ژینا وەک ئایدیاڵی ئەخلاقی
شارا تاهیر - نووسەر
گەر ئەمەی لە ئێستای ئێراندا ڕوودەدات هەوێنی شۆرش بێت دژ بە ستەمکاری سیستم و حوکمی ئیسلامی ئێرانی، هەولێک بێت بۆ ئازادی خەڵکی ئێران بە فارس و کوردەوە ئەوا هەر لە ناو هەناوی ئەم ئازادییەدا کورد پێویستی بە ئازادییەکەی تر و هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی تر هەیە. بەو مانایەی ئەوەی کە ئازادییە بۆ میللەتی فارس وەک مرۆڤی سەردەستە لەو ووڵاتەدا هیچ کات هەمان مانای ئازادی نییە بۆ کورد وەک مرۆڤی پەرواێز و پلە دوو. گەر کوشتنی ژینا ژیلەمۆی هەڵگیرسانی ئەو شۆڕشە بێت لە دژی سیستمی ئێرانی لە لایەن میللەتی ئێرانەوە ئەوا گرنگە خاسیەت وسیفەتەکانی بناسینەوە تا ئێمە وەک کورد بتوانین لە ناو ئەوشۆڕشەدا شۆڕشێکی تر بەرپا بکەین، لە ناوجەرگەی ئەو ئازادییەدا ئازادییەکی گەورەتر بەدەست بهێنن، چونکە دابڕینی کێشەی کوردبوون لە ژینا و بە تەنها کورتکردنەوەی بۆ پرسی ئازادی ژن لە ئێراند ژیناکانی تر ئازاد ناکات و نایانکاتە مرۆڤی پلە یەک و هاوشانی ژنانی فارس.
هەمووان ئەوە دەبینین کە باهۆزی توڕەیی، نارەزایی و ڕاپەڕینی خەڵک ئەمجارە سیمایەکی تر و گڕوتینێکی تری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. لە گەڵ ساتی یەکەمی بیستنی کوشتنە وەحشتناکەکەی ژینا و کاردانەوەی خەڵک بۆ ئەم مەرگەساتە لە خۆیدا شتێکی نوێ نەبوو. چونکە کوڕو کچی کورد لە سایەی ئەو سیستمە تۆتالیتارییە داپڵۆسێنەرەدا ڕۆژانە زیندانی دەکرێن، دەکوژرێن، دەبڕدرێن و لە سێدارەدەدرێن. خۆ هێشتا زەردەخەنەی کوڕەکانمان بە پەتی سێدارەکانەوە کاڵ نەبۆتەوە، هێشتا قرچەی جەرگی دایکە جەرگ سووتاوەکان لە گوێماند زرنگە دەداتەوە، هێشتا جەزرەبەی زامی زیندانیکردنی زارا لە ڕۆحماندا سارێژ نەبووە و خوێنی لێدەچۆڕیت. وەلێ کوشتنی ژینا زام و برینێکی قووڵتری هەڵتەکاندوە و کولاندۆتەوە، ئازاری لەدەستچوونەکەی ژینا لە شوێنێکی تردا گرساوەتەوە نەدەکرا هەر وا بە ئاسانی بە سەر خەڵکیدا تێپەڕیت، ئازارێک کە نەک هەر لە دڵی کوردا بەڵکو ئەوەتا لە دڵی فارس و تەنانەت هەموو جیهانیشدا چەقیوە جێی پێ هەڵچنیون، کوشتنی ژینا تێزابێک بوو کرا بەسەر زامێکی قووڵ و دێریندا، زامی ئازادی ژن بۆ سادەترین مافەکانی خۆی، ئازاری بە زۆرەملێی پۆشینی حیجاب: حیجاب وەک سیمبولی دەسەڵات و هەژمونی دڕەندەترین سیستمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا.
ئەوەی لە کوشتنی ژینادا جیاوازە دەیکاتە کوشتنێکی دانسقە و جیایدەکاتەوە لە کۆست و ئازاری مەرگە ساتەکانی تر هەر بەتەنها ئەوە نییە کچێکی گەنجە زۆر وەحشیگەرییانە بە دەستی پۆلیسی ئاداب و ڕەوشتی ئەو سیستمە داپڵۆسێنەرە زیندانی کرا و دوا جار شەهید بوو، بەڵکو ژینا خۆی دەبێتەوە بە ئایدیاڵێکی ئەخلاقی بۆ میللەتێک کە هیچ بژاردەیەکی لە بەردەمدا نەهێشتەوە جگە لە ڕاپەڕین و هەڵگیرساندنی شۆڕش نەبێت بۆ شادبوونەوە بەم ئایدیاڵە ئەخلاقییە (ژینا-ژن-ئازادی) وەلێ ئەم جارە لە بەرگی ئازادیدا، ئازادی مرۆڤەکان وەک ساناترین سیمای ئەخلاق خۆی.
