شەهید ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆشنکەرەوەی ڕێی تێکۆشانی ژنی ئازا د و ژنۆلۆژی بوو
ناوی ناگیهان ئاکارسەل بووەتە سیمبولێک بۆ خۆڕاگری و فیداکاریی لە پێناوی مافی ژنان و ئازادییدا، سەرەڕای شەهیدکردنی کارەکانی ڕانەوەستا و هاوڕێ و ژنانی خەباتگێڕ بە خەباتیان درێژە بە ڕەنجی ناگیهان و ژنۆلۆژی دەدەن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ئەمرۆ ٤ ی تشرینی یەکەمە، ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە“ هەڤاڵ زیلان” بەبیر دەهێنینەوە کە تا دوا هەناسەی کاری بۆ ژنان کرد، بە ئەقڵ و هەستی خۆیەوە لەوە تێگەیشت کە ژنۆلۆژی لەگەڵ کۆمەڵگە گەشە دەکات. لە وتنەوەی هەر وانەیەک لە فاکڵتی ژنۆلۆژی لە عەفرین و جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان. لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژی لە شنگال کاری بۆ ڕۆشنگەری ژن کرد. بەو چیرۆکانەی کە دایکانڤو ژنانی گەنج دەیانگێڕایەوە، هەنگاوێکی تری بەرەو حەقیقەت دەنا. کاتێک شەڕڤانانی ئازادی لە ڕۆژئاوا پەروەردە دەکرد لەسەر ژنۆلۆژی، بە نیگایەکی زەردەخەنەوە، هیوا و واتای پێناسە دەکرد و دەبەخشی. بەم شێوەیە بووە دڵۆپێک لە خرۆشانی شۆڕش.
لە ژنۆلۆژیین و دەربارەی کارەکانی بۆ بەمێژوو کردن و نووسینەوەی ڕەنج و خەباتی ژنان و خەونی بۆ پەرتوکخانەی ژنی کورد دەپرسین بێگەرد ئازاد، ڕۆژنامەنووس، باس لە بەرکەوتنی لەگەڵ شەهید ناگیهان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لە باشووری کوردستاندا، کە یەکێک بووە لەو ژنە گەنجانەی لە ڕێگەی وانەی ژنۆلۆژییەوە پەروەردەی شەهید زیلانی بینیووە، ئاماژەی بە چەندین بابەتی گرنگدا:-
" لەسەرجەم کارەکانمدا پەروەردەی شەهید ناگیهان دەتوانێت ببێتە ڕۆشنکەرەوەی کارەکانم"
بێگەرد ئازاد، ڕۆژنامەنووس باسی لەوەکرد، ناگیهان ئاکارسەل، ناسراو بە شەهید زیلان، کە لەلایەن دەستی خیانەتەوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا شەهید کرا، بەڵام وتنەوەی پەروەردەکانی لەسەر زانستی ژنۆلۆژی کاریگەری لەسەر ژنانی گەنج دروستکردووە وتی: لە سالی ٢٠٢٠دا، وەک خویندکارێکی شەهید زیلان لە پەروەردەیەکی وتنەوەی وانەی ژنۆلۆژیی، لەگەڵ پۆلێک لە ژنانی گەنج شانسی بینین و گفتوگۆکردنمان لەگەڵیدا هەبوو، هەر بەرکەوتەیەک لەگەڵ شەهید زیلان بۆخۆی پەروەردەکردنێک بوو، بەرکەوتنەکانی دەری دەخست ژنێکی پڕ لە زانست و زانیاریی بوو، هەر چالاکی و پەروەردەیەک بۆخۆی بینینی کۆمەڵێک زانست و زانیاری بوو، هەبوونی شەهید زیلان وەک قوتابخانەیەک بۆ ژنانی باشووری کوردستان دەبیندرا، بۆ من شانازییەکی مەزنە لە پەروەردەیەک پڕاوپڕ لە جوانی و هەبوونی زانستی ژنۆلۆژی وەک خوێندکارێک خۆم پەروەردەی ئەو ڕاستی و زانستە بکەم، هەبوونی پەروەردەیەک لەو شێوەیە بۆمن شانازی و دەستکەوتێکی گرنگە، کە هەردەم لە زهنیەتما دەمێنێتەوە، لەسەرجەم کارەکانمدا پەروەردەی شەهید ناگیهان دەتوانێت ببێتە ڕۆشنکەرەوەی کارەکانم، وەک ڕۆژنامەنوسێکی ئازاد زانستی ژنۆلۆژیی و پەروەردەی شەهید زیلان لە کارەکانمدا ڕەنگی داوەتەوە.
" شەهید زیلان لە باشووری کوردستاندا ڕۆڵێکی گرنگی لە گەیاندنی زانستی ژنۆلۆژی بۆ ژنان هەبووە"
بێگەرد ئازاد، لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: شەهید زیلان لە باشووری کوردستاندا ڕۆڵێکی گرنگی لە گەیاندنی زانستی ژنۆلۆژی بۆ ژنان هەبووە، کردنەوەی پەڕتوکخانەیەک بۆ ژنانی کورد خەونی سەرەکی ئەوبوو، کاتی بەرکەوتنەکانمان و گفتوگۆکردن لەگەڵیدا هەردەم باسی کردنەوەی پەڕتوکخانەیەک بۆ ژن دەکردەوە، ڕاستە شەهید ناگیهان شەهید کرا، خەونەکەی خۆی بە چاوەکانی خۆی نەبینی، بەڵام ژنان لە باشووری کوردستاندا درێژەدەری ڕێ و ڕێبازی شەهید بوون، لە ڕێگەی کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەڕتوک خانەی ژنی کورد، درێژەدەری ئەو خەونەی ناگیهان ئاکارسەل بوون، تێکۆشانی زانستی ژنۆلۆژی لە تەواوی جیهاندا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام شەهید زیلان ئامانجی دەنگدانەوەی ژنۆلۆژی لە باشووری کوردستاندا بوو، شەهید زیلان مێژووی سەدان ژنی کوردی نوسیەوە و پاراستی بە ژنانی کورد، تا بتوانن لە ڕێگەی ئەرشیفکردنەوە پارێزگاری لێبکەن، هەروەها لە دوای دروستکردنی ئەم پەڕتوکخانەیە کاتێک ژنان ڕودەکەنە ئێرە تا زانیاریان دەستبکەوێت، ئەوە دەستکەوتی کارکردنی شەهید ناگیهان ئاکارسەلە کە توانیویەتی ژنان هەم خاوەن پەرتوکخانەیەکبن، بشتوانن لەسەر زانستێک خۆیان پەروەردە بکەن، هەروەها ئێمەی ژنی رۆژنامەنوس دەبێت لە ڕێگەی کاری ڕۆژنامەگەرییەوە، درێژەدەری خەباتی شەهید ناگیهان و زانستی ژنۆلۆژیبین.