جیهان و حەقیقەت
هەڤاڵ جیهان تەنیا خەریکی ڕاستکردنەوەی شێواندنێکی هەنووکەیی نەبوو لە تشرین، بە دوای هەواڵێکی ڕۆژانەوە نەبوو، ئەو ئاڵنگاریی شێواندنی مێژووی کرد و پێشەنگ بوو لە واتای ڕاستی و چاکە و جوانی، هەر بۆیە کرایە ئامانج.
دەنیز ئایدن
لە سەردەمێکدا کە هەوڵی نەهێشتنی کەرامەتی مرۆڤ دەدرێت، لە خاکەکانی ڕۆژئاوادا، هەڤاڵ جیهانم ناسی، کە بە خۆڕاگری و بوێری ئاڵنگاریی ناشیریینەکانی جیهانی دەکرد، من لەو هەواڵانەی کە بە عەقڵ و دڵی ژنێک دروستی کردبوو، ناسیمەوە، وەک ئەوە وابوو تەلیسمێکی هەبێت کە هەرچی دەستی لێدەدا جوانی دەکرد و واتای پێدەبەخشی، وێنەی هەموو ئەو جوانی و ساتانەی بەرخۆدان، کە خۆی گرتبووی، لە چوارچێوەی کەسایەتی خۆیدا کۆیکردبووەوە، هاتە ڕۆئاوا بۆ ئەوەی بتوانێت واتای ناو دڵی زیاد بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرخۆدان بۆ پاراستنی ئەو ژیانەی بە قوربانی زۆر بنیادنراوە، پیشانی هەموو جیهان بدات، ئەو دەیوت 'بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە، پێویستی بە بەرخۆدان و ڕێپێوان و هاتن هەبوو'، بە ڕووخسارێکی پڕ زەردەخەنەوە هەمیشە دەیوت: 'لە بەرامبەر هەموو فشار و سەختی و ئازار و ترس و تاریکییەکدا مرۆڤ دەبێت هەستێتەوە و بێت و بڕوات'.
زۆر بە پەرۆشەوە هەموو شتێکی بۆ ڕوون دەکردیتەوە، مرۆڤ نەیدەتوانی بێباکانە بمێنێتەوە لە هەر شتێک کە ئەو دەیگێڕایەوە، جیهان شێوازێکی هەبوو بۆ ئەوەی بۆ لای خۆی ڕاتکێشێت، وای لە خەڵک دەکرد گوێی لێبگرن، وای لێدەکردن خۆیان خۆشبوێت و بیری خۆیان بکەن.
هەموو کەسێک خەونێکی هەیە، خەونی جیهان ئەوەبوو کە ڕۆژنامەنووسێکی ڕاستەقینە بێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ورد و بابەتیانە ئازار و بەرخۆدانی گەل نیشان بدات، هەموو کەسێک بوێری بەدیهێنانی خەونەکانی یان ئیرادەی شوێنکەوتنی خەونەکانی نییە. ئەمەبوو کە جیهان جیاوازی کرد، کەسێک بوو کە بوێری خۆی بۆ خەونەکانی نیشان دەدا، هەمووان دەڕۆن، هەمووان بەرەو پێشەوە دەڕۆن، بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێت ڕابکات بەرەو ئاگری حەقیقەت.
جیهان ئازا بوو، لە ڕاستیدا هەر ئەم بوێرییە بوو وای لێکرد بەدوای ڕاستییەکاندا بگەڕێت، هەوڵەکانی بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان بە هۆشیاری مێژووییەوە لە چاوەکانیدا گۆڕا بۆ تیشک و لە دڵیدا بۆ سۆز. ڕقی لەو کەسانە بوو کە دەنگی گەلییان نەدەبیست و لەبیرییان دەکرد کە لە ئازار و بەرخۆداندا دەژین، ئەو باوەڕی وابوو کە لەبیرکردن، نەبینین، جۆرێکە لە ترسنۆکی. هەر بۆیە هەموو شتێکی لە یادەوەری خۆیدا تۆمار کرد و لەبیری نەکرد، نەیهێشت لەبیری بچێتەوە.
بۆیە هەموو مرۆڤێک دەیتوانی خۆی لە ڕووخساریدا ببینێتەوە، ئەو لەگەڵ ڕۆحی ئازادی و بەرخۆدان بوو بە یەک و ڕێگەی بڕی، هەڤاڵ جیهان دڵێکی باشی هەبوو کە دونیا بەس نەبوو بۆ ئەوەی لە باوەشی بگرێت، ویژدانێکی باشی هەبوو کە نادادپەروەری قبوڵ نەدەکرد، گەرانێک بوو بە دوای حەقیقەتدا کە گرنگ نەبوو باجەکەی هەرچییەک بێت، ئەوانەی نازانن چۆن بەرخۆدان چییە، هەست بەو ئازارە ناکەن و ناتوانن باسی بکەن.
هەر بەم هۆیەشەوە هەڤاڵ جیهان خۆی لە کارێکدا خوڵقاند کە ئامانجی ڕوونکردنەوەی بەرخۆدان و ئازارەکانە بۆ جیهان، لە هەر شوێنێک ڕاستی شێوابووبێت، لە هەر شوێنێک درۆ هەبووبێت، لە هەموو شوێنێک مرۆڤایەتی تامەزرۆی هەواڵی ڕاستی بووبێت، لە هەموو شوێنێک هەواڵی ڕاستەقینە بەهای ژیان بووبێت، هاوڕێ جیهان وەک ڕۆژنامەنووسێک لەوێ بوو، ئەو پابەند بوو بەو بەهایانەی کە ڕۆژئاوا نوێنەرایەتیان دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم بەهایانە بپارێزێت و پیشانی جیهانی بدات، کاری ڕۆژنامەگەری کرد، بۆ ئەم مەبەستە قەڵەم و کامێرا و مایکرۆفۆنەکەی بەکارهێنا، هەڤاڵ جیهان تەنیا خەریکی ڕاستکردنەوەی شێواندنێکی هەنووکەیی نەبوو لە تشرین، بە دوای هەواڵێکی ڕۆژانەوە نەبوو، ئەو ئاڵنگاریی شێواندنی مێژووی کرد و پێشەنگ بوو لە واتای ڕاستی و چاکە و جوانی، هەر بۆیە کرایە ئامانج.
تەنیا کامێراکەی لە دەستیدا بوو، ئەو لەوێ بوو بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بە جیهان بڵێت، جیهان هەمیشە لە دڵماندا دەبێت، هەمیشە واتای نوێ بۆ واتای قەڵەم و کامێراکەی ئەو زیاد دەکرێت، ئێمە دەزانین کە هیچ هێزێک ناتوانێت حەقیقەت بێدەنگ بکات!