گەر لە دوورەوە سەیری باهۆزی توڕەبوون و ڕاپەڕینی ئێران بکەین دەتوانین ئەم سێ خاڵەی خوارەوەی تیادا بەدیبکەین کە هەرسێکیان مژدەی هەڵگیرساندنی شۆڕشە بە ڕووی ئەو سیستمە پۆخڵە ئیسلامیەی ئێران کە بۆ ماوەی زیاتر لە چل و چوار ساڵە ژیانی لە ناو ئەو ووڵاتەدا گەیاندۆتە بنبەست و هیچ هیوایەکی بۆ ژیان تیایدا نەهێشتۆتەوە.
یەکەم : کۆتایھێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری زۆربە سادەیی مانای خستنەبری و جێگرتنەوەی جۆرێک لە مرۆڤ لە بری جۆرەکەی تر.ئەم جێگرتنەوە و لە بری دانانەیش دەبێت زۆر بێمەرج و گشتگیر و بێ ئەزیەت و چەن و چوون بڕوات بەڕیوە. ئەم هاوشوناسبوونە لە گەڵ ژینا وەک سیمبولێکی بێگەرد وبێخەوش بۆ ژن و ئازادی ژن لە بەرگە کوردییەکەیەوە کردییە جەستەیەکی کوژراوی یونیڤێرساڵ .
دووەم: کۆتایھێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری واتە لە دایکبوونی مرۆڤی نوێ و مرۆڤی جیاواز لەوەی کە پێشووتر هەبووە. بەو مانایەی ئەوەی کە پەراوێزە و کۆیلەیە یان ئەوەی بە مرۆڤی پلە دوو دادەنرێت دەبێتەوە بە مرۆڤی یەکەم. دواھەمینتان دەبێتەوە بە یەکەمینتان بە مانا مەسیحییەکەی، بۆ میللەتی کورد هەڵوەستەکردن لە سەر ئەم خاڵە و خودئاگایی لێێ زۆر گرنگە. چونکە ئەوەی کە لەئێستادا یەکەمینە و بۆتەوە بە ئادیاڵێکی ئەخلاقی کچێکی کوردە، دەیبینین بە کوژراویش و بە سەرخاچەکەیەوە لە یەکەمینەکانە. ئیشکردن لە سەر ئەم خاڵە و هێشتنەوەی ژینا وەک ئایدیاڵێکی ئەخلاقی لە سەر ئاستی ئێران و جیهانیش گەرانتییە بۆ برەودان بە ئاگری ئەو ڕاپەڕینە و سووتاندن و لە ناوبردنی ئەو سیستمە لە ڕەگوڕیشەوە.
سێھەم: کۆتاھێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری واتە بە یەکگەشتنی و یەکێتی نێوان ھەردوو لە جیهانەکان ، جیهانی کەسی کۆیلە و کەسی سەردەستە، ئەمیش بە بڕیاڕ ویستێکی ڕادیکاڵانە بۆ نەھێشینی جیاوازییەکان دێتە ئاراوە، واتە بە یەکێتی و یەکا نگیری لە نێوان میللەتەکان و ڕەگەزەکان، بوونی هەمان ئایدیاڵی ئەخلاقی، کە لێرەدا ئازادی ژنە. چونکە سەرھەڵدانی میللەتێکی نوێ و تێشکاندنی ھەژمون و دەسەڵاتی داگیرکاری لە سەرەتاوە بە دوو ھۆکار ڕوودەدات: یەکەم: بەرخودان و تێکۆشانی توندوتیژ و بەزەبری خەڵک بۆ بەرگریکردن لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان. دووەم: لە ڕێێ ئەو ئاکت و ڕروداوانەی کە لە دەرەوەی خەڵکە داگیرکراو و چەوسێنراوەکە ڕوودەدەن. ئەوەی کە گرنگە بۆ ئێمە لەم ساتە وەختەدا ئەوەیە کە کورد بە تەنیا نیە لە بەگژداچوونەوەی ستەمکاری و داگیرکاری سیستمەکە. بەڵکو گڕی نارەزایی و باهۆزی تووڕەبوون لە سیستمەکە بەربۆتە گیان وڕۆحی فارسەکانیش.
بۆ ئەوەی ئەم سێ گریمانەیە لە یەک کاتدا و بە یەک ئاڕاستە کاربکەن بۆ بەگژداچوونەوەی ستەمکاری و داگیرکاری ئەوا پێویستە ئایدیاڵێکی ئەخلاقی کۆیانبکاتەوە: ئادیاڵیک کە جیاوازی لە نێیوان مرۆڤەکاندا نەهێلێت و بیانکاتە یەک و لە دەوری یەک خەمی هاوبەش کۆیانکاتەوە. بەڕای فڕانز فانون بە گژداچوونەوەی ستەمکاری و بە مانای داماڵینی ستەمکاری و داگیرکاری (دیكۆلۆنیالزم) پێویستی بە پرەنسیپی ئەخلاقی گشتگیر و یونیڤێرساڵی وەک پرەنسیپی ئازادییەوە ھەیە کە مرۆڤەکان کۆدەکاتەوە و دەیانکاتە خاوەنی یەک خەم و یەک ئازار. بوونی ئایدیاڵێکی ئەخلاقی (ژینا وەک سیمبول بۆ ئازادی ژن) مرۆڤەکان لە یەک نزیکدەکاتەوە و بە دەسەڵاتی خۆیانیان شاد دەکاتەو، میللەتێکی جیاواز یان ووردتر بڵێین میللەتێکی نوێ لە دایکدەبێت کە لە سەر بنەمای یەکسانخوازی و ھاومافی لە بری ئەوەی کە لە سەرەتاوە هەبووە کە کاری لە سەر جیاکردنەوەی مرۆڤەکان کردوە لە سەر بنەمای ڕەگەز،نەتەوە، ڕەنگی پێشت و ئایین دووکەرتیکردوون لە یەک جودای کردونەتەوە.
