قبوڵكردنی دەبابەكانی توركیا یان راپۆرتەكەی ئەحمەد شامكی سوكایەتییە؟
نیاز عەبدوڵا - ڕۆژنامەنووس
لەسەر سكاڵایەكی بەناو یاسایی سەرۆكی شارەوانی ناحیەی شێلادزێ، ماوەی چوار رۆژە، رۆژنامەنووس ئەحمەد شامكی پەیامنێری (دیجیتاڵ میدیای حەوت رۆژ) دەستگیركراوە. سەرۆكی شارەوانی ناحیەكە لە ١٣ی حوزەیران نامەیەكی هۆشداری بۆ شامكی رۆژنامەنووس ناردووە، تۆمەتباریكردووە بە ئەنجامدانی “ناوزڕاندن و سووكایەتی و تۆمەتهەڵبەستن”، داواشیكردووە پۆزشبهێنێتەوە و داوای لێبوردن بكات لەبەرامبەر ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییەی تیایدا باسی “لە گەندەڵی فرۆشتنی پارچەیەك لە شەقامێكی گشتی ناحیەكە كردووە بە بڕی ٢٥٠٠ دۆلار”.
هاوكات لەگەڵ ناردنی نامەی هۆشدارییەكە و دەستگیركردنی ئەحمەد شامكی لە ٢٦ی حوزەیران، “دەوڵەتی توركیا بە ٣٠٠ تانك و هێزێكی سەربازییەوە” لە ناو سنووری پارێزگاكەی سەرۆك شارەوانی، خاك و گوندی داگیركردووە و بازگەی سەربازی لەنێوان گوندەكاندا دروستكردووە، بەڵام سەرۆك شارەوانی شێلادزێ كە بەهۆی بۆردوومان و خۆپیشاندانەكانی دژ بە سوپای توركیا چەندین كەس لە خەڵكی ناحیەكەی شەهیدبوون، تائێستا بە سووكایەتی نازانێت و پرسی ئاشكراكردنی گەندەڵی پارچەیەك لە زەوی ناحیەكەی بە سووكایەتی هەژمار دەكات و بەهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ رۆژنامەنووسەكە دەردەكات، لەكاتێكدا پەیامنێرەكەی (دیجیتاڵ میدیای حەوت رۆژ)، وەك بەشێك لە ئەركی ئاشكراكردنی راستییەكان كاری لەسەركردووە.
سەرۆك شارەوانی شێلادزێ ئەگەر هێشتا بڕوایەكی بەوە ماوە كە مرۆڤ نابێت سووكایەتی پێبكرێت، پێویستە خۆی دەستبەجێ دەستبەرداری خواستی سوكایەتیكردن بە پیشەی رۆژنامەوانی ببێت و دەست لە دەستگیركردنی ئەحمەد شامكی هەڵبگرێت و دەسەڵاتەكانی خۆی بۆ زیندانیكردنی رۆژنامەنووس بەكارنەهێنێت، لەبەرامبەردا سەروەری خاكی شارەكەی وەك سەروەری كەسی و نیشتیمان تەماشا بكات.