ململانێی نەوەکان بۆ ئازادی
کنیر عەبدوڵا - نووسەر

ئازادی بەهایەکی بنەڕەتییە لە ژیانی مرۆڤدا، بەڵام چەمک و لێکدانەوەی لە نەوەیەکەوە بۆ ئەویتر جیاوازە. ململانێی نەوەکان بۆ ئازادی، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و رەنگدانەوەی جیاوازی بیروبۆچوونی نێوان نەوەکانی رابردوو و ئێستا دەخاتەڕوو سەبارەت بە سنوورەکانی ئازادی و بەرپرسیارێتییەکانی و رادەی پابەندبوون بە دابونەریتەوە.
نەوەکانی رابردوو، لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا گەورە بوون کە ئازادی بە بەرپرسیارێتی و رێزەوە دەبەستنەوە و بە بۆچوونی ئەوان پابەندبوون بە دابونەریتەوە، گەرەنتی سەقامگیریی خێزان و کۆمەڵگەیە و بەزاندنی ئەم سنوورانە دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لاوازبوونی بەهاکانە، نەوەکانی ئێستا، ئازادی وەک مافێکی سەرەکیی تاکە کەس دەبینن کە ئازادیی رادەربڕین، هەڵبژاردنی شێوازی ژیان و دوورکەوتنەوە لە سنووردارییە نەریتییەکان دەگرێتەوە.
جیاوازی لە تێگەیشتن، یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەمجۆرە ململانێیە، بەشێوەیەک نەوەی رابردوو بڕوای وایە کە ئازادی دەبێت لە چوارچێوەی بەها و دابونەریتەکاندا جێبەجێبکرێت و گرێدراوی بەرپرسیارێتییەکان بێت، بۆئەوەی لە کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ئایینی دەرباز نەبێت.
نەوەی ئێستا ئازادی وەک، ئامرازێک بۆ دەربڕینی خۆیان دەبینن و مافێکە نابێت سنووردار بکرێت، بەڵکو رێزی لێبگیرێت بێگوێدانە تێڕوانینی کۆمەڵگە.
کرانەوە بەڕووی جیهاندا، هۆکارێکی ترە بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنۆلۆژیای مۆدێرنەوە. ئەمڕۆ گەنجان رووبەڕووی بیرۆکە و شێوازی ژیانی جۆراوجۆر دەبنەوە و وایان لێدەکات داوای ئاستێک لە ئازادی بکەن کە لەوانەیە لای نەوەی رابردوو قبووڵ نەکرێت. ئەمەش بۆشایی لە تێگەیشتن دروستدەکات و گرژیی نێوان هەردوولا زیاد دەکات.
ترس لە لەدەستدانی ناسنامەش یەکێکە لە هۆکارەکان، چونکە نەوەی رابردوو هەست دەکات کە ئازادیی گەنجان هەندێکجار هەڕەشە لەو بەهایانە دەکات کە کۆمەڵگە لەسەری پەروەردە بووە و لەوانەیە ببێتەهۆی لاساییکردنەوەی نابەرپرسانە لە خۆرئاوا و لادان لە دابونەریتی رەسەن. لەبەرئەوە رەتکردنەوە و ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە، لاوازیی دیالۆکی نێوان نەوەکان و نەبوونی پردی لێکتێگەیشتن، یارمەتیدەرە بۆ قووڵکردنەوەی ئەم ململانێیە و هەندێکجار هەرلایەک بەهەڵوێستی خۆیەوە پابەند دەبێت، بێ ئەوەی هەوڵبدات لەوی تر تێبگات، ئەوەش دەبێتە هۆی نەبوونی رێزی هاوبەش و زیادبوونی رادەی گرژی.
چارەسەر بۆ ئەم جۆرە ململانێیە، لە دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان نەوەکاندایە، لەڕێگەی دیالۆکی کراوە و رێزی هاوبەشەوە. بەشێوەیەک هەر نەوەیەک دەتوانێت باشتر تێبگات و پردی لێکتێگەیشتن دروست بکات کە ئازادیی تاک و بەرپرسیارێتی کۆمەڵگە تێکەڵ بکات.
پێویستە نەوەکانی رابردوو بوار بە نەوەکانی ئێستا بدەن بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان و پیادەکردنی ئازادییەکانیان بە رێزەوە، دەبێت گەنجان دابونەریتی کۆمەڵگەکەیان بەرز بنرخێنن و کار بۆ گەشەپێدانیان بکەن نەک لەناویان ببەن.
ئەم ململانێیە، دیاردەیەکی سروشتی کۆمەڵایەتییە بەرەو هاوسەنگیی نێوان رابردوو و ئێستا و تەنها هۆکاری ناکۆکی نییە، بەڵکو پاڵنەری گۆڕانکاری و گەشەکردنە و مەرج نییە نەرێنی بێت و دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ پێداچوونەوە، وێڕای ئەوەی ئازادیی بێ سنوور رەها نییە، هاوسەنگییە لە نێوان ماف و ئەرکەکان، تاک و کۆمەڵگە و دابونەریت و نوێبوونەوەدا.
گرنگ ئەوەیە چۆن بەسەر خەباتی نەوەکاندا بۆ ئازادی، زاڵ ببین لەپێناوی بەرژەوەندیی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا.