی و قاره‌مان شوكری)‌ كه‌ به‌ مادده‌ی ١٥٦ سزادراون ئازاد بكرێن.