فاشیزم هەمیشە دەدۆڕێت

ساکار عەبدوڵڵا - ڕاگەیاندنکار

ئەمەی ڕوودەدات دەرئەنجامەکانی زۆر خراپ و تۆقێنەرە هەندێک لە کەسانی دۆگماش نایانەوێت لەو واقیعەی هەیە تێبگەن، هەر بۆخۆی ئەوان لە ئاست ڕاستییەکان چاویان داخستووە و گوێیان کپە، ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی سەت ساڵی رابردوو، ئەوا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت لە سەرەتای دەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاری گەلی کورد، کۆسپ بوونە لە بەردەمیدا، هەمیشە دووژمنان دەیانەوێت لە سەر حیسابی تۆ ببنە خاوەنی هەموو شت، ئەمەش بەهۆی هێڵێکی خیانەت و نۆکەر و خۆ بچوککردنەوە و وێرانکردن و چاوساغی کردن بۆ بێگانە و لە کارخستنی هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە و لەناوبردن و قڕکردن و سڕینەوەی کلتورەکەمان، بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو کۆسپانە هێڵێکی ئازادیخوازی و دیموکراتیخواز، هەمیشە لە بەرامبەر هێڵی خیانەت و دووژمن وەستاوە و لە دۆخی بەرەنگاریی و بەرخودان دایە.

 

لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەموو ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت پێشبکەون و پێگەیەکی خۆیان هەبێت، ئەوە ڕاستەوخۆ دوژمنی لێڕاست دەبێتەوە، بە نموونەش کوردستان لەوەتەی هەیە باجی ئەو هێڵە خیانەت کارو خۆفرۆشە دەدات، لە ئێستا و لەم قۆناغەشدا، ئەوەتا کوردستان بووەتە تاقیگەیەک بۆ وڵاتانی دیکە، هەمووان شەڕو ئاژاوەو ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانیان دێننە کوردستان، ئەوەتا هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە وێران و بە رەو داڕووخان دەچێت، هەر لە کەرتی پەروەردەو تەندرستی و سیستمی هاتووچۆ و سیستمی خراپی خواردن، ئەمەش بێگومان بەهۆی چاوساغی کردنی ئەو هێڵە نەفرەت و خیانەتکارییەوەیە. نموونەی هەرە زیندوو ئەوەیە لەشکرکێشیی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست بۆ سەرخاکی کوردستان بەردەوامە، ئەمەش بە چاوساغی لایەنێکی دەسەڵاتخواز و نۆکەری بێگانەییە، لێرەشدا کارەسات ئەوەیە پارەخۆری دەسەڵات بیت و ڕەوایەتی بدەیت بە هاتنی سوپای فاشیستی تورک و داگیرت بکەن و ڕۆڵەکانت شەهید بکەن و شاخ و دەشت و هەردت داگیربکەن، لەماڵەوەش دانیشیت و قسەی زل بکەی و بڵێیت با پەکەکە بچێتەوە باکور، ئاخر تۆیەک بە پارەی جاشێتی و نۆکەری گۆشکرابیت، لە کوێ دەزانی پەکەکە بۆچی لە باشورە، دەبێت ئێوە لەوە تێبگەن کە ئەم خاکە هی گەلانی کوردستانە و هی ‌هێڵی ئازادیخوان و شۆڕشگێڕانە، ئەوەش بە وڵاتان هەزم ناکرێت و دەیانەوێت وەک چۆن کوردستانی گەورە کراوە بەچوار بەش، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەم خاکە لەڕووی جوگرافیاوە و شوینێکی ستراتیژی نێوان چەند وڵاتە و ڕێگەی ئاوریشمی پێدا تێپەڕ دەبێت.

 

هەر دەوڵەتێک دەیەوێت ئەم خاکە داگیربکات، بێگومان (پەکەکە)ش ئەو هێڵە ڕزگارییەیە و نایەوێت ئەم خاکە دابەش بێت وەک چۆن لە پێشدا کوردستان دابەشکراوە، ئەگەر ئێستاش ڕێگە بە لەشکرکێشییەکانی تورکیا نەگێرێت، ئەوا ئەم خاکەی لەسەری دەژین و ناوی کوردستانی باشوورە، دەکرێت بە دوو پارچە و سێ پارچەوە، واتا سنوری سلێمانی بۆ وڵاتێک و سنوری هەولێر و دهۆک بۆ وڵاتێکی تر، وەک بەشێک لە توێژەکان ئەوە دەزانن کە لە ئێستا و لە ڕابردوودا هەوڵی لەتکردن و پارچە پارچەکردنی کوردستان دەدرێت و بەشێک لە حیزبەکان کەوتوونەتە نێو ئەو یارییە، بەشێکیان لە بێ ئاگاییان و بەشێکی تریان نۆکەرییان قبوڵە.

 

 تۆ ئەوە بهێنە بەرباس ئەگەر پەکەکە نەبێت کێ ڕێگری لە لەت بوون و پارچە پارچە بوونی کوردستان بگرێت، یانیش ئەگەر پارتی کرێکارانی کورستان لە قەندیل پاشەکشێ بکەن، ئەم ناوچەیە دەکەوێتە ژێر دەستی فاشیزمی تورکیاوە، پاشان لە خۆت پرسیوە تورکیا بە چی ئامانجێک (پەکەکە)ی کردووە بە بیانوی داگیرکردنی قەندیل، هەموان باش ئەو مێژووە دەزانن کە پێش بوونی "پەکەکە" لە سەر دەمی عوسمانییەکانەوە تا ئێستا دەستیان لەناو ئەم خاکە وەرداوە، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٧٨ەوە دەستدرێژییەکان و داگیرکارییان بەری پێگیرا و سنورێکیان لە پێش دانراوە، ئەم خاکەش خاوەنی شارستانییەتە، خاوەنی سەدان ئاسەواری مێژووە و مێژوو شایەتی ئەوەدەدات، ئەوەتا بەشێک لە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان ڕێز نەک لە خەڵک ناگرن، بگرە لەم خاکەشی ناگرن سەدان ساڵە شەڕی تێدا بەردەوامە و ناهێڵن گەلی کورد بۆ چەند ساڵێکیش پشویەک بدەن.

 

لە ئێستاشدا جارێکی تر دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی پارتی کرێکارانی کوردستان، هێرش و داگیرکاریی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەست پێکردووەتەوە، هەروەها جۆرەها چەکی پێشکەوتووی بەکارهێناوە بە بەرچاوی هەموو وڵاتانەوە، بەڵام بە دەستی گەریلا ئازادەکانی کوردستان جارێکی تریش فاشیزمی تورکی سوننیی قەپۆزی تێکدەشکێتەوە.

 

زیاتر لە ٤٠ ساڵە دەوڵەتی فاشیزمی تورک نەیتوانیوە لەبەرامبەر بەهێزی و خۆڕاگریی و فیکری ئۆجەلان و گەریلادا ئامانجەکانی بپێکێت و شکستی چنیووەتەوە.