دڵخۆشبوون بە سەركەوتنی ئەوانی دیکە
ڕووبار مەجید - دکتۆرا لە یاسای دەستووریی

لەم جیهانەی ئێستا تێیدا دەژین كێبڕكێ و فشارەكان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان، لە بەرامبەریشدا دڵخۆشبوون بە سەركەوتنی كەسانی دیکە، وەك ئەركێكی كۆمەڵایەتی و بەهایەكی مرۆڤایەتی پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە، لە راستیدا ئەم بەها گرنگە تەنها هەستێكی ئەرێنی نییە، بەڵكو ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی كۆمەڵایەتییە، رادەی یەكگرتوویی پێكهاتەی كۆمەڵگە و خۆشویستن و پەیوەندیی رۆحی بە نیشتمان و نەتەوە و پشت بە یەكتربەستن لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا دەردەخات.
دڵخۆشبوون بە سەركەوتنەكانی ئەوانی دیکە رەنگدانەوەی پێگەیشتن و تێگەیشتنی تاكەكانە و هەستێكی هاندەری كۆمەڵگەیە بۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوویەكی گەشتر، چونكە سەركەوتنی هەر تاكێكی كۆمەڵگە، لە دواجاردا سەركەوتنی هەموو كۆمەڵگەکەیە، هەروەها دڵخۆشبوون بە سەركەوتنەكانی ئەوانی دیکە دەبێتە هۆی پیشاندانی روویەكی جوانی كۆمەڵگەكەمان بە دنیای دەرەوە، كە دەبینن بە شێوەیەكی پێكەوەیی دەبینرێین لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكانماندا، هەروەها دەبێتە هۆی گەشەسەندن و سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی گیانی كاركردنی پێكەوەیی بەشێوەیەكی یەكگرتوو، بە پێچەوانەشەوە ئیرەیی بردن بە سەركەوتنەكانی ئەوانی دیکە و هەوڵدان بۆ شكستپێهێنانیان دەبێتە هۆی شكستی كۆمەڵگە بە گشتی، بۆیە پێویستە هەموومان شانازیی بە دەستكەوتەكانی یەكترەوە بكەین و خۆمان بە خاوەنیان بزانین، لە كوردستان یان لە دەرەوە بێت، کاتێک دەبینین كوردێك پلەیەكی بەرز بە دەستدەهێنێت یان خەڵات دەكرێت.
لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا دەستكەوتە ئابووریی یان تەكنۆلۆجییەكان تاكە پێوەری سەركەوتن و پێشكەوتنی وڵات نین، بەڵكو بە ئاستی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی تاكەكانیش پێوانە دەكرێت، كە بنەمایەكی گرنگە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە شارستانی و چاوكراوەكان بە زانست و رۆشنبیریی، سەركەوتن بە تەنها لەسەر تاكەكەس قۆرغ ناكرێت، بەڵكو بەرهەمی هەموو كۆمەڵگەیە و هەمووان وەك شانەیەكی یەكگرتوو هەوڵدەدەن بۆ سەرخستنی وڵاتەکەیان.
چەند هۆكارێك دەبنە ئاستەنگ لە بەردەم دەربڕینی هەستی دڵخۆشی بە سەركەوتنی كەسانی دیکە لەوانە:
*خۆ بەراوردكردن بەوانی دیکە، دەبێتە هۆی دروستكردنی هەستی خۆ بە كەمزانین لای تاك.
*بڕوا بەخۆنەبوون و بە هەڕەشە بینینی سەركەوتنی ئەوانی دیکە، بۆ سەر پێگەی خۆیان و سەرئەنجام كەمكردنەوەی بەهایان.
*پەروەردەی بنیادنراو لەسەر بنەمای كێبڕكێی بێ سنوور و زیاد لە پێویست، كە هەر لە منداڵییەوە ئەو بیركردنەوەیە لە مێشكی مرۆڤدا جێگیر دەكرێت كە سەركەوتن تەنها بۆ كەسی براوەیە، بەڵام لە راستیدا سەركەوتن وەك ئاودانی دارێكە كە هەمووان لە سایەیدا دەحەوێنەوە.
*نەبوونی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی، هۆكارێكی دیکەیە بۆ دڵخۆش نەبوون بە سەركەوتنی كەسانی دیکە.
بۆ بەهێزكردنی دڵخۆشبوون بە سەركەوتنەكانی یەكتری، ئەم چەند پێشنیازانە دەخەینەڕوو:
*لەسەر ئاستی تاك، پێویستە دەستبەرداری خۆ بەراوردكردنی نەرێنی بە سەركەوتنەكانی ئەوانی دیکە ببین و كار لەسەر پەرەپێدانی خۆمان بكەین.
*پێویستە سەركەوتنی ئەوانی دیکە بە پاڵنەرێك بزانین بۆ كار و تێكۆشان و چاولێكردن.
*پێویستە خۆمان رابهێنین لەسەر سوپاسگوزاربوون و بە سەركەوتنی بەرامبەرەكەمان ئاسوودەبین.
*لەسەر ئاستی خێزان پێویستە نەوەكان لەسەر گیانی پێكەوەیی پەروەردە بكرێن بەوەی دڵخۆشبن بە سەركەوتنی خزم و هاوڕێكانیان نەك عەقڵیەتی كێبڕكێی.
* پێكەوە ئاهەنگ گێڕان بۆ دەستكەوت و سەركەوتنەكانی ئەندامانی خێزان هەرچەندە سادە و ساكاریش بێت، بە ئامانجی چاندنی گیانی هاوبەشیكردن و پێكەوەیی.
*لەسەر ئاستی خوێندنگەكان، پێویستە لە كۆبوونەوەكاندا بڕگە و بابەتی بۆ تەرخان بكرێت، هەروەها كاتی دیاریكراو هەبێت بۆ رێزلێنان بە دەستكەوتی مامۆستا، خوێندكار، فەرمانبەران و هانی كاری بە كۆمەڵ و پاڵپشتی ئەرێنی بدرێت.
*لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتییش، نموونە باڵاكانی سەركەوتن بە شێوەیەكی ئەرێنی بخرێنەڕوو بە شێوازێك كە نەبێتە هۆی دروستكردنی كەلێنی چینایەتی.
*رێزلێنان لە خاوەن دەستپێشخەریی و پڕۆژەكان بە ئامادەبوونی هەمووان.
لە كۆتاییدا پێویستە هەموومان رووبەڕووی كەلتوری ئیرەیی بردن و گاڵتەپێکردن ببینەوە لە رێگەی هۆشیاركردنەوەی تاكەكان بەوەی، پاڵپشتیكردنی كەسانی دیکە لاوازی نییە، بەڵكو ئەوپەڕی پێگەیشتن و بڕوا بەخۆبوونە.