پێگەی ژن لە حەوزەی سیاسی عێراق و هەرێمدا
بەیان ئیبراهیم – چالاکوان
بە گشتی عێراق دابەش بوە بەسەر هێزە دینی و ناوچەیی و پاشکۆکاندا، ئەوەی هەیە کە ناوی حیزبی مۆدێرن بێت و لەسەر ئەرزی واقع بە کردار نمایندەی بیری پێشکەوتنخوزای بکات، نیە و ئەوەشی لە پەیڕەوپڕۆگرامی سیاسی حیزبە عێراقییەکان و کوردستانییەکاندا هەیە، جگە لە دروشم و کۆمەڵێک ماکیاج هیچی تر نیە. لەم نێوەندەشدا پێگەی ژن ئەگەر هەبێت، ئەوا پێگەیەکی تواناسازی و مافی بەشداری ژنان نیە، جگە لە حکومی دینی و بنەماڵەیی و گروپی سەرکردەیەک. ژن بۆ ئەوەی خۆی خۆی بێت و بە تواناکانیدا سەربکەوێت بۆ هەرەمی سەرەوەی دەستەڵات، دەبێت حەوزەیەکی سیاسی تواناسای هەبێت تا وەک ژینگەیەک بتوانێت بە پێی تواناکانی خۆی وەک ژنێک بچێتە جومگەکانی دەستەڵاتەوە. لەبەر ئەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەم ژینگەیە غایبەو ناتوانین بڵێین، ئەو ژنانەی کە هەن لە ڕێگەی تواناکانی خۆیانەوە چونەتە دەستەڵات، یان سەربە بنەماڵەیەکی سیاسیە، یان سەر بە جوگرافیای دەستەڵاتی حیزبێکە، یان سەر بە تەکەتولی یەکێک لە باڵەکانی فڵان حیزبە.
ئا لێرەوە کاتێک باسی بەشداری ژنان دەکەین لە حەوزەی سیاسی عێراق و هەرێمدا، دەبێت ئەو باکگراوندە بخوێنینەوە کە بۆتە هۆکارێ بەرزکردنەوەی ژنێک بۆ پۆستێک، ئەگەر چی لە چاو هەر نەبونی ژناندا لانی کەم هەر باشە ژن هەبێت، بەڵام دواجار ئەم ژنانە ئەگەر نەتوانن بیسەلمێنن کە ژنن و توانای چالاکی سیاسی و دەوڵەتداریان هەیە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەوەی ناوی دەنێین تواناکانی ژن و بەشداری لە حەوزەی سیاسی و دەوڵەتداری وڵاتدا.
ئێمەی ژن دەبێت کار بۆ ئەوە بکەین سەرەتا بەدەر لە مافی یاسایی و بەرکەوتەی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا بە پێ ی یاسا و دەستور کار بۆ ئەوە بکەین ژن لە بازنەی هاوکاری سەرچاوەیەک بهێنینە دەر و وەک ژن و تواناکانی خۆی بەشدار بێت نەک مەسئولێک، یان مەرجەعێکی ئاینی، یان خێڵێک، یان جوگرافیایەک پێێ بەخشی بێت، سەرەتا کارێک کە پێویستە بکرێت ڕێکخراوەکانی ژنان لە ژێر چنگی حیزب و بەرپرس بهێنینە دەر و پاشان کار بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروستی ژنان بکەین کە ژن بتوانێ خۆی بێت و بچێتە ناوەندەکانی بڕیاردان.
دەبێت ئەو ژینگەیە دروست بکەین کە ژنێک ئەگەر توانای هەبوو بتوانێ بە پێی توانای خۆی پلەکان ببڕێت و بچێتە ناوەندی بڕیاردان و دەستەڵاتەوە، نەک ئەوەی ئێستە هەیە بەدەر لەوەی هەمو ژنەکان کە لە ناوەندی بڕیاردان لە هەرێم و لە عێراقدا، یان ئاینین، یان سەربە سەرکردەیەکن کە تەکەتولی حیزبێکە، کاتێک دەکەوێتە ناو مکلملانێکانەوە دەدرێت لە کەسایەتی کۆمەڵایەتیان و دەیان کێشەی گەورەی بۆ دروست دەکەن هەر لە گێچەڵی سێکسی و گێچەڵی خێزانی و ئابورییەوە، هەمو ئەمانەش ئەو وێنەیەمان پێ دەڵێ چی لە هەرێم و چی لە عێراقدا شتێک نیە بە ناوی ژینگەیەکی تەندروست بۆ تواناکانی ژن و پێگەی ژن لە حەوزەی سیاسی و حکومداری هەرێم و کوردستاندا.