ئەی بۆ نا ژن پێشەنگی ژیانێكی ئازادە!!

تارا حسێن

لەم ناوچەیە بە درێژایی مێژووی هێزە دەسەڵاتخوازەكان هەوڵیانداوە كۆمەڵگە لە بەها مرۆیی و ئەخلاقی و سروشتیەكانی دووربخەنەوە، زانست وئاین وفكر و توانا مرۆییەكانی جڤاكیان بەكار هێناوە لەو پێناوەدا.

 

میزۆپۆتامیا نشینەكانیش گەورەترین قوربانیەكانی ئەو مۆدێلەن لە باڵادەستی و تاكڕەوی دەسەڵاتدارێتی، بە درێژایی ئەو ماوەیە شەڕ و ململانێی جڤاكی سروشتی و هێزە هەژمونخوازەكان بەردەوامە.

 

ئەمڕۆ جڤاكی ئەم دەڤەرە بە پێشەنگایەتی بیرمەندێكی ئازادیخواز بە پرۆژەیەكی ئاشتیخوازانەوە لە گۆڕەپانە، تا ڕادەیەك هەوڵیداوە پەیوەندی و ناكۆكی گرێ بدات و هەموان ڕازی بكات لەوەی:

 

بۆ نا!!! ئێمە دەتوانین پێكەوە بژین

ئەی بۆ نا ژن پێشەنگی ژیانێكی ئازادە!!

 

لە دوو توێی دروشمێكدا كە دەیان ساڵە ئەو بیرمەندە پێشكەشی كردووە گەلان هاتونەتە دەوری یەكتر، هاوئاهەنگن بەرامبەر سیستمە فاشیست و ڕەگەزگەراكان.

دروشمی #ژن #ژیان #ئازادی

 

ئەمڕۆ لە قوڵبونەوەی خۆی لەواتای ژن بوون، ژیانێكی ئازاد و بەڕومەت و بە كەرامەت، ئازادیەكی بەبەها و واتا بۆ هەموان بێ جیاكاری، ئیدی وێردی سەر زمانی هەموو ئازادیخوازانی جیهانە!!!!

 

كەچی دیسان هێزی دەسەڵاتخواز، ئیسلامیە دەسەڵاتخواز و دۆگماتیكەكان، پۆپۆلیستەكانی بەناو ژنانی فێمینیست و ئازادیخواز، كەوتونەتە جوڵەیەكی ناشیرینی بێ ناوەڕۆك و بێ چارە، بەشێكیان، ئازادییەكی گەورەی بەبەها، كە لە پێناویدا خوێنی ملیۆنان مرۆڤی پێشكەش كراوە، بە جەستەی ڕووتی ژنێك و خواردنەوە و سێكسەوە گرێدەدەن، ئەگەر لەچك و حیجابێك بە ژنەوە ببینن، پێیان وایە ئەو ژنە كۆیلەیە و دوورە لە ژیانێكی ئازاد، ئیسلامیە دۆگما دەسەڵاتخوازەكانیش پێیان وایە ئەگەر بێ لەچك و حیجاب بوین ئیتڕ بەرەڵا و وبێ كەسایەتین و ئەبێ نەفرەت لێ كراوبین.

 

لە ڕاستییا ئێوە ناتوانن شۆڕشی ئازادی ژن بشێوێنن، هیچ یەكێك لە ئێوە و هێزەكانی چوارچێوەی سیستمی باڵادەستی جیهانی مرۆڤخۆری سەرمایەداری، ئەو مافەی نیە، چیتر ژنان نابن بە كاڵا بە دەستی ئێوەوە و ئاڕاستەیان بكەن، ئێستا ژنانی ئازادیخواز بە پێشەنگایەتی ژنی كورد مێژوو دەگۆڕن، چەوتیەكان سەرڕاست دەكەنەوە، ئیدی مردن لە كوێوە دێت با بێت، گرنگ دەریایەك خوێنی ژن بە فیڕۆ ناچێت، ئەمرۆش نەبێt سبەی ئێمە دەگەین بە ژیانێكی ئازاد و بەكەرامەت.