سروشت مامۆستای یەکەمی مرۆڤە، مرۆڤە دەسەڵاتدارە بێباکەکان لە دەرەوەی ئەو سروشتەن

نەجیبە قەرەداغی - ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

 

دونیای ئاژەڵان بۆ مرۆڤ فێرکار و ئەزموونبەخشن، تەنیا لەو حاڵەتانەی کە مرۆڤەکان هاوسەنگ بن، خاوەن عەقڵێک بن  و ڕایەڵەی بە هەستەوە هەبێ و کۆمەڵگەیی بن و بەرپرسیارێتی خۆیان دادوەرانە لە ئاست ئەوانی دیکە وەک "گشت لە یەک و یەک لە گشت دا " پێک بێنن.

 

لەو لایەنەوە دونیای کۆمەڵی فیل زۆر سەرنجڕاکێشە. لە کێلگەکانی ئاژەڵ سامبوروو لە کینیا ڕاستی کۆمەڵە فیلێک هاتین کە لە دوورەوە وەک ڕەشاییەک دیار بوون، هەر کە ئۆتۆمبێلی سەفارییان بیبنی، یەکسەر یەک لە سەر بەرزاییەک بە خێرایی چاوەڕوانکراو دابەزی و لە دۆڵەکەدا هەموو فیلەکان لە دەوری یەک کۆبوونەوە، وەک ئەوەی مەترسیەک هەبێت. سامی سامبووروو کە ڕێبەر و ڕێنیشاندەرە و خاوەن زانیارییەکی سەرسوڕهێنەرە لە سەر ژیان و دینامیکی ژیانی ئاژەڵان، پێی گووتین کە هیچ زیندووەرێک بە مرۆڤیشەوە، بەهێندەی فیل پارێزەری بەچکەکانی نییە، دایکی فیل دەکرێت قوربانی بە ژیانی خۆی بدات، لە پێناو بەچکەکانی. ئەوەش لەگەڵ بەشێک لە توخمی مرۆڤی دەسەڵاتدار و بێبابەکەکان ناکۆکە.

 

حاڵەتی وەستانی بە کۆمەڵی فیلەکان سەرنجراکێشە، چوار فیلی گەورە بە چوار ئاراستەی جیاواز پشتیان لە یەک کرد و ڕوویان لە دەرەوە، بەچکەکانیان خستووەتە نێوانی خۆیانەوە بۆ پاراستنیان، مرۆڤی ئەم سەردەمە بەهۆی دوورکەوتنەی لە سروشت و ئالودەبوونی بە تەکنیک و تەکنەلۆژیانەوە لە ژێر ناوی 'پێشکەوتن'دا هەر دەچێت دڕەندە دەبێت، لە هەست دادەبڕێت و بێباک دەبێت.

 

ئەوەی مرۆڤ بە کۆمەڵگەبوونی خۆی دەبەستێتەوە بەرپرسیارێتی، کۆمەڵگەبوون و خۆشەویستیە، لەوە بترازێت دڕندەییە.

 

جێگە: کینیا- کێگەی ئاژەڵان لە سامبوروو