بە سووركردنی قەڵای هەولێر بە ئاڵای توركیا

سەیران بەرزنجی – نووسەر و مامۆستای زانکۆ

لە ڕێوڕەسمی خۆ ئامادەكردن بۆ پێشوازی كردن لە سەرۆكی كۆماری توركیا لە هەرێمی كوردستانی سەر بە دەوڵەتی عێراق، لە كاتێکدا كە بە فەرمی بۆ سەردانی حكومەتی عێراق هاتووە بۆ چەندەها ڕێكەوتنی سەربازی و ئاسایش و ئابوری و بە تایبەتی بۆ پاراستنی سنورەكانی و پرسی پەكەكە، چەختكردنەوە لە مامەڵە و ناساندنی وەك گروپێكی تیرۆرستی لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا، دەستپێكردنی هێرشە سەربازیەكانی بە هاوكاری عێراق و هەرێم.

 

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە كە حكومەتی عێراق بە شێوازی هەرێمی كوردستان ئەوەندە خۆیان سەغلەت  نەكردوە، ئەوەندە بە حەماس و شاگەشگە نەبوون؟ كە هەموو قەڵای هەولێر بە ئاڵای ووڵاتەكەی سوور بكرێت؟ بەبێ گوێدان بە هەستی كوردبوون و  ئەو هەموو تاوانانەی ئەم  سەرۆكە دیكتاتۆر و شكتخواردوە، دوژمن بە كوردە لە هەرشووێنێكی دنیادا بێت، بە تایبەتی بەرامبەر بە كوردانی  باكوورو باشوور وڕۆژئاوا كردوویەتی؟  ئایا  ئەم جۆرە پێشوازی كردنە خۆ پچوكردنەوە و خۆبەكەمزانینی دەسەڵاتی كوردی نییە؟ نایسەلمێنێت كە هەرێم لەژێر ڕكێفی توركیادایە، پێمان دەڵێت كە بە درێژایی مێژوو نەهامەتی سیاسیەكانی كوردە چەندە بەخشندە و بەئاسانی لە بیركەری ڕابردوون بەرامبەر بە دوژمنەكانیان، وە چەندە ڕق ئەستوری لە بیر نەكراون بەرامبەر بە یەكتری؟

 

پڕۆتۆكۆل و پێشوازی كردن لە سەرۆكی ووڵاتەكانی جیهاندا ڕێوڕەسمی تایبەتی خۆی هەیە وە لەسەر بنەمای (مبدأ المعاملة بالمثل) واتە مامەڵەی هاوشێوە بەڕێوە دەچێت، واتە چۆن ڕێز و شكۆی ووڵاتەكەت دەپارێزرێت مامەڵەی دروستت لەگەڵدا دەكات، دەبێت جیاوازی گەورە بكرێت لەگەڵ ووڵاتانی دوژمن و داگیركەر و ووڵاتانی دۆست و ئاشتیخواز لە ئەتەكیەتی مامەڵە و پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسیەكاندا؟

 

بەڵام لە بارودۆخی ووڵاتی توركیا و دەسەڵاتی ئەردۆغاندا، هەڵوێستیان  بە تایبەتی بە رامبەر بە هەرێمی كوردستان هەر لە پێشێلكاری سەروەری عێراق لە هێڕشی هەفتانە یان ڕۆژانەی بە درۆن و تیرۆری جەستەیی و كاولكاری  ژینگەیی و تا دەگاتە سزادانی هەرێم و جیاكاری لە نێوان شارەكاندا و داخستنی هێڵەكانی بۆ فرۆكەخانەی سلێمانی و تەقینەوە و تیرۆر كردنی هاووڵاتیان بە بیانووی پەیوەندیان بەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان وە تەنانەت سوكایەتی كردن و بەكارهێنانی ووشەی نەشیاو بە سەرۆكی هەرێم لە كاتی ڕیفڕاندۆم، ئەمانە و دەیان و سەدان هەڵووێست و مامەڵەی خراپ بەرامبەر بە هەرێم دەبوایە ڕەچاوبكرایە بە قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بكرایە، هەرچەندە ئەم سەردانی كردنە بەدیوێكی تردا خوێندنەوەی بۆ بكرێت كە دەكرێت بەشێك بێت لە نەخۆشی و شكستە دەرونیەی خودی ئەردۆغان بۆ شاردنەوەی دۆڕاندنی خۆی و حیزبەكەی لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی ووڵاتەكەی و گەڕانەوەی بەشێك لە هەیبەت و متمانەی دۆڕاو و لێسەندراوەی لەلایەن دەنگدەرانی كوردو توركەوە كە بەهێزترین وەڵام و گەورەترین تۆڵەیان لێکردەوە بەرامبەر بە نەهامەتی ژیانی ڕۆژانە و داڕمانی ئابوری ووڵاتەكەیان .