وەلێ ئەم درککردن و دانپێدانانە بە بوونی ئادیاڵێکی ئەخلاقی کە لێرەدا ئازادی ژنانی ئێرانە بە بێ دامالینی و کۆتایھێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری خودی ئەو سیستمە نایەتە بوون کە کورد تیادا دەچەوسێنرێتەوە وەک مرۆڤی پەراوێز و پلە دوو مامەڵە دەکرێت. واتە مەرجی پیشوەختی ئازادی ژن لە ئێراند، ئازادی ژنی کوردە، چونکە ژنی کورد لە ڕۆژھەڵاتدا سێ جار چەوساوەیە جارێک لە ژێرسایەی حوکمی حیجاب وەک ژن، دووەم لە ژیر سایەی هەمان سیستم وەک کورد و مرۆڤی پلە دوو، سێهەم لە ژیر سایەی وحوکمی پیاوسالاری لە سەر ئاستە خێزانی و لۆکاڵیەکەدا. بوونی ئەم مرۆڤە پەراوێزە بۆ یەکەم و ھەڵگەڕانەوەی ئەم ھاوکێشەیە واتە گۆڕینی ئەوەی کە لە کۆتاییدایە هاتنی بۆ پلەی یەکەم، گۆڕینی توندوتیژی بۆ ئاکار و ئایدیاڵی ئەخلاقی خۆی دەبێتەوە بە شۆڕش لە پێناو بوون و ئازادیبوون. بە ڕای فانون ئەم شوێن گۆڕکێ و لە بریدانانە لە پرۆسەی داماڵینی کۆلۆنیالیزم جێگرتنەوەی جۆرێک لە مرۆڤە لە بری جۆرەکەی تر، واتە بۆ ئەوەی مرۆڤی پەراوێز ببێتەوە بە مرۆڤی یەکەم.،، ئەوا مرۆڤی پەراوێز دەبێت خۆیان بخەنە شوێنی مرۆڤە یەکەم. ئا لەم شوێن گۆڕکێیدا دەتوانیت ئەو نەزمە ئەخلاقییە سەپێنراوە جارێکی تر ڕێکبخەیتەوە شتێکی نوێ بھێنیتە ئاراوە جیاواز لەوەی پێشوو، وەلێ ئەم جێگۆڕکێ ولە بریدانانە پێویستە بە شێوەیەکی ڕەھا و بێمەرج و خۆوەکیانە ڕووبدات.
واتە ئەوەی کە مرڤەکان ڕێکدەخات و لە یەکیان نزیکدەکاتەوە دروستبوونی پەیوەندییەکی نوێێە کە خودی پەیوەندیەکە سروشتێکی ئەخلاقی ھەیە لەم پەیوەندییشدا ھەموو مرۆڤەکان وەک یەک دەناسرێنەوە و دانیان پیادادەنرێت .ئا لەم خاڵەدا و لە ناو ئەم پەیوەندیەدا سوبێکتی کۆیلە/ کۆلۆنیالیزەکراو دەتوانێت ببێتە سوبێکتی ئەخلاقی نەک ھەر ئەوەیش دەبێتە ئایدیاڵی ئەخلاقی و پلە یەک .
خودی ئەمـ ھەڵگەڕانەوە ولەبریدانانە دەبێتە ھەوێنی لە دایکبوونی مرۆڤی نوێ…مرۆڤێک کەنەک دەتوانێت لەو سیستمە کۆن وداڕزاوە داپڵۆسێنەردا بمێنێتەوە بەڵکو بە جێدەھڵێت و تێدەپەڕێنێت بە شێوەیەک کە درکردن و دانپادانان بۆ دەسەڵات و ھێزی خۆی وەک مرۆڤێکی نوێ و ئازاد وەک مرۆڤێک کە سەرچاوەی پەیوەندی نوێ و مرڤی نوێیە. مرۆڤی نوێ بە زمانێکی نوێ و دونیابینینێکی نوێەوە، وەلێ ئەم لە دایکبوونە و ھاتنە دنیاوەوە پەیوەندی بە ھیچ ھێزێکی بانسروشتی و بانزەمینی نییە بەڵکو خودی ئەم ئازادبوونە دەوستێتە سەر ئەو «شتەی» کە لە سەرەتاوە لێیزەوتکراوە کە(ئازادی)ە، ئەمەیش خۆی دەبێتەوە بە کرۆک و جەوهەری مرۆڤە نوێێەکە.