پیسبوونی هەوا، ترسناکترین دوژمنی ژیان

یەریڤان شاسوار - توێژەری ژینگەیی

 

ئەو دوژمنە ترسناکەی بە هێمنی بووەتە بەڵای سەری مرۆڤایەتی، زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و جیهانیەکان زۆر بە توندی کار لەسەر هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا و مەترسیەکانی بۆ سەر ژیان دەکەن، بە بەردەوامی بەدواداچوون و چاودێری ڕێژەی پیسکەرە هەوایی یەکان دەکەن.

 

بەڵام هێشتاش هۆشیارکردنەوەی تاکی ئێمە لەم بابەتەدا لە سەرەتادایە و بە داخەوە هەموو خەمی ئێمە ئێستا بووەتە ئەو مووچەیەی کە هەموو خەون و خەیاڵی داگیر کردووین.

 

بەو هۆیەش بێ بیرکردنەوە، بەتاڵی گیرفانمان کردووەتە بەهانە بۆ گوێنەدانە پاراستنی ژینگە و ئەو ناوەندەی تێیداین، بێ ئاگا لەوەی هەر ئەو کەمتەرخەمیە وامان لێدەکات ئەو مووچە کەمەی دەستمان دەکەوێت ببێت بە سەرچاوەی داهاتی بۆ دەرمانخانەیەک لە بری کڕینی دەرمانێکی ماوەبەسەرچوو، یان پسوڵەی دکتۆرێک یان لە ڕۆژێکی چارەسەر لە نەخۆشخانەی هیوادا خەرجی بکەین.

 

لە ئاستی جیهاندا تا دێت فشارەکان لە ئاستی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان زیاتر دەبێت بۆ پابەندکردنی وڵاتانی پیشەسازی بۆ کەمکردنەوەی دەردانی پیسکەرەکانی هەوا، لەم ڕوانگەیەوە ئاژانسی پاراستنی ژینگە EPA لە ٧ی شوباتی ئەمساڵدا بڕیاری گۆڕینی ڕێژەی دیاریکراوی نیشاندەری PM2.5 دا، کە کاریگەری ترسناکەی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات، بە تایبەت هەڵکشانی ڕێژەی نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە.

 

ئاژانسی پاراستنی ژینگە بڕیاری دا بە گۆڕینی چڕیی ڕێگەپێدراوی تەنۆڵکە پیسەکەرەکانی PM2.5، لە ڕێژەی ڕێگەپێدراوی پێشتر کە ١٢ مایکرۆگرام بۆ یەک مەتر سێجای هەوا بۆ ٩ مایکرۆگرام/م سێجا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، واتە نابێت پێوانی بەرکەوتنی ماوە کورت لەو چڕییە تێپەڕێت، لە هەمان کاتدا ڕێژەی چڕی ساڵانەی وەک خۆی هێشتەوە کە ٣٥ مایکرۆگرام/م سێجایە لە هەوادا.

 

هەرچەندە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەدابوو کە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر چڕی پێویستە لە ٥ مایکرۆ گرام/م سێجا زیاتر نەبێت، کە ئەمەش ئەستەمە لە ئەمڕۆدا بتوانرێت جێبەجێبکرێت.

 

بەدڵنیایەوە ئەم ڕێژانە چەندجار زیاترن لە هەوای کوردستاندا، هۆکاری سەرەکی بێ ئاگایی خەڵکە بە گشتی لەسەر کاریگەرییە خراپەکانی پیسبوونی هەوا و کەمتەری خەمی دەسەڵات و چاوچنۆکی بازرگان و خاوەن پاڵاوگە و گارگەکان، نکۆڵیکردن لە پیسبونی هەوا و بانگەشە بۆ بازرگانی دەرمان و چارەسەر، دۆخەکە لە خراپەوە بۆ خراپترین دەبات.